پشتیوان سادق لە لقی ٢٦ـی گوڵان: پێویستە کادیرانمان هەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی خزمەتکردنی خەڵک بن

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرس و کادیرانی لقی ٢٦ـی گوڵان، جەخت لەسەر پاراستنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان دەکاتەوە.
ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ـی ١٠ـی ٢٠٢٦، پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای هەولێری پارتی دیموكراتی كوردستان، بە یاوەری چیا محەممەد هەرکی، یاریدەدەری بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن، و مامۆستا سەباح مەلا حەسەن مرۆ، بەرپرسی بەشی ڕێکخستنی مەکتەب، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی فراوانی کرد کە تێیدا بەرپرسی لقی ٢٦ـی گوڵان، کارگێڕانی لق، بەرپرسی لێژنە ناوچەکان، کادیران و تیمی پارتی لە حکوومەت لەو دەڤەرە ئامادە بوون.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن باسی لە بارودۆخی گشتی و پێشھاتە سیاسییەکانی ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر ئەو دۆخە ئاڵۆزەی کە ناوچەکەی پێدا تێدەپەڕێت. هەروەها، تەوەری سەرەکیی وتەکانی بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی عێراق تەرخان کرد، کە تا ئێستاش لەلایەن بەغداوە مافە دەستووری و یاساییەکانی گەلی کوردستان وەک خۆیان جێبەجێ نەکراون و ڕێزیان لێ نەگیراوە. لەم بارەیەوە جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو توانایەکی سیاسی و دیپلۆماسییەوە درێغی ناکات لە پێناو دابینکردن و پاراستنی مافە ڕەواکانی خەڵکی کوردستاندا.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، پشتیوان سادق ئاماژەی بە پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لە دەڤەرەکە ئەنجام دراون. خۆشبەختانە چەندین دەستکەوت و پڕۆژەی گرنگ لە سنوورەکەدا جێبەجێ کراون، لەگەڵ ئەوەشدا دان بەوەدا نرا کە دەڤەرەکە هێشتا پێویستی بە خزمەتگوزاریی زیاتر هەیە. ناوبراو جەختی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی توانای دارایی و ئیمکانیاتی بەردەستیەوە، لە خزمەتکردنی ئەم دەڤەرە و سەرجەم ناوچەکانی تری کوردستان درێغی نەکردووە و لەسەر ئەم کاروانەش بەردەوام دەبێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستن سوپاس و دەستخۆشی لە بەرپرسی لق و تەواوی هەڤاڵان کرد، هەروەها ڕاسپاردەی پێویستی پێشکەش بە هەڤاڵان کرد سەبارەت بە زیاتر بەرزڕاگرتنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییە حزبی و حکوومییەکانیان. لەم چوارچێوەیەشدا جەختی کردەوە کە پێویستە کادیرانمان هەمیشە لە ڕێزی پێشەوەی خزمەتکردنی خەڵکی خۆشەویستی ئەم ناوچەیەدا بن.

