ھەولێر-KDP.info- شەوی ڕابردوو ٢٠٢٥/٤/٢٣ لە ھەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە جەنەڕاڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی ھێزەکانی سووریای دیموکرات کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا دوایین پێشھاتەکانی دۆخی سووریا و پەیوەندییەکانی ھێزەکانی سووریای دیموکرات و لایەنە سیاسییە کوردییەکان لە سووریا لەگەڵ حکوومەتی سووریا تاوتوێ کران و دەربارەی مەترسییەکانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی ھەڕەشەکانی داعش، بیروڕایان گۆڕییەوە.
ھەردوولا جەختیان لە گرنگیی ھاوبەشی و بەشداریی کورد و تەواوی پێکھاتەکانی سووریا لە دەسەڵات و بەڕێوەبردنی وڵاتەکەدا و مسۆگەرکردنی مافەکانی ھەمووان کردەوە، ھەروەھا ھاوڕا بوون لەسەر کاری ھاوبەش و پێکەوەیی لەنێو پێکھاتەکانی سووریادا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و بەرەنگاربوونەوەی مەترسی و ئاڵنگارییەکان.
پێویستیی یەکڕیزی و تەبایی لەنێو ھێز و لایەنە کوردییەکانی سووریادا وەک گەرانتییەک بۆ بەدیھێنانی داوا و مافە ڕەواکانی کورد لەو وڵاتە، دۆخی کامپی ھۆڵ و ڕۆڵی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سووریا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
