Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 1 JUN 2025 15:53 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پەیامی سەرۆك بارزانی لە کۆنگرەی یەکگرتن
| KDP.info


دکتۆر سامان سۆرانی

لە کۆنگرەی یەکگرتنی هەردوو ڕێکخراوی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، کە لە ڕۆژی پێنجشەممە،  ١٥ی ٥ی ٢٠٢٥ لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆك بارزانی پەیامێکی ئاراستەی ٢٦٠ ئەندامی کۆنگرە و سەرجەم جەماوەری کوردستان کرد. 

لە پەیامەکەیدا وێڕای ستایشکردنی ڕۆڵی ئەو دوو ڕێکخراوە لە هەردوو شۆڕشی پیرۆزی ئەیلول و گوڵان و لە شەڕی داعش، هیوای خواست لە ئەرکی خۆیان وەکوو "سەری ڕم و شوورەی پۆڵایین" بەردەوام بن و کاری زیاتر بکەن لەسەر بیر و باوەڕی پیرۆزی ڕێبازی بارزانی و بڕوا بە خۆبوون، بە مەبەستی چاندنی ئومێد و هیوا و بەهێزکردنی فەلسەفەی ئینتما بۆ نیشتمان.

سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاو و دیاری گەلی کوردستان کرد، لە  ئامادەکارییەکان بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی دیکتاتۆری لە بەغدا و فۆکسی خستنە سەر ئەو یەکگرتنە ئارەزوومەندانەیەی گەلی کوردستان لەگەڵ عێراقی نوێ بە مەبەستی بونیادنیانی دەوڵەتێکی فیدڕاڵ، کە باوەڕی بە فرەیی هەبێت و تیایدا لۆژیکی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان پەیڕەو بکرێت. 

پەیوەست بە ناوخۆی هەرێم کوردستان سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر ئەو پرنسیپ و درووشمانە کرد، کە هەرێم بەرەو یەکبوونی زیاتر دەبات، وەکوو (یەك هەرێم، یەك پەرلەمان، یەك حکوومەت، یەك هێزی پێشمەرگە).

نەتەوەسازی و نیشتمانسازی پرۆسەیەکی مێژوویی و کۆمەڵایەتی درێژخایانە و گومان لەوەشدا نییە گەنجان ڕۆڵێکی ئیجابییان هەیە لە بنیاتنانی کۆمەڵگا و گەشەپێدان و پێشخستنی شارستانیەتدا، چونکە وزەی لەبن نەهاتووی گەنجان ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕێت لە پرۆسەی پێشکەوتنی کۆمەڵگا. بە چالاککردنی دینامیکییەتی ئەم وزە درەوشاوە و بە بیرۆکەی داهێنەرانە دەتوانرێت هەرێمی کوردستان و ناوچەکە بەرەو ئاشتی و سەقامگیری ببرێت، هەروها بە گرینگیدان بە سیاسەتی هاوکاری و هەماهەنگی دەکرێ ئاشتی ببێت بە ڕواڵەت. 

سەرۆك بارزانی لە پەیامەکەیدا جەختی لەسەر مافەکانی هەرێمی کوردستان لەبەغدا لەچوارچێوەی داواکارییە بەردەوامەکانی بۆ دادپەروەری و یەکسانی لەمامەڵەکردنی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕال کرد، بەتایبەتی لەڕووی بودجە و دابەشکردنی سەروەت و سامان و دەسەڵاتی هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی کاروبارەکانی. 

نادادپەروەری سیاسی و پەراوێزخستن، سەرکوتکردن، پێشێلکردنی مافی نەتەوەیی کورد و جینۆساید و ئەنفال و کیمیاباران و ڕاگواستنی بە زۆر و خاپوورکردنی گوند و وێرانکردنی لادێ و خوێنڕێژی و جیاکاری  نەژادی، هەموو ئەمانە پاڵنەری سەرەکی بوون، کورد چی تر ژێردەستی قبوڵ نەکات و دواجار لە باشووری کوردستان بە شێوەیەکی سەرانسەری ڕاپەڕێت، بۆیە سەرۆك بارزانی جەختی کردەوە، کە "لەمەودوا قبووڵی ناکەین هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، مامەڵە لەگەڵ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە ئیهانەیە بە خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی کوردستان و مێژووی پڕسەروەری میللەتی کورد". 

بە دڵنیاییەوە لاوان و قوتابیان نهێنی هێزی گەلان و سەرکەوتن و قەڵای نەبەزێنراو و قەڵغانی پاراستنی خاك و نیشتمانن، ئەوان دەتوانن کوردستان بەرەو پێش ببەن و بۆ بەرگری لێکردنی خەونی داگیرکەران تێک بشکێنن و هەر ئەوانیش دەتوانن ئایندە دروست بکەن، زیادبوونی ڕێژەی ئافرەت لە ناو  ڕێکخراوی لاوان و قوتابیان و لە ناو خودی پارتی دیموکراتی کوردستان دەبێتە مایەی پێشکەوتنی زیاتری کۆمەڵگەیەکی کوردستانی هۆشیار. 

قوتابیان و لاوان هێزی کاری پێویستن بۆ هاندانی ژیانەوەی گەل و بەهێزکردنی ئابوورییەکەی، بۆیە سەرۆك بارزانی بە پێویستی دەزانێ پشتگیری لە پێشخستنی هەوڵ و تواناکانی قوتابییان و لاوانی کوردستان بکرێ، تا ئەوانیش وەکوو هەمیشە پشتیوانیی پرس و دەسکەوتە نیشتمانییەکان و قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان بن.

لە کۆتاییدا، ئەگەر لاوان و قوتابییان بەشداری لە دروستکردنی ژیاندا نەکەن، کەسانی تر هەن کە زۆریان لێدەکەن بۆ ئەو ژیانەی، کە دروستی دەکەن.

 

 




دوایین هەواڵەکان

"کارەبای ٢٤ کاتژمێری دەگاتە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران"

SUNDAY, 01 JUNE 2025 15:06:43

سۆران -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی کارەبای ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی "ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی پڕۆژەی کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سەنتەری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران جێبەجێ بکرێت، بەو پڕۆژەیە، تەنیا لە سەنتەری سۆران زیاتر لە ١٠٠ موەلیدە ھەڵدەگیرێن."

 
پشتیوان سادق: ئەوەی ئێستا ستەمێکە دەسەڵاتدارانی بەغدا لە خەڵکی کوردستانی دەکەن

SUNDAY, 01 JUNE 2025 13:06:59

ھەولێر-KDP.info- وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەڵێت، بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ نەناردنی مووچە ''سیاسییە، ئاماژە بەوەش دەکات، ''دەسەڵات لە بەغدا لە جێبەجێکردنی دەستوور و پێدانی مافەکانی خەڵکی کوردستان پاشگەزبووەتەوە.''

 
دەستەی وەبەرھێنان قەبارەی وەبەرھێنان لە ھەرێم بۆ KDP ئاشكرا دەكات

SUNDAY, 01 JUNE 2025 13:06:27

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان دەڵێ، بەھۆی ئاسانکاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ئێستادا سەرمایەی وەبەرھێنانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان زیاترە لە ١٠ ملیار دۆلار و لە ١٣ سێکتەری جیاجیا و بەردەوامیش کار دەکرێت بۆ ئەوەی سەرمایەی وەبەرھێنانی بیانی زیاتر بکرێت.

 
ئەمڕۆ ئێوارە سەرۆکی حکوومەت لە دهۆك دەبێت

SUNDAY, 01 JUNE 2025 11:06:07

دهۆک-KDP.info- بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، ئاهەنگی دەرچووانی زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە دهۆک بەڕێوە دەچێت و بڕوانامەی دەرچوون بە 93 قوتابی دەدرێت. 

 
هۆشیار زێباری: نەناردنی مووچە لەم کاتەدا لێکەوتەی دەبێت

SUNDAY, 01 JUNE 2025 11:06:01

هه‌ولێر-KDP.info- هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند، بڕیاری نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان تەواو سیاسی و بەرنامە بۆ درێژراوە و لێکەوتەی دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact