ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی دەکاتەوە، لە پرسی مووچە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە و داواش لە حکوومەتی فیدراڵی دەکات، پرسی مووچە نەکاتە قەزییەیەکی سیاسی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، ١١-٠٥-٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کارەبای ٢٤ کاتژمێریی پرۆژەی ڕووناکی، لە گەڕەکی بەڕۆشکێی شاری دھۆکی بەسەر کردەوە. لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، سەرۆکوەزیران لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی پڕۆژەکە و مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستانی کرد.
لەبارەی مووچەی مانگی نیسان (چوار)، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، "ھەوڵەکانمان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی مافەکانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەردەوامن. سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی فەرمانبەر و خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەکەم کە تا ئێستا زۆر پشوودرێژ بوونە، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن، حکوومەتی فیدراڵییە تا ئێستا مووچەی نەناردووە."
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی جەختیشی کردەوە، "لە پرسی مووچەی فەرمانبەران حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەموو ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ کردووە، ھیوادارین حکوومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوە و ئەوانیش ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن و چیدیکە بابەتی مووچە نەکەنە قەزییەیەکی سیاسی و وەک فشار لە دژی ھەرێمی کوردستان بەکار نەھێنن. ھیوادارین بە زووترین کات (خەرج بکرێت) و ئێمەش چاوەڕێ دەکەین."