پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید: پەیامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەنگدەرەوەی دۆستایەتییەکی دێرین و مێژووییە

هەولێر-KDP.info- مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان نامەیەکی پیرۆزبایی ئاراستەی پارتی سۆشیال دیموکراتی سویدی کرد بە بۆنەی سەرکەوتنیان لە هەڵبژاردنەکانی مانگی ئەیلولی ڕابوردوو کە زیاتر لە ٪٢٨ ی دەنگەکانیان بەدەستهێناوە. ئەمەی خوارەوە وەڵامی بەشی پەیوەنددیەکانی نێودەوڵەتی پارتی سۆشیال دیموکراتی سویدییە بۆ مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە.
دەقی پەیامەكەی پارتی سۆشیال دیموکراتی سوید:
بەڕێز هۆشیار سیوەیلی لە پارتی دیموکراتی کوردستان،
لە لایەن پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدییەوە، دەمەوێت سوپاسی گەرمی خۆمان ئاراستەی ئێوە بکەم بۆ نامە پڕ لە هەست و پیرۆزباییە گەرمەکەتان بەبۆنەی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی سویدەوە.
ئێمە وتە جوانەکانتان زۆر بەرز دەنرخێنین سەبارەت بە پارتەکەمان، ئەنجامی هەڵبژاردنەکانمان، و ڕابەرایەتی خاتوو ماگدالێنا ئەندەرسۆن. پەیامەکەتان ڕەنگدەرەوەی ئەو دۆستایەتییە دێرینە و ڕێزەی نێوان هەردوو پارتەکەمانە کە لە ماوەی دەیان ساڵی ڕابردوووە دامەزراوە.
ئێمە بە تایبەتی سوپاسگوزارین بۆ دانپێدانانتان بە بەشداری بەنرخی خەڵکی کورد لە کۆمەڵگەی سویدی و لە دامەزراوە دیموکراتییەکانماندا. سوید قازانجێکی زۆری کردووە لە بەشداری و تەرخانکردن و بەهرەی هاووڵاتیانی خاوەن ڕەچەڵەکی کوردستان، لەوانەش زۆرێک لە ئەندامانی چالاک و نوێنەرە هەڵبژێردراوەکانی ناو پارتەکەمان.
وە هەروەها سەرنجەکانتان بەرز دەنرخێنین لەسەر پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدی. دیالۆگ، لێکتێگەیشتنی یەکتر، و هاوکاری نێودەوڵەتی وەک ئامرازی گرنگ دەمێننەوە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاشتی، دیموکراسی، و گەشەپێدانی بەردەوام لە جیهانێکدا کە ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو ئاڵۆزی زیاتر دەچێت.
ئێمە پەیوەندییە بەردەوامەکانمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بەرز دەنرخێنین و پێشوازی لە دەرفەتەکان دەکەین بۆ دیالۆگی زیاتر لە داهاتودا.
تکایە پێزانین و هیوای سەرکەوتن بگەیەننە سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان.
لەگەڵ ڕێزی زۆرماندا،
سانا ئیلیاسۆن
بەشی پەیوەندییەکانی نێودەوڵەتی پارتی سۆسیال دیموکراتی سویدی
١٩ تشرینی یەکەم ٢٠٢٦
