ھەولێر -KDP.info- کاسبکارانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر کە لەساڵی ڕابردوو دوکانەکانیان سوتا، دڵخۆشن بەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بازاڕەکەی نوژەنکردەوە و قەرەبووی کردوونەتەوە، دەڵێن "سەرۆکی حکوومەت بەڵێنی خۆی بەجێگەیاند و ئێستا باشتر لە جاران دەستیان بە کار و کەسابەتی خۆیان کردۆتەوە."
دیدار یونس تەھا، خاوەن یەکێک لە دوکانە سوتاوەکانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر و پێشتریش نوێنەری دوکاندارەکان بوو، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "دوای سوتانی بازاڕی قەیسەری ھەولێر، کاسبکاران زۆر نیگەران بوون، بەڵام کەس نییە لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خەمخۆرتر بێت، دوای سوتانەکە سەرۆکی حکوومەت ڕاستەوخۆ ھاتە سەر خەت و بەڵێنی دا قەرەبوویان بکاتەوە و دوکانەکانیشیان نوژەن بکاتەوە کە ٢٢٧ دوکان بوو، بەڵێنی خۆی بەجێگەیاند و ئێستا لە جاران باشتر دەستمان بە کەسابەتی خۆمان کردۆتەوە و ھێندەی ئەو دنیایە دڵخۆشین و سپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، دوو برای کەمئەندامم هەنە ئەوانیش دوکانیان تەواو بووە، ھێندە دڵخۆشن ناتوانین وەسفی بکەین، بۆیە لە ماوەی ١١ مانگ بازاڕی قەیسەری نوژەنکرایەوە، ئێمەش ھەست دەکەین تازە لەدایک بووینە."
دیدار یونس تەھا گوتیشی "بڕیارە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆیشی بێت بازاڕەکە بەڕووی خەڵکدا بکاتەوە، دامناوە لە کاتی ھاتنی بەڕێزیان ئاژەڵ سەرببڕین لە کەیفخۆشی و ڕێزلێنان لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، چونکە سەرۆکی حکوومەت سەلماندی ھەمیشە لە خەمی خەڵکدایە و لەگەڵ خەڵکی خۆی دایە، بۆیە خەڵکی بازاڕی قەیسەری ھێندە دڵخۆشن ناتوانین باسی دڵخۆشیان بکەین، چونکە دوای ئەوەی بەشێوەیەکی زۆر باشتر لەپێش سوتان نوژەنکراوەتەوە، ئێستا نرخیان زۆر لە جاران بەرزتر بۆتەوە و دوکان بۆ کرێ ھەر دەست ناکەوێت."
لای خۆیشیەوە ھندرێن وەرتی، گوتەبێژی سەندیکای زێڕینگرانی ھەولێر لە بازاڕی قەیسەری، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بەڵێنەی بە کاسبکارانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێری دابوو لە کاتی خۆی جێبەجێی کرد، ئێستا خەڵک چووەتەوە سەر کەسابەتی خۆی و ھێندە دڵخۆشن بەردەوام سپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، بەڕێزیان لەسەر بەڵێنی خۆی بوو و ھاوکاریی لێقەوماوانی بازاڕی قەیسەریی ھەولێر بوو و خەڵکی قەرەبوو کردەوە و قەیسەرییان بە شێوەیەکی مۆدێرن نوژەنکردەوە، ئەمەش کاسبکارانی دڵخۆش کرد.
سەرۆکی حکوومەت ھەمیشە لەگەڵ خەڵک دایە و لەناو خەڵک دایە، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر بەڵێنێکی دابێت وەکو خۆی و لە کاتی خۆی جێبەجێی کردووە، ئەمەش بۆتە جێگەی دڵخۆشی کاسبکاران و سپاسی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەن، چونکە ئەمە بۆ خەڵک کارێکی زۆر گەورە بوو، لەبەر ئەوەی ئەوانەی زیانیان بەرکەوتبوو ھەمووی خەڵکی ھەژار و کاسبکار بوون."
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ساڵی ڕابردوو بازاڕی قەیسەریی ھەولێر لەلایەن دەستێکەوە سوتێندرا و زیان بەر ٢٢٧ دوکان کەوت، بەڵام سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەر زوو ھاتە سەر خەت و بەڵێنی دا قەرەبوویان بکاتەوە و دوکانەکانیشیان نوژەن بکاتەوە و بەڵێنەکەی خۆی بەجێ گەیاند، ئێستا کاسبکاران لە بازاڕی قەیسەری دوکانەکانیان تەواوکراوە و دەستیان بە کار و کەسابەتی خۆیان کردۆتەوە."
بڵند ئیبراھیم