ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی.
بەناوی خودای بەخشندە و میھرەبان
بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی یەکگرتنەوە و ھەڵبژاردنتان وەک سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەتی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی ئێوە و سەرجەم قوتابی و لاوانی خۆشەویستی کوردستان دەکەم و ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم.
ھیوادارم یەکگرتنەوەی قوتابیان و لاوان و دەرئەنجامەکانی کۆنگرەکەتان ببێتە ھۆی بەھێزتربوونی شێوازی کار و ڕێکخستنی قوتابیان و لاوان و خزمەتی زیاتری دۆزی قوتابیان و لاوانی ئازیزی کوردستانی لێ بکەوێتەوە.
لەو بۆنەیەدا پشتیوانیی خۆم بۆ داواکاری و بەرنامە و ئامانجەکانتان دووپات دەکەمەوە و ئەو چاوەڕوانییە لە ئێوەی خۆشەویست ھەیە لەژێر ڕۆشنایی ھزر و بیری نیشتیمانپەروەرانە و بەپێی بەرنامە و پلانی ڕێکوپێک قوتابی و لاوی پێگەییشتوو و زیرەک و خاوەن ئیرادە و داھێنەر بۆ وڵاتەکەمان پێ بگەیێنن و ھەردەم لە خزمەتی دۆزی ڕەوای گەلی کوردستاندا بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەکەم و ھەر لە سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامدا بن.
مسعود بارزانی
١٦ی ئایاری ٢٠٢٥