بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و سەرجەم کارمەندان و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان.
پێش (60) ساڵ ئێزگەی دەنگی کوردستان دامەزرا، دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) هەنگاوێکی گرنگ و کاریگەر بوو بۆ بەرجەستەکردنی خەباتی نەپساوەی گەلەکەمان و بەدیهێنانی ئامانجە ڕەواکانی.
هەر لە دەستپێکی کارکردنیدا ئێزگەی دەنگی کوردستان، شانبەشانی خەباتی پێشمەرگە دلێرەکان بڵندگۆی وشیارکردنەوە و جۆشدانی جەماوەر بووە بۆ بەرگریکردن لە شوناسی نەتەوەیی و ڕووبەڕوبونەوەی ستەم و زۆرداریی.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگی لە رووی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی و پاراستنی سەقامگیریی بینیوە، بەمەش خزمەتێکی زۆری کێشە و پرسە بایەخدارەکانی هاووڵاتیانی کوردستان کردووە، هەروەها بۆ کۆمەڵگاش بە مەبەستی خزمەتکردنی بوارە جیاجیاکانی کاری لەسەر پتەوکردنی پێوەر و توانستە میدیاییە ئێزگەییە هاوچەرخەکان کردووە. لەلایەکی ترەوە جێدەستی دەنگی کوردستان لە بواری ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەوانیدا دیارە وەک ئێزگەیەکی پیشەوەر و خاوەن پێگەی تایبەت بەخۆی، هەمانکات بە خاوەن سەرچاوە و گەنجینەیەکی بێوێنەی مێژووی ئەرشیفکراوی دەوڵەمەندی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمانیش دادەنرێ، بۆیە ئەو دەنگە زوڵاڵە و میدیاکارانی پێشەنگی رادیۆکە مایەی شانازیی ئێمە و گەلەکەمان و ئەو مێژووە شکۆدارەن.
لەو دەرفەتەدا وێرای پیرۆزباییمان لە ئێوەی هێژا و بیسەرانی دەنگی کوردستان، دووبارە پشتیوانیی خۆمان بۆ دەنگی کوردستان دووپات دەکەینەوە و ئومێدەوارین بۆ کارنامەی داهاتووتان زیاتر بە پلانی ڕێکوپێک بەرەو پێش بچن و خزمەت بە کولتوورو فەرهەنگی ڕەسەن و هەمەرەنگی کوردستانی بکەن.
مەکتەبی سیاسیی
پارتی دیموکراتی کوردستان
2023/9/28