Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 17:51 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سه‌رۆك بارزانی: تێكەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەكانمان لە سەنگەری بەرگری ده‌بێ بۆ سیاسییەكانیش ببێته‌ بنەمای یەكڕیزی و برایه‌تی
| KDP.info


كه‌ركووك-KDP.info-(سه‌رۆك بارزانی) ڕایگه‌یاند، تێكەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەكانمان لە سەنگەری بەرگری بنەمای یەكڕیزیی گەلەكەمانە و دەبێ ئەوە بۆ سیاسییەكانیش وەك ڕێگە پێشاندەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و برایەتی. (سه‌رۆك بارزانی) له‌میانی به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی به‌ره‌كانی شه‌ڕ له‌ میحوه‌ره‌كانی كه‌ركووكدا ئه‌م قسانه‌ی كردن و جه‌ختیشی كرده‌وه‌، پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕای خەڵك و ڕێز لە ئیرادە و ویستی دانیشتووانی ئەم ناوچانە بگیرێت و بەوپەڕی ڕێز و دڵفراوانیی و سەخاوەتیش مامەڵە لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شاری كەركووك بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەیش دەبێ ناسنامەی كوردستانیبوونی شاری كەركووك جێگیر بكرێت.

ڕۆژی چوارشەممە 8ـی 7ـی 2015 (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە یاوەریی (مەسروور بارزانی) ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێم و (مستەفا سەید قادر) وەزیری پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئاگاداربوون لە بارودۆخی هێزی پێشمەرگە و بەسەركردنەوەی بەرەكانی شەڕ لە میحوەرەكانی كەركووك، سەردانی شاری كەركووكی كرد و لەگەڵ بەرپرسە سەربازی و ئیداری و سیاسییەكانی كەركووك كۆبۆوە.
لەم كۆبوونەوەیەدا كە (د. نەجمەدین كەریم) پارێزگاری كەركووك و (حەمەی حاجی مەحموود) سەرپەرشتیاری میحوەرەكانی كەركووك و (ئەنوەری حاجی عوسمان) بریكاری وەزارتی پێشمەرگە و بەرپرس و فەرماندە باڵاكانی وەزارەتی پێشمەرگە و میحوەری كەركووك ئامادە بوون، بە خوڵەكێك وەستان و بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان دەستی پێكرد و پاشان (جەعفەر شێخ مستەفا) فەرماندەی هێزەكی حەفتا و ئەندامی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێم لە وتەیەكدا بەخێرهاتنی (سەرۆك بارزانی) كرد و باسی لە ڕەوشی بەرەكانی شەڕ لە میحوەری كەركووك و چۆنییەتی خۆسازدانی هێزی پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیروریستان لەم دەڤەرە خستەڕوو و ئەوەیشی بە (سەرۆك بارزانی) ڕاگەیاند كە هێزی پێشمەرگە پەیمان لەگەل گەلی كوردستان و (سەرۆك بارزانی) نوێ دەكاتەوە كە هەتا دوایین دڵۆپەی خوێن بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و لەژێر فەرمانی (سەرۆك بارزانی) ڕێگە نادەن هیچ هەڕەشەیەك بۆ سەر كەركووك و ناوچەكانی دی بمێنێت.
دواتر هەر دوو بەرپرسی میحوەری باشوور و ڕۆژئاوای كەركووك سەرۆك بارزانیان لە بارودۆخی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و هەروەها پێداویستییەكانی هێزی پێشمەرگە ئاگادار كردەوە.
هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (د. نەجمەدین كەریم) پارێزگاری كەركووك كورتەیەكی لەبارەی ڕەوشی ناوخۆی شاری كەركووك و خزمەتگوزاری و گرفتە داراییەكان و دۆخی ئاوارەكان و ڕۆڵی هێزەكانی ئاساییش و پۆلیس لە پاراستنی ئاساییشی شاری كەركووك خستەڕوو.
دواتر (سەرۆك بارزانی) وتەیەكی پێشكەش كرد و تێیدا سوپاس و دەستخۆشی لە هێزی پێشمەرگە و فەرماندەكان كرد لە میحوەری كەركووك كە قارەمانانە بەرگرییان لە شاری كەركووك كردووە و سڵاویشی بۆ گیانی پاكی ئەو شەهیدانە نارد كە بە خوێنی خۆیان خاكی كوردستانیان پاراستووە. (سەرۆك بارزانی) وێڕای ئاماژەدان بە بایەخی سەربازی و سیاسیی شاری كەركووك جەختی لەوە كردەوە كە نابێ بە هیچ شێوەیەك دەستی دوژمن و ناحەزان بگاتە شاری كەركووك. پەیوەست بە ئاییندەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەوەی خستەڕوو كە پێویستە بگەڕێینەوە بۆ ڕای خەڵك و ڕێز لە ئیرادە و ویستی دانیشتوانی ئەم ناوچانە بگیرێت و بەو پەڕی ڕێز و دڵفراوانیی و سەخاوەتیش مامەڵە لەگەڵ پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی شاری كەركووك بكرێت بەڵام لەگەڵ ئەوەیش دەبێ ناسنامەی كوردستانیبوونی شاری كەركووك جێگیر بكرێت. (سەرۆك بارزانی) ئەوەیشی ڕاگەیاند كە پێشمەرگە لەپێناو خاك خوێنی بەخشیوە و ڕۆڵە و تێكۆشەری زۆر مەزنمان لەدەست داوە بەڵام لەگەڵ ئەوەیش سیغەیەكی دیاریكراو ناسەپێنینە سەر خەڵك و دەبێ دانیشتوانی ناوچەكە خۆیان بڕیار لە چارەنووسیان بدەن.
سەرۆك بارزانی لە درێژەی قسەكانیدا جەختی لە مافی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووسی خۆی كردەوە و، هێمای بە قوربانیدانی پێشمەرگە كرد كە بە خوێنی خۆی ناوبانگێكی زۆر بەرزی بۆ گەلەگەی لە ئاستی جیهانیدا بەدەست هێناوە و مێژووی تۆمار كردەوە و جەختیشی لە یەكڕیزیی نێوان هێزی پێشمەرگە كردەوە و ئاماژەی بەوە دا كە تێكهەڵبوونی خوێنی پێشمەرگەكانمان لە سەنگەری بەرگری بنەمای یەكڕیزیی گەلەكەمانە و دەبێ ئەوە بۆ سیاسییەكانیش وەك ڕێگە پێشاندەرێك بێت بۆ یەكڕیزی و برایەتی. سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەوەیشی بۆ فەرماندە باڵاكانی هێزی پێشمەرگە ڕوون كردەوە كە بە هیچ شێوەیەك نابێ بارودۆخی سیاسیی و ناوخۆیی كوردستان كاریگەریی لە سەر پێشمەرگە دابنێت. ئەوەی ئێستا لە پڕۆسەی سیاسیی كوردستاندا هەیە بابەتێكی سرووشتی و نیشانە و دەرهاوێشتەكانی ژیانی دیموكراتیی گەلەكەمانە و دەبێ هەموومان فێری مومارەسەی ژیانی دیموكراسی بین.
لە بەشێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا (سەرۆك بارزانی) پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش و پۆلیس لە كەركووك و دووپاتكردەوە و دەستخۆشی و پشتیوانیی خۆیشی بۆ ئیدارەی كەركووك ڕاگەیاند. هەر لەم كۆبوونەوەیەدا (سەرۆك بارزانی) ئاگاداری پێشنیار و تێبینییەكانی فەرماندە سەربازییەكانی میحوەری كەركووك بوو و ئامۆژگاری و ڕێنوێنیی پێویستی بۆ فەرماندە و بەرپرسە سەربازی و ئەمنییەكان خستەڕوو.
 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact