د. نەھلە ئەفەندی
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ڕێورەسمێکدا لە ژووری بازرگانیی ئەمەریکا لە واشنتن، سەرپەرشتی و چاودێریی ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کرد. ھەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمەریکی (ئێچ کەی ئێن ئەنەرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros) بە جیا، دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی ھەرێمی کوردستان، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژوو کرد، کە بەھاکەیان دەیان ملیار دۆلارە و کاریگەرییەکی ئەرێییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزەی ھەرێمی کوردستاندا دەبێت.
جیا لەوەی ئەم گرێبەستانە گرنگیی زۆریان ھەیە بۆ داھاتووی کوردستان و ئەمەریکا، لەھەمان کاتدا سەرمایەیەکی بەھێزی ئابووری لە ناوچەکە بەگەڕ دەخرێت، کە بەھاکەی ١١٠ ملیار دۆلارە، ئەمەش دەتوانێت سەرجەم سێکتەرەکان ببوژێنێتەوە و ببێتە بنەمایەکی بەھێزی ژێرخانی وزەی لە کوردستان، بەتایبەت کارەبا کە ئێستا عێراق لەو ڕووەوە گرفتی ھەیە و ھەرێمی کوردستانیش قۆناغی گرنگی بڕیوە بە کارەبای ٢٤ کاتژمێری کە بەم ئالیەتە ڕەنگە لە داھاتوودا کارەبا بۆ دەرەوەی کوردستانیش ھەناردە بکات.
ئەم گرێبەستانە دەبنە ھۆکاری زیاتر پەرەپێدانی ھەولێر و واشنتن و بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باشترین وەڵام بوو بۆ زۆر پرسیار لەبارەی ئەو گرێبەستەوە دەکرا، یەکێک لەوانە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بەفەرمی پشتیوانیی ڕێککەوتنەکەی کرد و ھیوای خواست پەیوەندیی ھەولێر و واشنتن لەسەرجەم سێکتەرەکان فراوانتر بکرێت، ڕوانگەیەکی بەھێز لە ئەمەریکا دروست بووە کە ھەرێمی کوردستان تەنیا ھاوپەیمانی سادە و ڕووکەشی ئەمەریکا نییە، بەڵکوو داینەمۆی دروستکردنی ئارامی و سەقامگیری و دروستکردنی متمانەیە لەنێوان ھەردوولا و کوردستان ڕۆڵێکی بەھێز دەبینێت لە پراکتیزەکردنی بنەماکانی دیموکراتی لە کوردستان.
ئێستاش زۆر ئامانجی ھاوبەشمان ھەیە لەگەڵ ئەمەریکا، بەڵام ھاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و کاری سەربازیی گەورەترە، چونکە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرھێنان لە بواری وزە، دەکرێت قووڵتر و فراوانتر بکرێت و زیاتر بەھێزتر بکرێت و خودی پێناسەی ئیدارەی تازەی ئەمەریکاش زیاتر بەئاراستەی وەبەرھێنان و بەھێزکردنی کەرتی بازرگانییە، بۆیە ئەو ڕێککەوتنەی ھەولێر و واشنتن بۆ ئەو گرێبەستانە ناکرێت بە کەم تەماشا بکرێت، بەڵکوو لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت کۆمپانیای گەورەکانی ئەمەریکا لە کوردستانەوە وەبەرھێنان بکەن و دواجار بە قازانجی ھەرێمی کوردستانیش تەواو دەبێت.
بۆ گەلی کوردستان، ئەم جۆرە ڕێککەوتنە بایەخی گەورەی ھەیە، چونکە لەلایەک لە بەغداوە دژایەتیی پڕۆسەی وزەی کوردستان دەکرێت، لەلایەکی دیکە ھەوڵ دەدرێت لە ڕێگای ئابڵووقەکانی ئابووریی کوردستانەوە گیروگرفتی ناوخۆیی دروست بکرێت و کوردستان پاشەکشە بکات لەسەر نەخشەی وزەی جیھان، بۆیە دەرفەتێکی گرنگە نەک تەنیا بۆ داھاتووی سیاسیی خۆی، بەڵکوو بۆ گۆڕانکارییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و زۆر کاریگەریی دەبێت، چونکە خودی ڕێککەوتنەکە ھاوشانە لەگەڵ ئەو ڕێککەوتنە تازەی ئەمەریکا و سعوودیە و قەتەڕ کە سەرجەمیان دەتوانن گۆڕانکاریی گەورە لە ئابووریی ناوچەکە دروست بکەن.
جیا لەوەش، ئەم گرێبەستە دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی ئاسایش و سەقامگیری کە ئەمە زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی وەبەرھێنانی بیانی و گەیشتن بە گەشەسەندنی بەردەوام، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو ڕووەوە ھەنگاوی گرنگ نراوە، بەتایبەت لە کەرتی پیشەسازی و بەھێزکردنی توانا ئەمنییەکان و کەرتی کشتوکاڵ.
جیا لەوەش، ئەنجامدانی ئەم دوو گرێبەستە بواری نەوت و غاز لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمەریکا دوو پەیامی گرنگی دا بە جیھان، یەکەمیان زامنکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و دابینکردنی خۆشگوزەرانییە بۆ وڵات و ھەنگاونانە بۆ پڕۆژە گەورە نەتەوەییەکە و ڕۆڵی کوردستان لە گۆڕانکاریی ناوچەکە.
ھەروەھا چیتر ناکرێت لەژێر ناو و ناونیشانی جیاواز، ھەر جارەو بە ڕێگایەک دەیانەوێت لە ھەرێمی کوردستان بدەن و ئابوورییەکەی وێران بکەن، ئێستاش ئەم گرێبەستانە کراون و بوونەتە ئەمری واقع و دەبێت ھەموو لایەک وەک سەرۆکوەزیرانی کوردستان گوتی: قبووڵی بکەن.