٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان

سەرۆكی حكوومەت لە زاخۆ: بەرنامەی حکوومەت فرەجۆرکردنی داهات و بەهێزکردنی كەرتی پیشەسازییە

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- لە ڕێوڕەسمی كردنەوەی چەند پڕۆژەیەك لە زاخۆ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵم سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە تایبەت ناحیەی باتێل دەكەم ئەمڕۆ كە لێرە ئێمە بەشدارین بە دڵخۆشییەوە بۆ كردنەوە و دەستپێكردنی سێ پرۆژەی گرنگی كەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل."

ئەمڕۆ یەکشەممە 25/10/2026، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی كردنەوەی لقی سەرەکیی کۆمپانیای (نیسان) و پڕۆژەی (Motor Plex iraq) و پڕۆژەی (Global Development) لە زاخۆ بەڕێوە چوو، سەرۆكی حكوومەت لە وتارێكدا گوتی، "پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ فرەجۆركردنی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و فرەجۆركردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان."

دەقی وتارەكەی سەرۆكی حكوومەت:

ئێوە هەموو بەخێر بێن سەرسەر و سەرچاوان، بەخێرهاتنێكی تایبەتی كونسوڵی یابان و بەڕێوەبەری كونسوڵخانەی چین و نوێنەری كۆمپانیای جیتۆر دەكەم لێرەن و ئێوە بەخێربێن سەرچاوان، زۆر خۆشحاڵم سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و بە تایبەت ناحیەی باتێل دەكەم ئەمڕۆ كە لێرە ئێمە بەشدارین بە دڵخۆشییەوە بۆ كردنەوە و دەستپێكردنی سێ پرۆژەی گرنگی كەرتی پیشەسازی، بە تایبەتی لە پیشەسازیی ئۆتۆمبێل.

دەستخۆشی و سوپاسی موهەنەد گرووپ و بە تایبەتی كاك ئەحمەد مشیر و هەروەها كاك ئەحمەد ڕێكانی دەكەم بۆ بەشداریبوونی ئەوان لە وەبەرهێنانی ئەو پرۆژانەدا لەگەڵ كۆمپانیا چینی و یابانییەكان كە بێگومان هاریكارییەكی ئێجگار زۆر بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان دەكات.

جگە لەوەی ئەم كەرتە زۆر بەرەوپێش دەچێت، دەرفەتی كاری زۆریش بۆ خەڵكی ئەم دەڤەرە و كوردستانیش بە شێوەیەكی گشتی تەرخان دەكرێن، پەرەپێدانی كەرتی پیشەسازی بەرنامەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە لەگەڵ فرەجۆركردنی داهاتەكانی هەرێمی كوردستان و فرەجۆركردنی ئابووریی هەرێمی كوردستان، ئێمە ویستوومانە كە گرنگییەكی زیاتر بە كەرتی پیشەسازی بدەین. دەستخۆشیی لە بەڕێوەبەری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش دەكەم بۆ ئاسانكارییەكان تا كەرتی پیشەسازی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بەرەوپێشەوە بچێت. دەستخۆشی لە ئێوە دەكەم.

وەك ئێمە بینیمان، زۆر شتی باش ئامادە كراون، بە تایبەتی لێرە كۆمپانیای نیسان دەبێتە دابەشكەری هەموو ئەو ئۆتۆمبێلانەی كە دەهێندرێنە نێو عێراق و لێرە بۆ هەموو بەشەكانی دیكەی عێراق دەگوازرێنەوە. ئەمە دەرفەتی كار بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان و بە تایبەتی ئەم دەڤەرە زیاتر دەڕەخسێنێت و خەڵكی ئێمە فێری كاری زیاتر دەبن لە كەرتی تایبەتدا. پێش ماوەیەكیش ئێمە پڕۆژەیەكی وەكوو ئەمەمان كردەوە كە هی (تۆیۆتا) بوو لە دهۆك، پێشتریش لە هەولێر پڕۆژەیەكی هاوشێوەی ئەمە كرانەوە، ئینشائەڵا ئەمە دەستپێكێكی زۆر باش بێت بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازی لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و لە هەموو شار و پارێزگا و دەڤەرەكانی هەرێمی كوردستان.

كوردستان خۆی لە شوێنێكی زۆر ستراتیژییە كە زۆر بازاڕ و ماركێتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێكەوە گرێ دەدات، ئەمە ڕێخۆشكەر دەبێت بۆ ئەوەی ئێمە زیاتر بتوانین ڕۆڵێكی كاریگەر لە پێشخستنی ئابووریی ناوچەكە ببینین و كوردستان ببێتە سەنتەرێك و گەلێك كۆمپانیای دیكەش چاو لە هەرێمی كوردستان بكەن بۆ پێشخستنی ئابووری لە ناوچەكە و هەروەها بۆ زیاتر سوودگەیاندن بەو كۆمپانیایانەی كە وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان دەكەن، داوا لە وەبەرهێنەرانی كوردستانیش دەكەم، ئەوان زیاتر بیر لەوە بكەنەوە كە چۆن وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستاندا بكەن و لەگەڵ كۆمپانیا بیانییەكان ئەگەر پێویست بێت (جۆین بەنجەر) بكەن، هەم بۆ ئەوەی ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەوپێشەوە بچێت، هەم شێوازی زانستی لە كەرتی پیشەسازی بەرەوپێش ببەن.

ئێمە توانا و شیانی زۆر باشمان لە گەنجانی خۆمان دیوە و گەلێك هێزێكی زۆرە بۆ پێشخستنی هەرێمی كوردستان لە هەموو بوارێكدا، هەروەها زانین و هێنانی ئەو زانستانە لە دەرەوە، زۆر یارمەتیدەر دەبێت بۆ باشتركردن و بەرزكردنەوەی ئاستی تێگەیشتن و كاركردن لەسەر هەرێمی كوردستان.

وەك من زانیومە، لەم ماوەیەدا هەزاران دەرفەتی كار ڕەخسێندراوە بۆ خەڵكی ئێمە، ئەمە ئامانجی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە كە زۆر دەرفەتی كار بە تایبەتی لە ڕێگەی فرەجۆركردنی ئابووریدا دروست بكەین. پێش ئێستا كەرتی كشتوكاڵی زۆر گرنگی پێدرا، ئێستاش بۆ كەرتی پیشەسازی ئێمە هەمان بەرنامەمان هەیە، كەرتی گەشتوگوزاریش یەكێكە لەو كەرتانەی كە ئێمە زۆر گرنگیمان پێداوە و ئەوانیش هەموو پێكەوە دەبنە هاریكار، هەم بۆ ڕێكخستن و زیاتركردنی دەرفەتی كار بۆ خەڵكی ئێمە، هەم بۆ پێشخستنی ئابووریی هەرێمی كوردستان. بە خۆشحاڵیشەوە من بیستم كە ناحیەی باتێل تەنیا ناحیەیە لەسەر ئاستی هەموو عێراق و هەرێمی كوردستان كە ڕێژەی بێكاری تێیدا بووەتە سفڕ، ئەمە جێی دەستخۆشییە، پیرۆزبایی لە ناحیەی باتێل و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و هەموو كوردستان دەكەم. مەگەر یەكێك خۆی نەیەوێت كار بكات، ئەگینا وەك من بیستوومە، گەلێك دەرفەتی كار هێشتا هەیە كە خەڵكی تر بێت لەو ناحیەیە و لەم دەڤەرە بە دوای كاردا بگەڕێت، ئەمە جێی دەستخۆشییە و هیوای من ئەوەیە كە لە هەموو شارەكانی كوردستان و لە هەموو دەڤەرەكانی كوردستان دیسان هەنگاوی باش بهاوێژن بۆ پێشخستنی ئابووری و كەرتی تایبەت لە سنووری خۆیان كە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان. حكوومەتیش پێویستە هەر توانایەك هەبێت بۆ پشتیوانیكردن و ئاسانكاری لەگەڵ كەرتی تایبەت بیگرێتە بەر تا ئێمە زیاتر بتوانین ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەوپێش ببەین.

من زۆر خۆشحاڵ بووم ئەم پڕۆژانەی دیكەمان بینی كە هەندێكیان ئێستا بەردی بناغەیان بۆ دادەنرێت، بێگومان ئەوانیش دەرفەتی كاری زیاتر دەڕەخسێنن، كۆمپانیای جیتۆریش كە كۆمپانیایەكی چینییە و بۆ لێكدان و دروستكردنی ئۆتۆمبێل لێرە لە هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكەمین نموونە لەسەر ئاستی كوردستان و زۆر پێشخستن لە بواری كەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل لە كوردستان دەكات و دەرفەتی كاری زیاتریش لەم ناوچەیە دەڕەخسێنێت، ئەوەی دیكەش گەلێك زانست و شارەزایی لەم بوارەدا پێشكەشی خەڵكی ئێمە و بە تایبەتی گەنجانی ئێمە دەكات لە بواری تەكنەلۆژی و لە بواری كەرتی پیشەسازی بێگومان ڕۆڵێكی زۆر كاریگەر دەبینێت.

هەروەها (مۆتۆر پلێكس) كە ئەویش كۆمەڵگەیەكە بۆ پێشخستنی كەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل، یان فێركردن و هاریكاریكردنی گەنجانی ئێمەیە كە چۆن فێری شێوازی لێخووڕینی ئۆتۆمبێل ببن یان فێری ئسووڵ و ئەم ڕێنمایی و تایبەتمەندییانەی كەرتی پیشەسازیی ئۆتۆمبێل ببن.

ئەمانە هەمووی هەنگاوی داهاتوون كە دەكەونە خزمەتی خەڵكی كوردستان، من دەستخۆشی لە هەموو كۆمپانیاكان دەكەم، (موهەنەد گرووپ) و (هارلم گرووپ)ی چینی، دیسان هەم بەخێرهاتنی ئەوان دەكەم و هەم دەستخۆشییان لێ دەكەم بۆ ئەو بەرنامانەی كە ئەمڕۆ پێشكەشیان كرد و هیوای من سەركەوتنی ئێوە هەموانە، ئینشائەڵا ئێوە هەموو سەركەوتوو دەبن و لە پێشكەوتنی ڕۆژانەدا بن و كوردستانیشمان هەر ئاوەدان بێت.