ههولێر-KDP.info- مهسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پەیامێکی لە بارەی 60ـەمین ساڵیادی ئێزگەی دەنگی کوردستان بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ئێزگەی دەنگی کوردستان مێژوویەکی پڕ لە شانازی و سەروەری لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە.
دهقی پەیامی مەسرور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی:
بەڕێزان بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و کارمەندانی ئیزگەی دەنگی کوردستان
بە بۆنەی (60)مین ساڵیادی دامەزراندنی ئیزگەی دەنگی کوردستان، گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیتان بۆ دەخوازم.
ئێزگەی دەنگی کوردستان، مێژوویەکی دوور و درێژ و پڕ لە شانازی و سەروەری لە داکۆکیکردن لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان هەیە و دەنگی ڕەسەن و ڕاستەقینە و بڵندگۆ و سەکۆیەکی ڕاستگۆ و زوڵاڵی شۆڕش و پێشمەرگە قارەمانەکان و خەڵکی کوردستان و سەرجەم ئازادایخوازان بووە.
هەروەها قوتابخانەیەکیش بوو بۆ پێگەیاندنی دەیان ڕاگەیاندنکار و کادیر و سەرکردەی بەتوانا.
لەم بۆنەیەدا، بە ڕێز و پێزانینەوە یادی هەموو ئەو خەباتکار و تێکۆشەرانە دەکەینەوە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا لەم سەکۆیەدا خزمەتیان کردووە.
دەستخۆشیتان لێدەکەم و هیوای پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
مەسرور بارزانی
جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان