ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ھەرێمی کوردستان چوار پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە بواری جێبەجێکردندان، کە بەردەوام کاریان تێدا دەکرێت و بە تەواوبوونیان سوودێکی زۆر بە خەڵکی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنن و ئاسانکارییەکی باش بۆ ھاتوچۆکردن دەکات.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵڵا، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، چوار پڕۆژەی گرنگی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان لە بواری جێبەجێکردندان، ئەوانیش ڕێگای ھەولێر بۆ کۆیە لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و بەردەوام کاری تێدا دەکرێت، هەروەها ڕێگای باعەدرێ بۆ دھۆک کاری زۆر باشی تێدا دەکرێت و یەکێکە لەو پڕۆژانەی ڕێژەی ئەنجامدانی بەپێی بەرنامە ٢٥% دەبێت، بەڵام بە کڕدار گەیشتووەتە ٣٨% و زۆر لەپێشەوەی ئەو پلانەیە کە بۆی دانراوە و بە تایبەتمەندییەکی زۆر بەرز کاری تێدا دەکرێت، جگە لەوانەش پڕۆژەی بەردەڕەش بۆ کەڵەک کاری تێدا دەکرێت و چاوەڕێی پەسەندکردنی کۆتایی دیزاینەکەین لە نێوان بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی دھۆک و کۆمپانیا تەواو بێت بۆ ئێمەی ڕەوانە دەکەن، بەڵام کارکردن لە پڕۆژەکە بەردەوامە و ڕێگای شێخان بۆ لالش ئەویش کارکردن تێیدا بەردەوامە و ڕێژەی ئەنجامدانی گەیشتووەتە ٤٠% و ئەمساڵ تەواو دەکرێت.
دکتۆر ئاگرین گوتیشی، ڕێگای باعەدرێ بۆ دھۆک لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٧ تەواو دەبێت و بیرۆکە ھەیە ئەو بەشانەی تەواو دەبن بکرێنەوە بەھۆی ئەوەی ھاتووچۆی زۆری لەسەر ھەیە و بە تەواوبوونی ١٥ خولەک ڕێگای ھەولێر بۆ دھۆک کەم دەبێتەوە.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت، بوودجەی ڕێگای باعەدرێ بۆ دھۆک ١٣٤ ملیار و ڕێگای لالش ٣٤ ملیار دینارە و ڕێگای بەردەڕەش بۆ کەڵەک نزیکەی ١٠٠ ملیار دینارە، هەروەها بوودجەی ڕێگای ھەولێر بۆ کۆیە ئەویش بوودجەکەی ٥٦٠ ملیار دینارە، بۆیە ئەم ڕێگایانە زۆر پێویستن بۆ ھەرێمی کوردستان و چوار پڕۆژەی زۆر گرنگن لە تۆڕی ڕێگاوبان لە ھەرێمی کوردستان، چونکە بەپێی پلانی دوورمەودا، ئێمە دەمانەوێت سەرجەم ڕێگاکانی ھەرێمی کوردستان بکرێنە دووساید، بۆیە بەردەوام پڕۆژەی ڕێگاوبان جێبەجێ دەکرێن و تا نزیکەی سێ ساڵی دیکە ئەو ڕێگانەش تەواو دەکرێن و دەکەونە خزمەت ھاووڵاتیان لە ھەرێمی کوردستان.
بڵند ئیبراھیم