Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 9 MAY 2025 12:41 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان كۆچی دوایی هەڤاڵی تێكۆشەر (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنێت
| KDP.info


بە داخ و پەژارەیەكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی کەسایەتیی تێكۆشەر و فەرماندە و خەباتکاری دیاری گەلەکەمان و هەڤاڵ و سەرکردەی ماندوونەناسی پارتیمان (حەمید ئەفەندی) ڕادەگەیەنین، کە بەھۆی نەخۆشییەوە، ئێوارەی ئەمڕۆ  ١٧ـی شوباتی ٢٠٢٣، دوا ماڵئاوایی لێکردین. 

بە خەمناكییەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادە تێكۆشەرەكەیان و جەنابی سەرۆك بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتیمان و سەرجەم ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندی و پێشمەرگە و کادیر و ئەندامانی پارتیمان و هاوڵاتییانی كوردستان دەكەین.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە ساڵی ( ١٩٣٤) لە خێزانێكی ناسراوی دەڤەری برادۆست و سیدەکان لە دایكبووە، كەسایەتییەكی خەباتکار و ناسراوی گەلەكەمان بووە، كە هەموو تەمەنی خۆی و خانەوادەكەی لە خەبات و تێكۆشان لە ڕیزی پارتیمان و لە پێناو گەلەكەی و دۆزە ڕەواكەی تەرخان كرد.

 لەساڵی(١٩٥٧) پەیوەندیی بە ڕیزەكانی پارتییەوە كردووە، دواتر لە ساڵی (١٩٦١) پەیوەندیی بە شۆڕشی مەزنی ئەیلوولەوە دەکات و لە ماوەی خەباتی بێ وچانیدا بەشداری چەندین داستان و قارەمانێیەتی کردووە و چەند جارێکیش لە پێناو بەرگریکردن لە کوردستان و رێبازە پیرۆزەکەی برینداربووە و لە مەرگ گەڕاوەتەوە.

هەڤاڵی ناوبرا وەک پێشمەرگەیەکی چاونەترس و دڵسۆز و فەرماندەیەکی ناسراو و کارزان لە ژیانی پارتایەتی و خەباتدا بە دەیان لێپرسراویەتی لە ئەستۆ گرتووە و بەوپەڕیی دڵسۆزییەوە بەئەنجامی گەیاندوون.

هەڤاڵی خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە كۆنگرەی نۆیەمی پارتیمان لە ساڵی (١٩٧٩) بە ئەندامی یەدەگی كۆمیتەی ناوەندی و دواتر لە کۆنگرەی دەیەم لە ساڵی (١٩٨٩) بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان هەڵبژێردراوە.

ھەڤاڵی کۆچکردوومان هەڵگری میدالیای بارزانی و جێگای باوەڕی جەنابی سەرۆک بووە و، جگە لە بەشداریکردنی لە شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و شۆڕشی گوڵان، ڕۆڵێکی بەرچاویشی لە ڕاپەڕینی ئاداری ساڵی (١٩٩١)ی گەلەکەماندا هەبووە و دوای راپەڕین و دامەزراندنی حکومەتی هەرێمی كوردستانیش پێگەی دیاری هەبووە و چەندین ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەو پەڕیی دڵسۆزییەوە بە جێگەیاندووە، لەوانە پۆستی وەزیری پێشمەرگە.

دووبارە بە ناوی خۆمان و ھەڤاڵانی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان پرسە و سەرەخۆشیی خۆمان دووپات دەكەینەوە و ئومێدەوارین خانەوادەی تێكۆشەری خوالێخۆشبوو (حەمید ئەفەندی) لە خەم و ئازار و كۆستی دیكە بە دوور بن و، لە خودای گەورە داواکارین ڕۆحی پاکی هەڤاڵی كۆچكردوومان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات.

 

مەكتەبی سیاسیی

 پارتی دیموكراتی كوردستان

١٧ـی شوباتی ٢٠٢٣

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی: خەڵکی کوردستان زۆر لێبووردەن و چاویان لە تۆڵەسەندنەوە نییە

THURSDAY, 08 MAY 2025 22:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی سێ دەیەی ڕابردوودا پێشکەوتنی گەورە لە ھەرێمی کوردستان بەدیھاتوون، لەم ساڵانەی دواییدا زنجیرەیەک قەیرانی کێشەی یەک لەدوای یەک و درووستکراو، کاروانی پێشکەوتنی ھەرێمی کوردستانیان خاو کردەوە.

 
نێچیرڤان بارزانی: بەناوی هەرێمی کوردستانەوە پیرۆزبایی لە پاپای نوێی ڤاتیکان دەکەم

THURSDAY, 08 MAY 2025 22:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بەناوی ھەرێمی کوردستانەوە گەرمترین پیرۆزبایی" لە رۆبەرت پریڤۆست، پاپای نوێی ڤاتیکان دەکات. 

 
سەرۆکی حکوومەت پیرۆزبایی لە پاپای نوێی ڤاتیكان دەكات

THURSDAY, 08 MAY 2025 21:05:00

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە ڕۆبێرت فرانسیس پریڤۆست کرد، بە بۆنەی ھەڵبژاردنی وەک ٢٦٧ـەمین پاپای ڤاتیکان.

 
نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەرەوێلەیی لە سنووری ئامێدی دەکرێتەوە

THURSDAY, 08 MAY 2025 17:05:22

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ قەروێلەیی لە سنووری قەزای ئامێدی دروستکراوە، کە لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانە حکوومی و ئەھلییەکان یەکەمە و لە ماوەیەکی نزیکدا بە ڕووی خەڵکی خۆشەویستی ئەو دەڤەرەدا دەکرێتەوە.

زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە دھۆک دروست دەکرێن

THURSDAY, 08 MAY 2025 12:05:00

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، دروستکردنی زیاتر لە ١٠ کارگەی تازە لە بواری جیاجیا پەسەند کراون و زەوییان بۆ تەرخان دەکرێ و دەست بە دروستکردنیان دەکرێت، چونکە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی زۆر بە کەرتی پیشەسازی دەدات.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact