ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٤ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە نیکۆلۆ فۆنتانا، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق کرد.
لە دیدارێکدا پەیوەندییەکانی ئیتاڵیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و برەودان بە ھاوکاریی ھاوبەش لە بوارەکانی ئابووری، کولتوور، پەروەردە و پاراستنی کەلەپووردا، تاوتوێ کران و جەختیان لە بەردەوامیی ھەماھەنگی لە بوارە جیاجیاکاندا کردەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ستایش و پێزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ ڕۆڵی ئەرێنیی ئیتاڵیا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش و پشتگیریی بەردەوامی بۆ پێشمەرگە و پرۆگرامەکانی گەشەپێدان دەربڕی، ھەروەھا جەختی لەسەر گرنگیی بەھێزکردنی ھاوکاری و ھاوبەشی لەگەڵ ئیتاڵیا لە کەرتە جیاوازەکاندا کردەوە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی ئیتاڵیا ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت، ھەروەھا ستایشی سەقامگیری و پێشکەوتنی لە ھەرێمی کوردستان کرد و خواستی ئیتاڵیای بۆ فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارەکاندا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
دۆخی ناوچەکە و دوایین پێشھاتەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوو.