مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ ڕایدەگەیەنێت، لە پێناو ئاسانکاری و ھاوکاری بۆ دەنگدەران لە پارێزگای مووسڵ ١٠٣ بنکەی تازەی دەنگدان دەکرێتەوە.
سەیدۆ چەتۆ، بەرپرسی بەشی ھەڵبژاردن لە مەکتەبی رێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئێمە دەستمان بە ئامادەکاری بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کردووە و ئێستا پرۆسەی تۆمارکردنی ناوی دەنگدەران بەردەوامە بە ھەموو شێوەیەک، کە ئێمە وەکو حیزب لە رێگەی رێکخراو و لیژنەی ناوچەکانمان بەردەوام خەڵک ھان دەدەین بۆ ئەوەی بچن خۆیان تۆمار بکەن، لەبەر ئەوەی ئەوە مافی خەڵکە و پێویستە رێگە نەدەن مافیان بفەوتێت، بۆیە بەردەوام کاری لەسەر دەکەین و تاوەکو ئێستاش رێژەیەکی زۆر باش خەڵک خۆی تۆمار دەکات و ئەم ھەڵبژاردنەش بەراورد بە ھەڵبژاردنی ڕابردوو، باشترە بەھۆی ئەوەی خەڵک ساڵ بەساڵ زیاتر ھۆشیارتر دەبن.
چەتۆ گوتیشی، وەکو ئاسانکاری بۆ دەنگدەران و ئەوانەی لە بنکەکانی دەنگدان دوورن، لە پارێزگای مووسڵ ١٠٣ بنکەی تازەی دەنگدان کراونەتەوە، ئەمەش لەسەر داواکاریی خەڵکە و ئاسانکارییەکی باش بۆ دەنگدەران دەکات، بۆئەوەی بتوانن بە ئاسانی دەنگی خۆیان بدەن و کێشەی پەنجەمۆری دەنگدەرانیش ئەوانەی پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە، چارە کراوە ئەویش لە رێگەی دانانی کامێرە لەگەڵ ئامێرەکان و ئەوەی پەنجەمۆریشی نەخوێندرێتەوە دەتوانن دەنگی خۆیان لە رێگەی کامێراوە بدەن.
دەشڵێت، ئاوارەکانی شنگالیش وەکو ھەڵبژاردنی ڕابردوو دەتوانن لە کەمپەکان و لە شێونی خۆیان دەنگ بدەن و ناچن بۆ شنگال بۆ ئەوە ی دەنگی خۆیان بدەن، ئەمەش لە پێناو ئاسانکاریکردنە بۆ ئاوارەکان بۆ ئەوەی لە مافی دەنگدان بێبەش نەبن.
بڵند ئیبراھیم