ھەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان پیرۆزبایی لە قوتابیان و لاوانی کوردستان دەکات.
دهقی پهیامهكهی نێچیرڤان بارزانی.
بۆ یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان
سڵاو و ڕێز..
لە دڵەوە و بە گەرمی پیرۆزباییتان لێ دەکەم بۆ بەستن و سەرکەوتنی کارەکانی کۆنگرەی یەکگرتنەوەتان، بەو ھیوایەی ئەم ھەنگاوە گرنگەتان، سەرەتایەکی نوێی کارا بێت بۆ خزمەتکردنی زیاتر و باشتری قوتابیان و لاوان لە کوردستان و بەھێزکردنی ئامادەیی و ڕۆڵی گرنگیان لە پرۆسەی گەشەپێدان و بەرەوپێشچوونی وڵات و کۆمەڵگەدا. لەم بۆنەیەدا دروود بۆ گیانی پاکی بارزانیی نەمر دەنێرن کە بە ڕاسپاردە و فەرمانیان، یەکێتییەکەتان دامەزرا.
ھەردوو ڕێکخراوەکەتان، چ پێکەوە، چ جیا، بۆ ماوەی زیاتر لە حەفتا ساڵ، ڕۆڵی بەرچاویان لە بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری، ڕێکخستنی توانای قوتابیان و لاوان، بەرگریکردن لە مافەکانیان و چەسپاندنی گیانی نیشتیمانی و بەرپرسیاریەتی، گێڕاوە. ئەم ڕۆڵە تەنھا لە بواری پەروەردەیی و کۆمەڵگەییدا سنووردار نەبووە، بەڵکوو درێژبووەتەوە بۆ گۆڕەپانەکانی خەبات و شۆڕش. زۆرێک لە ئەندامەکانتان پێشمەرگایەتییان کردووە و لەپێناو ئازادیی کوردستان و شکۆی گەلەکەیدا، شەھیدیان داوە. بەشداریتان لە ئامادەکردنی چەندین نەوەی کادیراندا کردووە کە بوونەتە سەرکردە و کەسانی کاریگەر لە ژیانی سیاسی، حکوومی و خزمەتگوزاریی گشتیدا.
قوتابیان و لاوان، لە مێژووی درێژی خەباتدا، ھەمیشە سەلماندوویانە کە باوەڕیان بە بەھاکانی گۆڕانکاری، پێشکەوتن و ئازادی ھەیە. ئەوان تەنھا چاودێری گۆڕانکارییەکان نەبوون، بەڵکوو لە ھەموو بوارەکاندا، دروستکەریان بوون. ئێستاش دروشمی کۆنگرەکەتان: "پەروەردە، زانست، تێكۆشان" تەنھا وشە نییە، بەڵکوو نەخشەڕێگایەکە کە گوزارشت لە تێگەییشتن و ڕۆڵ و ئەرکتان دەکات. بۆیە لەو دۆخە ھەستیارەی کە ناوچەکە بەگشتی تیایدایە، ڕۆڵتان لە پشتگیریکردنی پرۆسەی پەروەردەیی و زانستی، بەرزکردنەوەی ھۆشیاریی قوتابیان و لاوان و داکۆکیکردن لە ماف و داواکارییە ڕەواکانیان بە گیانێکی ھۆشیار و دووربینەوە، گەورەتر دەبێت.
داھاتووی وڵات لە ئەستۆی ئێوەدایە، بۆیە دەبێ نموونە بن بۆ نەوەکانی داھاتوو و بە گیانێکی پڕ لە ھیوا و متمانەوە سەیری دواڕۆژ بکەن. خۆتان بە زانست و زانین و تەکنۆلۆجیا چەکدار بکەن و لەگەڵ گۆڕانکارییە خێراکانی سەردەمی نوێدا، بگونجێنن. ئێوە پردی پەیوەندیی نێوان لاوان و قوتابیانی کوردستان و جیھان و دەنگی ئەوانن لە گۆڕەپانەکانی کاریگەری و گۆڕانکاریدا. دوای یەکگرتنەوەتان دەبێ کاری زیاتر بکەن بۆ پارێزگاری لە گیانی ھاوکاری و لێبوردەیی و ھەمیشە بەرگریکار بن لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ و کرانەوە و کولتووری پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و ئەو بەھایانەی لە کوردستان شانازییان پێوە دەکەین.
لە کاتێکدا شانازی بە ئەندامیەتی و کارکردن و خزمەتکردنم لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا دەکەم کە بۆ من وەک قوتابخانەیەک وابوو، دڵنیاتان دەکەمەوە وەک ھەمیشە، پشت و پەنا و ھاوکارتانین. لە ھەموو کار و ھەنگاو و ھەوڵێکی دڵسۆزانەتاندا لەپێناو بەرەوپێشبردنی نەوەیەکی ھۆشیار و کۆمەڵگەیەکی گەشەسەندووی مەدەنی و گۆڕینی توانای لاوان بۆ ھێزێکی کارای بنیاتنەر، پشتوانتانین و لەگەڵتاندا دەبین.
پیرۆزبایی لە ستافی نوێتان دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و بەرەوپێشچوونی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
ھەر شاد بن.
نێچیرڤان بارزانی
٢٠٢٥/٥/١٥