Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 16 DEC 2017 10:00 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

سه‌رۆك بارزانی: مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین كه‌رامه‌تمان بشكێ.. دڵنیام سه‌ركه‌وتن بۆ گه‌لی كوردستانه‌
| KDP.info


 

هه‌ولێر-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) رایده‌گه‌یێنێ،  ئه‌و هه‌ر پێشمه‌رگه‌ بووه‌  كه‌ به‌ررزترین پله‌ش لای ئه‌و پێشمه‌رگه‌بوونه‌. (سه‌رۆك بارزانی) له‌ په‌یامێكی ڤیدیۆییدا هاوكات كوردستانیان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌، چونكه‌ دۆزی گه‌لی كوردستان ڕه‌وایه‌، هه‌ر سه‌رده‌كه‌وێ. هاوكات داوایشی له‌ كوردستانیان كرد، ڕێ به‌ هه‌وڵی ناحه‌زان بگرن كه‌ ده‌یانه‌وێ ئیراده‌یان بشكێنن و ده‌بێ یه‌كڕیز بن.

پاش ناردنی په‌یامێك بۆ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی په‌رله‌مانی كوردستاندا خوێنداریه‌وه‌ و تێیدا، ڕه‌تی كرده‌وه‌ واده‌ی پۆستی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم درێژ بكرێته‌وه‌ و ئاماده‌یی خۆیشی بۆ خزمه‌تكردنی گه‌ل و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌رێمی كوردستان دووپات كرده‌وه‌، سه‌عات 8ی ئه‌مشه‌و گوتارێكی ڤیدیۆیی دا.

(سه‌رۆك بارزانی) له‌ گوتاره‌كه‌یدا رایگه‌یاند، گه‌لی كوردستان داوای مافی خۆی ده‌كات و به‌ ڕێگای ئاشتیانه‌ داوای مافی خۆی كردووه‌، كه‌چی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ تاوانبار ده‌كرێت. گوتشی كه‌، جارێكی ده‌ركه‌وت كه‌ خه‌ڵكی كوردستان ته‌نیا خۆیانن و چیاكان دۆستیانن.

به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ مێژووی نزیك و سه‌ره‌تای دامه‌زرانده‌وه‌ی به‌ ناو عێراقی نوێ، (سه‌رۆك بارزانی) هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ''وامانزانی دوای 2003 ده‌رفه‌تێكی نوێ ڕه‌خساوه‌ تا عێراقێكی دیموكراتی نوێ دابمه‌زرێنین كه‌ هه‌موو لایه‌ك ئه‌رك و مافی خۆی بزانێ، ده‌ستوور نووسرایه‌وه‌ كه‌ هه‌رچه‌نه‌د ده‌ستووری نوێ كه‌موكوڕی هه‌بوو به‌ڵام په‌سند كرا، به‌ڵام دواتر ده‌ركه‌وت كه‌ ده‌ستوور پێشێل ده‌كرێ و لاواز ده‌كرێ تا به‌ره‌و نه‌مان چوو، عێراقیش كه‌وته‌وه‌ ده‌ست یه‌ك لایه‌ لایه‌ن. سه‌رباری ئه‌وه‌ زۆر هه‌وڵمان دا بگه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ڕێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان، به‌ڵام كه‌ڵكی نه‌بووه‌.. له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانیی نێستیمانیدا زۆر باسمان كرد كه‌ دۆخه‌كه‌ مه‌ترسیداره‌ و به‌م شێوه‌یه‌ ڕه‌نگه‌ خوێن بڕژێ، گوتمان كه‌ ناتوانین هاوبه‌شی راستینه‌ بین، با دراوسێی باش بین، ئه‌وكات هه‌ڵوێستی باشیان نیشان دا، كه‌چی ئێستا به‌ سواری تانكه‌وه‌ شه‌ڕی كوردستانیان ده‌كه‌ن.''

(سه‌رۆك بارزانی) وه‌بیر كوردستانیانی هێنایه‌وه‌ كه‌، له‌ 3ی ته‌مووزی 2014ه‌وه‌ داوای له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كردووه‌ كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن و ڕاپرسی، یاسایه‌كی بۆ ده‌ربكرێ، كه‌ وه‌ك سه‌رۆك گوتی، ئه‌وكات ده‌یانگوت كورد یه‌ك نین و ڕای جیایان هه‌یه‌، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ كار بۆ ڕاپرسی كراوه‌، په‌رله‌مان دواتر بڕیاری دامه‌زراندنی كۆمسیۆنی دا، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕی داعش له‌سه‌ر كوردستان فه‌رز كرا و به‌ به‌رگریی له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌رقاڵ بوون، بابه‌ته‌كه‌ دواخرا.

(سه‌رۆك بارزانی) ئاماژه‌یشی دا به‌وه‌ی كه‌، گرفتی سه‌ره‌كی ده‌سته‌ڵاتدارانی به‌غدا له‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كوردستانیان، تازه‌ نییه‌، پێوه‌ندی به‌ داوای ره‌وای گه‌لی كوردستانه‌وه‌ نییه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی ''ئێمه‌ گوتمان سه‌رباری راپرسی به‌ گفتوگۆ كێشه‌كانمان چاره‌ بكه‌ین، به‌ڵام دواتر دژایه‌تی و شه‌ڕمان بینی، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی جارانیان.. خۆ كه‌ مه‌به‌ستمان بایه‌ راسته‌وخۆ سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یێنین، ئەو كاتە راماندەگەیاند كە سوپای عێراق ئینهیاری كردبوو یان ئەو كاتەی عێراق نغرۆی شەڕی تاییفی بووبوو".

(سه‌رۆك بارزانی) جه‌ختی كرده‌وه‌ ''ئه‌وه‌ی ده‌یبینین به‌رنامه‌ بۆداڕێژراوه‌ و ڕاپرسییان كرد به‌ بیانوو، ده‌مێكیشه‌ هێماكانی نیه‌تخراپییان ده‌ركه‌وتووه‌.''

ئه‌و ڕه‌خنه‌یشی له‌ وڵاتانی جیهان گرت و گوتی ''به‌ داخه‌وه‌ له‌ كاتی پێویستدا وڵاتان گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و مه‌بادئیان بیر چووه‌وه‌، ڕێك پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێستی پێشوویان كه‌ وایان نیشان ده‌دا، له‌ ه‌برگری له‌ مرۆڤایه‌تی و شكاندنی داعش، پادداشتی پێشمه‌رگه‌ و خوێنی شه‌هیدان بده‌نه‌وه‌، بۆ به‌غدایش هه‌مان شێوه‌، به‌ڵام به‌ داخه‌وه‌ بینیمان له‌وكاته‌وه‌ به‌رنامه‌یان وابووه‌، كه‌ڵك له‌و دۆخه‌ ببینن و تا گه‌یشته‌ شه‌ڕی حه‌ویجه‌ تا له‌وێ هێز كۆ بكه‌نه‌وه‌ و په‌لاماری كه‌ركووك بكه‌ن.''

ئاماژه‌ سه‌روبه‌ندی هه‌نگاوه‌كانی ئه‌نجامدانی راپرسی، (بارزانی) هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ''پێشتر گوتمان ده‌بێ پێشبینی گوشاری زۆر بكه‌ین، چونكه‌ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی باجی ده‌وێ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی پێشبینی نه‌ده‌كرا و به‌ خه‌یاڵماندا نه‌ده‌هات، ئه‌وه‌بوو له‌ شه‌وی 15-16 ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نشتیمانییه‌ بوو كه‌ كه‌ركووك ڕاده‌ست كرا و له‌ پشته‌وه‌ خه‌نجه‌ر له‌ كوردستان درا.''
ئاماژه‌ش به‌وه‌ی كه‌ ئه‌و خیانه‌ته‌ نه‌بایه‌ دۆخه‌كه‌ شێوه‌یه‌كی دیكه‌ ده‌بوو، (سه‌رۆك بارزانی) ڕایگه‌یاند، ''پێشتر پلانمان هه‌بوو كه‌ چۆن به‌رگری له‌ كه‌ركووك ده‌كرێ و ده‌مانزانی كه‌ هه‌وڵێك بۆ له‌باربردنی دۆخی كوردستان له‌ ئارادا بێ. به‌ڵئم خیانەتێکی گەورە لە شەوی 15 لەسەر 16ی ئۆکتۆبەر کرا، ئەوەی هەرگیز پێشبینیمان نەدەکرد و بە خەیاڵیشماندا نەدەهات؛ ئەو خیانەتە نیشتمانییە گەورەیە بوو کە لە کەرکووک ئەنجام درا، لە پشتەوە خەنجەری ژەهراوی لە پێشمەرگە و هەموو خەڵکی کوردستان درا".

هاوكات ڕایگه‌یاند، ''دەنگی سێ ملیۆن کەس بۆ سەربەخۆیی بە کەس ناسڕدرێتەوە.''

ڕاشكاوانه‌ش ڕه‌خنه‌ی له‌ هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا به‌رانبه‌ر به‌ ئه‌م دۆخه‌ گرت و (سه‌رۆك بارزانی) گوتی''ئه‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا به‌ تیرۆریست ناویان ده‌با و وا به‌ سواری تانكی ئه‌برامز دێنه‌ سه‌ر كوردستان، ئێستا پرسیار ئه‌وه‌یه‌ و ده‌بێ ئه‌مه‌ریكا له‌و پلانه‌ ئاگادار بووبێ، پلانێك كه‌ ده‌یه‌وێ ئه‌نفال و جینۆسایدی دی به‌سه‌ر كوردستاندا بێننه‌وه‌؟.''

(سه‌رۆك بارزانی) گوتیش، ''زۆر هه‌وڵمان دا شه‌ڕ نه‌بێ و هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌، پێشمه‌رگه‌ له‌ هه‌ندێ شوێن پاشه‌كشه‌ی كرد تا خوێن نه‌ڕژێ، به‌ڵام هێزه‌كانی حه‌شد هه‌ر ده‌هاتنه‌ پێش و ده‌یانه‌ویست هه‌موو جێیه‌ك بگرن، ناچار پێشمه‌رگه‌ به‌رگریی كرد، له‌ هه‌ر كوێیش پێشمه‌رگه‌ به‌رگری كردبێ، حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی دی نه‌یانتوانیوه‌ بێنه‌ پێشه‌وه‌.''

(سه‌رۆك بارزانی) چه‌ندباره‌ ڕووی قسه‌كانی ئاراسه‌تی به‌غدا كرد و ڕایگه‌یاند، ''كه‌ ئه‌وان باسی جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، باشه‌ با نیشانمان بده‌ن له‌ كوێی ده‌ستوور باس له‌ هێرشكاری بۆ سه‌ر كوردستان كراوه‌، كه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان شكاندنی شكۆ و هه‌یبه‌تی كوردستان نه‌بێ.''
هاوكات گوتی ''به‌ بریاربه‌ده‌ستانی به‌غدا ده‌ڵێین، ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێ چاره‌ی كێشه‌كان بكه‌ن، فه‌رموون ئێمه‌ ئاماده‌ین، به‌ڵام كه‌ مه‌به‌ستتان شكاندنی هه‌رێم و گه‌لی كوردستان  و خۆفه‌رزكردنه‌، پێتان ده‌ڵێین هه‌زاران ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له‌ به‌رگری ده‌كه‌ن و مردن هه‌ڵده‌بژێرین و ناهێڵین شكۆمان بشكێندرێ، ئه‌گه‌ریش به‌ حه‌شدی شه‌عبی ده‌تانه‌وێ ناسنامه‌ی ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان بشێوێنن، خه‌یاڵتان خاوه‌.''

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ''ئێمه‌ له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ناوچه‌كه‌ براین، نابێ سیاسه‌تی حكوومه‌ته‌كان برایه‌تیمان تێك بدات و گرفت بۆ پێوه‌ندیمان دروست بكات.''

جارێكی دی شه‌ڕی ئه‌م دواییه‌ی هێنایه‌وه‌ به‌ر باس و گوتی ''پێشمه‌رگه‌ زۆر هه‌وڵی دا شه‌ڕ ڕوو نه‌دا، به‌ڵام زێده‌ڕۆیی حه‌شد وایكرد خوێنكێكی زۆر بڕژێ، سپاس بۆ پێشمه‌رگه‌ كه‌ داستانی گه‌وره‌یان تۆمار كرد.''

(سه‌رۆك بارزانی) له‌ كتایی په‌یامه‌كه‌یدا پاتی كرده‌وه‌، ''من هه‌ر پێشمه‌رگه‌ و مه‌سعوود بازانیم، به‌ررزترین پله‌یش لای من پێشه‌مه‌رگبوونه‌.''
هه‌روه‌ها ڕووی په‌یامی سه‌رۆك له‌ جه‌ماوه‌ری كوردستان بوو و گوتی ''دڵنایاتان ده‌كه‌مه‌وه‌ من له‌گه‌ڵتان ده‌بم و پێشمه‌رگه‌ ده‌مێنمه‌وه‌ و سه‌ركه‌وتنیش بۆ ئێمه‌ ده‌بێ.
داوایش له‌ كوردستانیان ده‌كه‌م یه‌كڕیز بن و ئیراده‌یان به‌هێز بێ، چونكه‌ ناحه‌زان له‌ هه‌وڵی شكاندنی ئیراده‌ی كوردستان ده‌كات.
دڵنیام كوردستانیان هه‌ر سه‌رده‌كه‌ون چونكه‌ دۆزه‌كه‌یان ڕه‌وایه‌.''

 

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی:

https://www.youtube.com/watch?v=KWRFXp1Y9v4




دوایین هەواڵەکان

ئەمەریکا زەنگی جەنگێکی نێودەوڵەتیی لە دژی ئێران لێ دا

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 19:12:00

هەولێر-KDP.info-  باڵیۆزی ئەمەریکا لە یوئێن، زەنگی جەنگێکی نوێی بۆ ئێران لێ دا و، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییش، دێکۆمێنتی لایە کە ئێران دەستوەردانی کردووە لە یەمەن. بەگوێرەی قسەکانی (نیکی هێلی)، ئەمەریکا هاوپەیمانێتییەکی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناویندا پێک دەهێنێ.

کوڕی دۆستێکی کورد بوو بە سەرۆکوەزیرانی پۆڵۆنیا

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 19:12:54

پۆڵۆنیا-KDP.info-  (ماتێوش مۆراڤێچکی) وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی پۆڵۆنیا دەستبەکار بوو، (ماتێوش) کوڕی پەرلەمانتارێکی دۆستی گەلی کوردە کە لە کاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان باوکی (ماتێوش) وەک چاودێر لە کوردستانبوو و لەکاتی گەڕانەوەیشی بۆ پۆڵۆنیا رایگەیاند،  ئەو پێکەوەژیانەی لە کوردستان هەیە پێویستە ببێتە نمونەیەک بۆ رۆژهەڵاتی ناوین.

حەشد نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی لە شنگال جەژن بگێڕن

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 18:12:37

شنگال-KDP.info- هاووڵاتییەک لە شنگال دەڵێ، حەشدی شەعبی نەیهێشت ئێزدییەکان بە ئارامی جەژن لە شنگال بگێڕن، هەروەها نەیهێشت ئێزدییەکان نەریتێکی ساڵانەیان بەجێبێنن کە لە جەژندا سەردانی گۆڕستان دەکەن.

یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتیی، لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو دەکات

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 12:12:23

هەولێر-KDP.info-  شاندێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتی بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکانی خورماتوو گەیشتوونەتە ھەرێمی کوردستان و ئەندامێکی یەکێتیی مافپەروەرانی نێودەوڵەتییش دەڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی حەشدی شەعبی بەرانبەر بە گەلی کورد دەدەین.

چوار کچی دیکەی ئێزدی رزگار کران

FRIDAY, 15 DECEMBER 2017 09:12:01

شنگاڵ-KDP.info-  بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی کوردانی ئێزدی لە دەستی داعش دەڵێ، ئەمڕۆ توانرا چوار کچی دیکەی کوردی ئێزدی لە دەستی داعش رزگار بکرێن.



 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP