ھەولێر-KDP.info- لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پێشوازی لە ستافی کارگێڕی یانەی وەرزشی دھۆک کرد.
ئەمڕۆ پێنج شەممە ڕێکەوتی ١٧ی نیسانی ٢٠٢٥، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام، فازڵ میرانی بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی پارتی پێشوازی لە ستافی کارگێڕی یانەی وەرزشی دھۆک کرد.
لە دیدارەکەدا، کە سیداد بارزانی و مەحموود محەممەد ئەندامانی دەستەی کارگێڕیی و زەعیم عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و د.عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک ئامادەبوون، فازڵ میرانی وێڕای بەخێرھێنانی شاندی میوان، ڕایگەیاند کە لەسەرەتا تا کۆتایی یاری نێوان یانەی دھۆک و یانەی قادسیەی کوێتی، ھەموومان لەگەڵتان بووین و ھاندەری سەرکەوتنی یانەی دھۆک بووین، ھەروەھا ئاماژەیدا کە سەرکەوتنی یانەی وەرزشی دھۆک سەرکەوتنی دھۆک و کوردستان و عێراقیش بوو، بۆیە بەناوی دەستەی کارگێڕی و مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە خۆمان و لە ئێوە و سەرجەم یاریزانان و ھاندەرانی یانەی دھۆک و خەڵکی کوردستان دەکەین بۆ ئەو سەرکەوتنە مێژووییە.
ھاوکات ڕۆڵی ھاندەرانی ھەردوو یانە و دام و دەزگاکانی ئاسایش و تەناھی بەرز نرخێنرا لە بەرجەستەکردنی ئارامی یارییەکە و مەڕاسیمی کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، نموونەیەکی جوانی شارستانی و گیانی وەرزشیان پێشکەشکرد.
دواتر سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی دھۆک و پارێزگاری دھۆک کرا لە ڕۆڵی کاریگەر و بەرچاویان لە ئیدارەدان و پێشخستن تا سەرخستنی یانە دھۆک و بەدەستھێنانی جامی کەنداو، ھیوای بەردەوامی و سەرکەوتنی زیاتریانی بۆ خواستن.
لە بەرامبەردا سەرۆکی یانەی دھۆک، سوپاسی بەڕێزان بەرپرس و ھەڤاڵانی دەستەی کارگێری مەکتەبی سیاسی پارتی کرد بۆ ئەو پێشوازیە گەرمەو پاڵپشتی بەردەوامیان بۆ یانەکەیان.
لە کۆتاییدا، فازڵ میرانی میدالیای سوپاس و ڕێزلێنانی پێشکەشی سەرۆک و ڕاھێنەری یانەی دھۆک و، ھەروەھا د. عەلی تەتەر پارێزگاری دھۆک کرد، ھیوای پاراستنی ئەو سەرکەوتنە و بەدەستھێنانی سەرکەوتنی زیاتر بۆ یانەی وەرزشی دھۆک خوازرا.
