بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان ئیتر بۆ کورد
هەموو رۆژێک 25-9-2017 یە،
هەموو رۆژێک ڕیفراندۆمی سەربەخۆییە
د.محمد خدرمولود
شەش ساڵ بەر لە ئەمڕۆ گەلی کوردستان سەلماندی خاوەن ئیرادە و توانا و کەسایەتی خۆیەتی و باوەڕی بە سەرکردایەتی سیاسیی و بە ڕابەرایەتی و بڕیاری سیاسی کورد و کوردستانیەتی خۆی هەیە و خودان سەرۆک و ڕابەر و کاریزما و فریادرەسی خۆیەتی و ناچێتە ژێر ڕکێف و هەژموونی دەرەکی و چاوسورکردنەوە و هەڕوگیف نایترسێنێ و بە (بەڵێ) دەنگ بۆ ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی خۆی دەدات.
شەش ساڵ بەر لە ئەمرۆ لە 25-9-2017 جەماوەری گەلی کوردستان بە تەواوی چین و توێژ و ئاین و ئاینزاو هزر و بیر و باوەڕەوڕ و ڕێبازی سیاسیی یەوە پاڵپشت و پشتیوان و هاودەنگ و هاوبیری سەرۆک و ڕابەری خۆیان بوون، جگە لەو ژمارە کەمەی لایەن و کەسانەی لە سەرەتاوە لە ژێر کار و بەرنامە و هەژموونی دەرەکی دابوون.
ئاخر پرسی گەورە و کاری مەزن بە مرۆڤی خاوەن کەسایەتی و ئیرادەی بەرز و بەرگری کاری سەرسەخت و شێلگیر دەکرێت. مێژووی سیاسی بە تایبەتی و مێژووی مرۆڤایەتی بە گشتی لە مێژە سەلماندویەتی مرۆڤە سەرکەوتووەکان ئەو کەسانەن کە خودان ئیرادە و هەڵویست و تێگەیشتنی خۆیانن و هەروا سەرۆک و ڕابەرانی سەرکەوتوو، ئەو کەسانەن خودان هزر و تێگەیشتن و بیرکردنەوەی (بنیاتنان و دامەزراندن و دروستکردنن) نەک خودان هزری پاشکۆی و پاشکۆبوون و رێمۆنت کۆنتڕۆڵی ئەم و ئەو.
وا ئێستا پێ دەنێینە ناو شەشەمین ساڵیادی ئەو وەرچەورخانە مێژوویەیی کە لە سەدا 92.7% بە دەنگی بەڵێ بۆ ڕیفراندۆم بڕیاریان لە چارەنووسی خۆیان دا و هاودەنگ و هاوڕای سەرۆک و ڕابەریان مەسعود بارزانی بوون.
هەروا ئەو لە سەدا 92.7% پشتیوانی ئەو پیاوە مەزنە فریادرەسە بوون کە خۆی (شەرمەزاری خوا و مێژوو و گەل و نەتەوەکەی نەکرد) و بەڵکو (ئیرادە و دەنگی گەلەکەی سەرخست) و بوێری و خودان ئیرادە و ویستی بۆ تاک و کۆی کۆمەڵگای کوردستانی دەستەبەرکردەوە. ئەو بوێری ئیرادە و خواستەی لە ترسی ئەگەرەکانی مێژوو و سنووری دەستکردی سایکس- پیکۆ و نەبوونی دەریا و داخراوی سنوور، ئارد و ئاسمانییان لێ وێک هێنابووینەوە.
هۆکارێک لە هۆکارەکانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بە سەرکەوتوویی لە کات و ساتی دیاریکراوی خۆیدا لە 25-9-2017 وێرای فشاری هەر چوار دەوڵەتی دراوسێ و فشار و هەژموون هێنانی هاوپەیمانان بۆ دواخستنی یا ئەنجام نەدانی، پێداگیری و جەختکردنەوەی سەرۆک بارزانی بوو بۆ پرسەکە و پیرۆزی ئەنجامدانی پرۆسەکە بوو، لە کات و ساتی راگەێندراو و دیاریکراوی خۆیدا، نەک نەکردەی پەشێمان و فریوخواردووی بەڵێن و قسە و گفتی بێ گوفتاری بەریق و باقی ئەم ئەو.
سەرۆک بارزانی لە نێو سەرۆک و سەرکردەکانی دونیا بەوە ناسراوە، هەردەم تێگەیشتنی گشتگیر و تایبەتی خۆی هەیە و بە ووردی لە رووداو و پێشهاتەکان ڕادەمێنێ و بە کاوەخۆ و بە دەروونێکی ئارام و هزرێکی وورد و قووڵەوە بریار دەدات. کاتێ بریاریشی دا خاوەن بەڵێن و بریار و هەڵوێستی خۆیەتی و سازش لەسەر پرس و چارەنووسی نەتەوەکەی بەرامبەر هەر هاوکێشەیەک و بەرژەوەندیەکی ئیقلیمی و ناوچەیی ناکات.
بۆیە هەموو نووسەر و توێژەر و شرۆڤەکارانی سیاسی و سیاسەتمەدارانیش دەتوانن گەر مەبەستیان بێ زیاتر و باشتر لە پرسی کورد و ڕەوایەتی دۆز و خەبات و تێکۆشانی تێبگەن، بە بەڵگە گوتارەکانی سەرۆک بارزانی وەرگرن و شرۆڤەی بۆ بکەن.
لەو گوتارە سەردەمییانەی سەرۆک بارزانی دا بەر لە روخانی بلۆکی رۆژهەڵاتی و هەرەس هێنانی دوو جەمسەری و دوای روخانی دیواری بەرلین و هاتنە ئارای پرۆیسترۆیکای گۆرباتشۆفی مەزن و دوای سەرکەوتنی پێشمەرگە قارەمانەکان لە داستانی خواکوڕک لە 1988 و دوای شەڕی هەشت ساڵەی ئێراق و ئێران لە و گوتارەوە کە بە (گۆتاری خواکوڕک)ەوە دیناسێنم بۆ گوتاری شاری کۆیە – 1992 کە ناسراوە بە گوتاری (خۆ ئامادەکردنی بەرەی کوردستانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی و گواستنەوەی دەسەڵاتی شۆڕشگێری بۆ دەسەڵاتی شارستانی پەرلەمانی حوکمداری حکومەتی هەرێمی کوردستانی یەوە) تا گوتاری( ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی رۆژی 23-9-2017ی نێو ئاپۆرەی جەماوەری یاریگای هەولێر) دا، هزر و تێگەیشتی سەرۆک و ڕابەرێک دەخوێنینەوە کە لە هۆ و هۆکارەکانی هەڵبەز و دابەزی پرسی نەتەوەکەی بە ئاگایە و تێدەگا ئاراستە و هاوکێشەکان چۆن گوزەر دەکەن و سات و کاتە هەستیارە نەبینراوەکانی هەڵکشانی پرسی نەتەوەکەشی کە ئەوە خاڵی مەبەستە، لە کوێ و لە چ کاتێکدایە، چۆنیەتی گوتن و ڕاگەیاندنی چی پێویستە ..؟ و چۆن ئامانج و مەبەست دەپێکێیت.
دوای ئەو مێژووە سەرفرازە بوێرییە، دوای شەش ساڵ برێت مەکگۆرک نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ هاوپەیمانیەتی دژی شەڕی داعش ویان کۆبیج، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و دۆگلاس سڵێمان بالیۆزی ئەمریکا لە عێراق و فرانک بەیکەر بالیۆزی بەریتانیا لە عێراق دا، ئەوسا دۆگلاس سڵێمان نامەکەی تیلەرسەنی وەزیری دەرەوەی ئەمریکای بۆ سەرۆک بارزانی پێی بووبێ و یا پێی نەبووبێ، نامەکە گەیشتبێ یا نەگەیشتبێ، بەدڵنیاییەوە دەیبینن ودەیبستن وا ئەو ساڵیش کوردستانییان شاد و سەرفراز و سەربەرزانە یادی رۆژی دەنگدان بۆ ریفراندۆم دەکەنەوە و بۆ دۆز و پرسی چارەنووسسازی سەربەخۆیش سوورتر و رژدترن و بەرز و پیرۆزتریش لە جاران دەرواننە ڕۆڵ و پێگەی مێژوویی و ئێستایی و ئایندەیی ڕابەر و و فریادرەس سەرۆک مەسعود بارزانی و پەیامی ئایندەیی بەرێزیان بۆ تۆماریی مێژووی تازەی سەربەخۆبوون.