عەبدولسەلام بەرواری
ساڵی ١٩٧٦، رێکخستنەکانی پارتی، بە جلی کوردی بەشدار بوون لە رێپێوانێکی جەماوەریی گەورە لە شاری (ڤییەنا)ی پایتەختی (نەمسا)، بە بۆنەی یەک ئەیاری رۆژی جیهانیی کرێکاران. پێش گەیشتنمان بە خاڵی کۆتاییپێهێنانی چالاکییەکە، دوو کەسی نەمساوی، خۆیان نزیکی ئێمە کرد و خۆیان بە ئێمە ناساند، دەرچوو ژن و مێردێکن بە ناوی (دانینگەر) و هەردووکیان میدیاکاری ناسراو و بەناوبانگی نەمسان، داوایان کرد لە کافتیریایەک دابنشین، چونکە بە نیازن ریپۆرتاژێک لەسەر ئەم بەشدارییەی کوردەکان لەم بۆنەیەوە ئامادە بکەن.
لە سەرەتای دانیشتینمان، پیاوەکە پرسیاری کرد: ئێوە چ پەیوەندییەکتان بە بارزانی هەیە؟
یەکێک لە هەڤاڵان لە ترسی ئەوەی بوونی بارزانی لە ئەمەریکا بۆ چارەسەری و پەیوەندییەکانی شۆڕشی ئەیلوول لەگەل ئێران، لای ئەمان جێگای رەزامەندی نەبن، بە کوردی و بە زمانی جەستە داوای کرد رەتی بکەینەوە کە پەیوەندیمان بە بارزانی هەیە.
پیاوە نەمساییەکە هەستی بەمە کرد و پێش قسەکانی ئەم هەڤاڵەمان وەربگێڕم، بە ئێمەی گوت: وا دیارە ئەم برادەرەتان دەیویست بڵێن کە پەیوەندیتان لەگەڵ بارزانی نییە، تکاتان لێ دەکەم، وەک دۆستێکی میللەتی کورد، هەڵەی لایەنەکانی تر مەکەن. ئەگەر پەیوەندییشتان لەگەڵ بارزانی نییە، بڵێن هەتانە، چونکە بەمە دەچنە ناو دڵی نەمساییەکان. باوەڕم پێ بکەن ئەگەر کەسێک لەم وڵاتەدا کورد بناسێت ئەویش لە رێگای ناسینی بارزانییەوەیە.
(گوینتەر دێشنەر) لە کتێبە بەناوبانگەکەی کە باسی بارزانیی نەمر دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە پاش (سەڵاحەددینی ئەیوبی)، بارزانی ناسراوترین کەسایەتیی کوردە لە جیهان و ئەوە یەکەمین جارە میللەتێک لە رێگای سەرکردەکەیەوە بناسرێت.
(مارتن ڤۆن برۆینسن) لە پێشەکییەکەی بۆ کتێبی (ودیع جویدە) دەنووسێت کە بارزانیی نەمر، بۆ یەکەمین جار لە مێژووی کورددا، توانی کوردەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان لەژێر ئاڵای یەک سەرکردە و یەک شۆڕشی سەرتاسەریدا کۆ بکاتەوە، بۆیە ئەو شۆڕشی ئەیلوول بە دەستپێکی راستەقینەی بزاڤی نەتەوەیی کورد دادەنێت.
بە درێژاییی شۆڕشی ئەیلوول، کە چواردە ساڵی خایاند، بۆ یەکجاریش حکوومەتەکانی بەغدا جورئەتی ئەوەیان نەدەکرد بانگێشتی بارزانی بۆ بەغدا بکەن، بەڵکو سەرۆککۆمار (عەبدولرەحمان عارف) و سەرۆکوەزیران (تاهر یەحیا) و جێگری سەرۆک (سەددام حوسێن) دەچوونە خزمەتی بارزانیی نەمر.
ئەمرۆیش کە سەرۆک بارزانی لە (داڤۆس) و (مونشن) و کۆشکی سپی و ئەلیزێ و رۆما و بەرلین وەک سەرۆک دەوڵەت رەفتاری لەگەڵ دەکرێت، پێگە و پێزانینی و ددانپێدانانی جیهانە بە سەرۆک بارزانی و ئەو پەیامەی رێبازی بارزانی.
ئەوکات و لەم رۆژانەش، کەسانێکی ئالوودەی نەخۆشیی ناوچەگەری و خۆبەزلزان شک دەخەنە سەر ئەم پێگەیە و ئەم ددانپێدانانەی جیهان، چۆن لە ١٩٦٤ باوەڕ بەوە دەکرا کە بارزانیی نەمر بە بریارێک لە گۆڕەپان دوور بخرێتەوە، هەر پێش دووساڵ هەمان عەقڵیەت پێی وا بوو بە کۆبوونەوەیەکی پەرلەمان سەرۆک بارزانی لا دەدرێت.
میللەتی کورد باوەڕی بە بارزانیی نەمر هەبوو چونکە، هەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان بوو، سەرۆک بارزانییش ئەم ئاڵایەی گەیاندووەتە قۆناغی کۆتایی و بەرەو ئەنجامدانی دەچێت.