شنگال-KDP.info- فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە شنگال، (قاسم دربۆ) دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی ژمارەیەکی زۆر چەکداری پەکەکە لە شنگال هاتوونەتە نێو ڕیزی پێشمەرگەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی و سەربازیی پەکەکەش لە شنگال لێیان جیا بوونەتەوە.
(قاسم دربۆ) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕۆژانە چەکدارانی یەپەشە لە پەکەکە جیا دەبنەوە و پێوەندی بە ڕیزەکانی ھێزی پێشمەرگەوە دەکەن و تەنیا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا دوای ئەوەی وەجبەی یەکەم، کە نزیکەی ٥٠٠ چەکدار بوون و چوونە مەشق و ڕاھێنان، زیاتر لە١٠٠ چەکداری دیکەش پێوەندیان بە ھێزی پێشمەرگەوە کردووە و ئەوانەی جیایش بوونەتەوە، یەکەم مووچەی خۆیان وەرگرت.''
(قاسم دربۆ) گوتی: ''رۆژ بە ڕۆژ پەکەکە زیاتر لاواز دەبێت و ئێستا جگە لەوەی بەردەوام خەڵک و چەکدرانیان لێ جیا دەبنەوە، زیاتر لە ٥٠ بەرپرسی حزبی و سەربازیشیان لێ جیا بوونەتەوە و لە ماڵەوە دانیشتوون و پێوەندیان بە پەکەکەوە نەماوە، کە نزیکەی ٤٠ کەس لەوانە لە ڕێی منەوە وازیان لە پەکەکە ھێناوە.''
(دربۆ) ڕوونیشی کردەوە: ''بەشێک لەو بەرپرسانە لە نێو یەپەشەدا بەرپرسیارەتیان ھەبوو و بەشێکیشیان لەنێو ئەو ئەنجومەنەیاندا بوون، کە لە شنگال دایاننابوو و چەند بەرپرسێکیش ئەوانە بوون، کە لە قەندیل ماوەی سێ مانگ مەشق و ڕاھێنانیان کردبوو و کەسانی دیار بوون و بەردەوام لە میدیاکانی پەکەکەوە دەردەکەوتن و لێدوانیان دەدا، بەڵام ئێستا ھیچ پێوەندیان بە پەکەکەوە نەماوە.''
بڵند ئیبراھیم