Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 21:59 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

حکوومەتی هەرێم وەڵامی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتیی دایەوە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  حکوومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامی ئەو ڕەخنانەی ڕێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دایەوە، کە لە حکوومەتی هەرێمی گرتوون و، ئەمە دەقەکەیەتی:

ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى لە ڕێکەوتى 22/2/2017 ڕاپۆرتى ساڵانەى خۆى سەبارەت بە ڕەوشى مافى مرۆڤ لە جیهان دەرکردووە. لە بەشێکى ڕاپۆرتەکەیدا، کە تایبەتە بە عێراق و هەرێمی کوردستان، ئەو ڕێکخراوەیە دەربارەی چەند پرسێک ڕەخنەی لە هەرێمى کوردستان گرتووە؛ لەوانە پێشێلکردنی ئازادیى میدیا و کاری ڕۆژنامەگەرى لە هەرێمى کوردستاندا و، لەم ڕووەوە ئاماژەی بە کەیسى ڕۆژنامەنووس (ویداد حسێن) کردووە؛ دەربارەی هەڵسوکەوتی دامودەزگا ئەمنییەکانی هەرێم لەگەڵ ئەو کەسانەی بە تۆمەتی تیرۆر دەستبەسەر کراون و دەستگیرکردنی ژمارەیەکی زۆر هاووڵاتیی عەرەبی سوننەش ڕەخنەی گرتووە و، تیشکیشی خستووەتە سەر کەیسى (باسیمە دەروێش) و مانەوەی بەبێ دادگاییکردن لەلای هێزە ئەمنییەکان.

لەم بارەیەوە لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان لە ئەنجوومەنی وەزیران بەیاننامەیەکی سەبارەت بە ڕاپۆرتەکە بڵاوکردەوە، ئەمەش دەقەکەیەتی:
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان، ئەو ڕاپۆرتانەی کە لەلای لایەنە نێودەوڵەتییەکانەوە سەبارەت بە هەرێمی کوردستان دەردەچن، بەرز دەنرخێنێت، بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆکی ڕاپۆرتەکان بابەتی بن، چونکە دەبنە هۆکاری بەدواداچوونی ورد بۆ ڕەوشی مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستاندا. سەبارەت بە ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوى لێبوردنى نێودەوڵەتى، کە لە ڕێکەوتى 22/2/2017دا بڵاوکراوەتەوە، ئێمە وەک لیژنەی بەدواداچوونی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان تێبینی و سەرنجەکانی خۆمان سەبارەت بەو کەیسانەی کە باس کراون، بەم شێوەیە دەخەینە ڕوو:

یەکەم: ئازادیی میدیا و ڕادەربڕین

لە کوردستان ئازادیی ڕاگه‌یاندن و ڕاده‌ربڕین به‌پێی یاسا ڕێکخراوه‌ و بە سوودوەرگرتن لە یاسا‌، سه‌دان ڕۆژنامه‌ و گۆڤار و ڕادیۆ و ته‌له‌فزیۆن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا هه‌ن، كه‌ به‌پێی ڕێوشوێنی تایبه‌ت، مۆڵه‌تی كاركردنیان هه‌یه‌ و مافی ڕۆژنامه‌نووس و میدیاكاران به‌پێی یاسا پارێزراوه‌. له‌ كاتی بوونی هه‌رحاڵه‌تێكی دژ به‌ ڕێنمایییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستاندا، کە پێشێلكردن بێت، یان بچێته‌ خانه‌ی ته‌شهیر و ناوزڕاندنەوە، ئه‌وە كار به‌ یاسای هه‌مواركراوی سزادانی عێڕاقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969 ده‌كرێت.

هەرکاتێک ڕۆژنامەنووس یان دەزگایەکی میدیایی لە پێشێلکردنی یاسا بەرپرس بێت، ئەوا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر ناکرێت، چونکە بەپێی یاسای ڕۆژنامه‌نووسیی ژماره‌ (35)ی ساڵی2007، تایبەت بە کاری ڕۆژنامەوانی، ناکرێ هیچ ڕۆژنامەنووسێک، بەبێ بڕیاری دادگا و ڕەزامەندیی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەستگیر بکرێت.

کەیسی ڕۆژنامەنووس (ویداد حوسێن)

(ویداد حوسێن) ڕۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆک لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە ڕفێندرا، کاتژمێر (١٢) لە نزێک گوندی (سێجێ) بە برینداری دۆزراوە و دوای ئەوەی ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کرا، بەداخەوە لەبەر سەختیی برینەکەی گیانی لە دەست دا. دوای ڕووداوەکە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (23793) و لەسەر بنەمای ڕێنمایییەکانی جەنابی سەرۆکی هەرێم لە (14/8/2018) لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بە سەرۆکایەتی موقەدەمی مافپەروەر (عیسمەت فەرەج محەمەد ساڵح)، بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی دهۆک و بە ئەندامەتیی هەریەک لە ڕائیدی مافپەروەر (وڵات سدیق ئیبراهیم)، ئەفسەری نووسینگەی کوشتن و، ڕائیدی مافپەروەر (بەهدین سەربەست عەلی)، ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی (سێمێل) لەسەر چۆنییەتیی ڕفاندن و کوشتنی ڕۆژنامەنووسی ناوبراو پێکهێنرا. بەپێی لێدوانەکانی ئەندامانی لیژنەکە و دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت کە (ویداد حوسێن)، ڕۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆک لەلایەن دوو ئۆتۆمبیلی جۆری (کیا) تایبەت،  بە ڕەنگی ڕەش و، (ئۆپترا) تایبەت، بە ڕەنگی سپی ڕفێندراوە و، کاتژمێر (١٢) ناوبراو لە نزیک گوندی (سێجێ) بە برینداری دۆزراوەتەوە و لەلایەن موختاری گوندەکە و بەپێى وتەکانى موختار کە ئەو یەکەم کەس بووە گەیشتووەتە سەر (ویداد حوسێن) و پرسیارى لێ کردووە، لە وەڵامدا تەنیا گوتوویەتى، ئەو دانیشتووى شارى دهۆکە، ئینجا موختار پێوەندیى بە پۆلیس کردووە بۆ گواستنەوەى و، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی دهۆک کراوە، بەڵام بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە لە نەخۆشخانە گیانی لە دەست داوە.

دواتر چەند کەسێکی گومانلێکراو دەستگیر کران و گوتەیان لێ وەرگیرا، هەروەها گوتەی (5) کەسی نزیک لە شوێنی ڕووداوەکەش وەک شاهید تۆمار کرا و پەڕاوی کەیسەکە ڕەوانەی دادگای تاوان کرا. دواتر دادوەر بەپێی ماددەی (406/ی.س)  لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١ی ساڵی ١٩٦٩ - هەموارکراو) بڕیاری دا بە دەستگیرکردنی تاوانباری نەناسراو و هێشتنەوەی دۆسییەکە بەکراوەیی و بەردەوامبوونی لێکۆڵینەوەکان تا کاتی دۆزینەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەکە.

بەپێی بەدواداچوونە سەرەتایییەکانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دهۆک خزم و کەسی (ویداد حوسێن) سکاڵایان لەسەر هیچ کەسێک بەرز نەکردووەتەوە، بۆیە وەک حاڵەتێکی ئاسایی بەپێی یاسا لە کاتی نەبوونی هیچ سکاڵایەک، دامودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەت، وەک مافی گشتی لەرووی یاسایییەوە مافی جووڵاندنی داوای سزایییان هەیە.
دووەم: ده‌ستگیركردنی ئەو کەسانەی لە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون

لەگەڵ هاتنى ڕاگوێزراوان بۆ ساترەکانى هێزى پێشمەرگە وەک ڕێوشوێنێکی ئەمنی، تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن، ئەویش پشکنینێکی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کەسانی تیرۆریست و خۆکوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەکانى پێشوازى. دواى گواستنەوەى ڕاگوێزراوان بۆ سەنتەرى پێشوازى، لەوێش تەنیا پیاوەکان دەپشکێندرێن و بەهیچ شێوەیەک پشکنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، تەنانەت خودی ڕێکخراوەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گلەیی ئەوەیان کردووە، کە بۆچی ئافرەتەکان ناپشکێندرێن، بەڵام بەهۆی ڕەچاوکردنی دابونەریتی کۆمەڵایەتی و بە حورمەتی خەڵکەکە، تا ئێستا ئافرەتە ڕاگورێزراوەکان پشکنینیان بۆ ئەنجام نادرێت.

زۆر جار لە کاتی ڕوودانی شەڕدا هەندێک کەس دەستگیر کراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە، ئەوانەی کە بێتاوان دەرچوون، ئازاد کراون و ئەوانەی کە پێوەندییان بە داعشەوە هەبووبێت، بەپێی ماددەی (٤)ی یاسای دژەتیرۆر، کە پێشتر کاری پێ دەکرا، ڕەفتاریان لەگەڵدا کراوە. هەروەها لەدواى ڕزگارکردنى هەرناوچەیەک لەلایەن هێزى پێشمەرگەوە، بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنێکی ئاسایی، دانیشتوانى ناوچەکە کۆدەکرێنەوە و ئافرەتان بەجیا و پیاوانیش بە جیا، ئەگەر دەرکەوێت هەرکەسێک پێوەندیى بە داعشەوە هەبووبێت، بەپێی زانیاریی هەواڵگری، وەک (وێنە یان تۆمارى دەنگى یان دوو شاهید)، دەستبەسەر دەکرا و بۆ ماوەى (24) کاتژمێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرا و دواتر ڕەوانەى بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشى ناوچەکە دەکرا. ئەگەر دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتبا کە پێوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەى دادگاى تایبەت دەکران و هەموو مافێکیان هەبوو و کەسوکاریشیان لە دەستگیرکردنی و ئەو تۆمەتەی لەسەری دەستگیر کراوە، ئاگادار دەکرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەکی درووستیان لەسەر نەبووبێت، ئەوا ئازاد کراون و ئەو ڕێوشوێنانەی کە دەزگا ئەمنییەکان دەیگرنە بەر ڕێوشوێنێکی ئاساییە، لە هەموو شوێنێک، لە کاتی جەنگدا بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان ئەنجام دەدرێن.

بەشێوەیەکی گشتی، وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌زگای جێبه‌جێكردنی بڕیار و فه‌رمانه‌كانی داگاكانه‌ و هه‌ركه‌سێك فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی له‌ دادگا بۆ ده‌رنه‌چووبێت، ده‌ستگیر ناكرێت، به‌پێی یاسای سزادانی عێراقی ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969 - هه‌مواركراو، پاش ده‌رچوونی فه‌رمانی ده‌ستگیركردن له‌لایه‌ن دادگاوه‌، تۆمه‌تبار ده‌ستگیر ده‌كرێت و هه‌موو ڕێكاره‌ یاسایییه‌كانی به‌رامبه‌ر ده‌گیرێته‌ به‌ر و به‌پێی یاسای بنه‌ماكانی دادگاییكردنی سزایی (اصول المحاكمات الجزائیه‌) ژماره‌ (23)ی ساڵی 1971ی هه‌مواركراو، به‌م پێیه‌ش وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌سه‌ڵاتی گرتن و ئازادكردنی كه‌سی نییه،‌ ئه‌گه‌ر دادگا فه‌رمانی ده‌ستگیركردنی نه‌دات.

دوای ئه‌وه‌ی ڕاگیراو، حوكمی له‌ دادگاوه‌ بۆ ده‌ره‌دچێت، ڕه‌وانه‌ی داموده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ ده‌كرێت بۆ سه‌پاندنی سزاكه‌ی به‌پێی ڕێوشوێنه‌ كارپێكراوه‌كان، به‌ڵام ئه‌شكه‌نجه‌ نادرێ، چونكه‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان تاوانه‌ به‌پێی یاسای سزاكانی عێراقی كه‌ له‌ مادده‌ی (333). به‌پێی مادده‌ (19)، بڕگه‌ 12/ای ده‌ستووری عێراق ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی ئیداری (حجز اداری) قه‌ده‌غه‌ كراوه‌ و ده‌سه‌ڵاتی به‌ندكردن، ته‌نیا دراوه‌ته‌ دادوه‌ر.

کەیسی (باسیمە دەروێش)

سەبارەت بە کەیسی (باسیمە دەروێش)، ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی 21/2/2017 لە دادگای تاوان/٢ی هەولێر، پڕۆسەی دادگاییکردنی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش)، کە بەپێی ماددە (٣)، بڕگە (٧)ی یاسای دژەتیرۆری ساڵی 2006 دەستگیر کرابوو، دادگاکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر (فازل عەباس) و ئەندامەتیی دادوەران (زرار هەرکی) و (دادیار حەمید) بەڕێوەچوو، پاش وەرگرتنی ئیفادەکان لە تۆمەتبار، دادگا هەڵسا بە دانانی ماددە (٢)، بڕگە (٨) کە بریتییە لە داپۆشینی تاوان (تستر)، لەجیاتیی ماددە (٣)، بڕگە (٧)ی یاسای دژەتیرۆر، کە بریتییە لە هەبوونی پێوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەکانەوە. جێگری داواکاری گشتی داوای کرد، ناوبراو ئازاد بکرێت، بەپێی ماددە (دوو) بڕگە (ج) لە یاسای بنەماکانی دادگایی، سزای عێراقی ژمارە (٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، پاش گفتوگۆی سەرۆک و ئەندامانی دادگاکە و لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانی ناوبراو، بڕیار درا بە ئازادکردنی (باسیمە دەروێش) و بڕیارەکەش قابیلی تەمیزە لە دادگای تەمیز، لە ماوەی ٣٠ ڕۆژدا، پاش پەسەندکردنی لە دادگای تەمیز بڕیارەکه پلەی تەواو وەردەگرێت (الدرجة القطعیة) و تاوانبار ئازاد دەکرێت، بەڵام ئەگەر دادگای تەمیز بەپێچەوانەوە بڕیاری دادگای تاوانی پەسەند نەکرد، ئەوا ناوبراو سزا دەدرێت بەپێی یاسا، بۆیە تا دادگای تەمیز بڕیاری کۆتایی خۆی دەدات، ناوبراو دەمێنێتەوە لە بنکەی چاکسازی.

لە کاتی مانەوەی لە بنکەکانی گرتن و گواستنەوە (باسیمە دەروێش) هەموو مافێکی یاسایی هەبوو، دیارە پرۆسەی دادگاییکردن لە هەر سیستەمێکی یاسایی لە هەروڵاتێکدا بێت، قورسە و کاتی زۆری دەوێ، بەتایبەتی ئەگەر کەیسەکان پێوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبێت، لە سیستەمی یاساییی هەرێمی کوردستاندا چەند ڕێوشوێن و ڕێکاری یاسایی هەن، کە پێویستە پەیڕەو بکرێن، لە کاتی یەکلاکردنەوەی کەیسەکاندا، بۆیە لایەنە پێوەندیدارەکان وەک هەردەستگیرکراوێک مامەڵەیان لەگەڵ کەیسی  (باسیمە دەروێش)دا  کردووە و هەموو مافێکی یاسایی پێ بەخشراوە، بەپێی یاسا وەک دابینکردنی پارێزەر و ڕێگادان بە سەردانی کەسوکاری، هەروەها ڕێکخراوە مرۆییەکانیش بە بەردەوامی سەردانیان کردووە و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم کەیسە کردووە.

سیستمی یاسایی لە کوردستان ڕێرەوی خۆی گرتووە و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە و پابەندە بە جێبەجێکردنی یاسا و پاراستنی پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و لەم بوارەوە دامودەزگا پێوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕێگاخۆشکەر بوونە بۆ ئەوەی مافی یاساییی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بدات و بەبێ جیاوازی مسۆگەر بکرێن.

سێیەم: ئازادیی هاتوچۆی ڕاگوێزراوەکان

دامودەزگا پێوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان ڕێگا لە هاتوچۆی ئاوارە و پەناباران ناگرن، بەڵام بە هۆی بەردەوامیی شەڕی داعش و مەترسیی ئەمنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێک ڕێوشوێنی ئەمنییان گرتووەتەبەر، بەتایبەت لە هەندێ ناوچەى دیاریکراو کە زۆرترین مەترسیی دزەکردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ هاووڵاتییە عەرەبەکانە بە مەبەستی ڕێگرتن لە دزەکردنی تیرۆریستان بۆ  نێو کوردستان، خاڵەکانى پشکنین دوابەدواى وردبینکردن لە دۆکیومینتەکانى ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانیان لەلایەن هۆبەى خاڵەکانى پشکنینەوە بە ئۆتۆمبێلى تایبەت کە لەلایەن ڕێکخراوە مرۆیییەکان و کۆمەڵگەى مەدەنییەوە ئامادەکراون دەگوازرێنەوە بۆ کەمپەکان.

لەنێو کەمپەکانیشدا لایەنە پێوەندیدارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی کەمپەکان چەند ڕێوشوێنی تایبەت دەگرنەبەر، بۆ هاتوچۆی ڕاگوێزراوان بۆ دەرەوەی کەمپەکان، تەنانەت مۆڵەتی ئەوەشیان پێ دەدرێت کە لە شارەکاندا کار بکەن و لەم ڕووەوە ئاسانکاریی زۆریشیان بۆ دەکەن، بە شێوەیەکی گشتی ئاوارە و ڕاگوێزراوان ئازادن لە هاتوچۆکردن و بنکەی تەندروستییان هەیە، بەڵام هەر کەسێک پێویستیی بە چارەسەر بێت و لە کەمپەکە چارەسەر نەکرێت، ئەوا دەنێردرێنە نەخۆشخانەکانی پارێزگاکانی هەرێم بۆ چارەسەر کردن.

سکرتاریەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە نێودەوڵەتییەکان
٢٣/٢/٢٠١٧




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact