پیرۆزبایی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی (60)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی ئێزگەی دەنگی کوردستان
بەڕێزان/ بەڕێوەبەر و ستافی بەڕێوەبردن و هونەرکاران لە ئێزگەی دەنگی کوردستان..
ئەمڕۆ ئێزگەی دەنگی کوردستان پێدەنێتە (60)ەمین ساڵەی تەمەنی، بەو بۆنەیەوە گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی هێژا و بیسەرانی ئێزگەکە دەکەین، دەستخۆشی لە کارو چالاکییەکانتان دەکەین، هیواخوازین بۆ ساڵی داهاتوو لە هەموو ڕوویەکەوە زیاتر بەرەو پێش بچن.
ئێزگەی دەنگی کوردستان کە بە بڕیاری (بارزانیی نەمر) دامەزرا، دەستکەوتێکی تری بواری رۆژنامەوانی بەتایبەتی و بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلەکەمانە بەگشتی، هەروەها قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی کادیر و رۆژنامەوانانی کایەی میدیا و راگەیاندنە، هەروەها دەنگی کوردستان، توانیویەتی لەو کاروانە سەرکەشەیدا ئامرازێکی بەهێزی جەماوەریی بێت، جگە لەوەی سەکۆیەکی دیالۆگی دیموکراتیانە و ئامرازێکی میدیایی زێدە بەربڵاو بێت لە ناو جەماوەردا.
لەلایەکی تردا وەک ئێزگەیەکی خاوەن ئەزموون، بوارێکی بەرفراوانی بۆ هەمووان فەراهەم کردووە تا گوزارش لە بیروبۆچوونەکانیان بکەن، بۆیە هەمیشە دەنگێکی ڕاستەقینە بووە و خواست و ویستی خەڵک و پێکهاتە جیاجیاکانی کۆمەڵگەکەمانی خستۆتەڕوو و پیشەوەرانە و بەرپرسانە مامەڵەی لەگەڵ هەواڵ و ڕووداوەکانیش کردووە. دووبارە بەو بۆنەیەوە پشتیوانیی خۆمان بۆ بەرەوپێشچوونی ڕادیۆی دەنگی کوردستان دووپات دەکەینەوە و بە هیوای پێشکەوتن و سەرکەوتنی زیاتر لە کار و بەرنامەکانتان.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی
پارتی دیموکراتی کوردستان
2023/9/28