Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 27 APR 2024 01:02 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

گوته‌بێژی پارتی: پارتی و یەكێتی له‌گه‌ڵ به‌غدادا پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌خه‌نه‌ به‌ر باسه‌وه‌
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info-  لەبارەی یەكلاكردنەوەی پرسی سەربەخۆییی باشووری كوردستان، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیێنێ، ''بە کۆبوونەوەیەک كۆتایی بەم شتانە نایەت و دەبێت لەگەڵ بەغدا پشوودرێژ بین، چونکە ئەم بابەتە هەم پشوودرێژی، هەم وردبوونەوەیەکی یەکجار زۆر و، هەم رازیکردنی چەند لایەنێكی نێو حکوومەتی بەغدای دەوێت''، لەبارەی پشوودرێژی لایەنەكانیش لە نێوخۆی كوردستاندا، گوتەبێژی پارتی دەڵێت "پێویستە پشوودرێژیمان بۆ ئەوە بێت یەکتر قبووڵ بکەین، نەک کاتێکی زۆر بدەینە کۆبوونەوەکان".

(مەحموود محەممەد) گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ میدیای رووداو باسی پێکهێنانی ئەو شاندە كوردستانییەی كرد كە بڕیارە بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی سەربەخۆیی و کێشەکانی دیکەی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق بچێتە بەغدا.

(مەحموود محەممەد) رایگەیاند "دوای ئەوەی لەگەڵ برایانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان گەیشتینە رێککەوتن لەسەر ئەو بابەتانەی لە کۆبوونەوەکانی پێشوودا خاڵبەندیمان بۆ کردبوون، لە داهاتوودا لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆیان لەسەر دەکەین و، هەوڵ دەدەین هەموو لایەنە بەشداربووەکان لە پرۆسەی سیاسی، لە پێکهێنانی ئەم لیژنەیەی دەچێتە بەغدا بەشدار بن".

لەبارەی هەنگاوی دووەم (مەحموود محەممەد) گوتی "ئەوکاتە دەبێت گفتوگۆ لەسەر کۆی ئەو بابەتانە بكرێت كە پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغداوە، لەنێویشیاندا مەسەلەی سەربەخۆییی کوردستان، پێویستیشە بیر لە شێوازێکی دیکەی پێکەوەژیان بکەینەوە".

گوتەبێژی پارتی گوتیشی "پێمان وایە ئەگەر دوو دەوڵەتی سەربەخۆ و هاوسێی یەک بین و پارێزگاری لە بەرژەوەندییەکانی یەک بکەین، چاکتر دەتوانین و لە ڕووی سیاسی و ئابوورییەوە دەبینە پاڵپشتی باش بۆ یەك، تەنانەت لە ڕووی کۆمەڵایەتییشەوە، بۆ ئەوەی بتوانین لە ناوچەکەدا دوو هاوسێی باش بین و کاریگەریمان هەبێت".

سەبارەت بە پەیامی ئەمجارەی شاندی کوردی بۆ بەغدا، (مەحموود محەممەد) گوتی "بە کۆبوونەوەیەک كۆتایی بەم شتانە نایەت، دەبێت لەگەڵ بەغدا پشوودرێژ بین، چونکە ئەم بابەتە هەم پشوودرێژی و هەم وردبوونەوەیەکی یەکجار زۆری دەوێت، هەم رازیکردنی چەند لایەنەی لەنێو حکوومەتی بەغدا دەوێت، چونکە هێشتا ئەقڵیەتێک لەنێو دەسەڵاتی بەڕێوەبردنی عێراقدا هەیە، کە لەوانەیە لەگەڵ سەربەخۆییی کوردستاندا نەبێت".

وەك گوته‌بێژی پارتی ئاماژەی دا "هەندێکجار پێیانوایە ئەمە بەشێکە لە داپچڕاندنی عێراق و لێکجیاکردنەوەی عێراق، بۆیە دەبێت پشوودرێژ بین، پێویستە لیژنەکەمان بە بەردەوامی لەسەر ئەم بابەتە قسە بکات و ئەجێندای خۆی دیاری بکات، بەهەموو لایەنە کوردستانییەكانیشەوە هاوکاریان بین و هاوفکریان لەگەڵ بکەین بۆئەوەی بتوانین بگەینە ئاکامێک هەموو لایەک پێی رازی بین، تاوەكو لەو هەموو کێشەوبێشانەی دێنە رێمان لە مەسەلەی پێکەوەژیان رزگارمان ببێت".

پارتی و یەكێتی رێككەوتوون کۆمیتەیەک لەسەر ئەو بابەتە پێکبهێنن و سەردانی بەغدا بكات، بەڵام قسە لەسەر وردەكارییەكانی نەكراوە، (مەحموود محەممەد) گوتی "رێککەوتووین کۆمیتەیەک پێکبهێنین، ئەو کۆمیتەیە سەردانی بەغدا بکات، بەڵام ئەمە شتێکی گشتییە و هێشتا باسی جوزئیاتی چۆنیەتی پێکهێنانی کۆمیتەکە و ژمارەیان و كاتی چوونیان نەكراوە، لە کۆبوونەوەی داهاتوودا کە بەمنزیکانە ئەنجام دەدرێت، باس دەكرێن".

(مەحموود محەممەد) پێیوایە رێککەوتن زۆر شت چارەسەر دەکات و بەبۆچوونی ئەو، بەشێک لەو گرژییانەی ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەن، لە ئاکامی ئەو ناتەباییەی لەنێو پرۆسەی سیاسی كوردستاندا هەیە، دروستبوونە، "بۆیە ئەگەر بەشدارانی پرۆسەی سیاسی لە نێوخۆی کوردستان تەبابن و یەکڕیزی هەبێت، ئەو گرژیانە هێندە کاریگەرییان نابێت، لەلایەکی دیکەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو قەیرانانەی ئێستا تووشی هەرێمی کوردستان بوونە، یەکدەنگ بین، ئەوەندە کاریگەرییان نابێت، بەهەموو لایەکەوە لەبری ئەوەی بمانەوێت بارودۆخەکە چارەسەر بكەین، دەیانەوێت بارۆدۆخەکە گرژ بکەن".

گوتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد لەگەڵ لایەنەكان هەوڵی ئەوە دەدەن پێکەوە چۆن بەرەنگاری قەیرانەکان ببنەوە و گوتی "ئەگەر پێشمان بنبڕ نەکرێن، بەڵام کاریگەرییە سلبییەکانیان لەسەر خەڵکی کوردستان کەم بکەینەوە، بۆیە رێککەوتنەکانمان کاریگەرییەکی یەکجار زۆر ئیجابییان دەبێت، جیا لەوەی یەکڕیزی کوردستان لەبەرامبەر هەموو لایەنەکانی دیکەی چ ناوچەیەیی بن چ عێراقی نیشان دەدەین، کە ئەوانیش کەمتر بیانەوێت دەست وەربدەنە نێو پرۆسەی سیاسی، بەئامانجی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان، کە بەرژەوەندییەی هەندێكیان لەگەڵ بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان یەکناگرێتەوە".

سەبارەت بەو رێککەوتنەی لەگەڵ یەکێتی ئەنجامی دەدەن، (مەحموود محەممەد) ئاماژەی بەوەدا، ئەوان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ یەکێتی باسی ئەوەیان کردووە هەم رێککەوتنی ستراتیژی بەپێی هەلومەرجی ئێستا هەموار بکەنەوە، هەم پێداچوونەوەی پێدا بکەن و لەڕووی سیاسی، ئابووری، کۆمەڵایەتی و پەیوەندی ناوچەییەوە لەگەڵ بارودۆخی ئێستا بیگونجێنن، هەمیش دەکرێت لەسەر بنەمایەکی نوێ رێککەوتنێکی نوێ ئەنجام بدەن، کە ئەویش بابەتێک بووە لە کۆبوونەوەی پێشوو باسیان کردووە، ئەم رێککەوتنە ببێتە بناخەیەک بۆ ئەوەی چۆن بەرەنگاری ئەو تەحەدیاتانە ببینەوە کە ئێستا لە ناوچەکەدا هەن.

گوتەبێژی پارتی جەختی لەوە كردەوە، ئەوان زۆر جیددین و بە پەلەشن بۆ ئەوەی هەرچی زووترە کۆتایی بەم بابەتانە بهێنن، پەیامەكەشیان لە كۆبوونەوەكاندا بە هەموو لایەنەكان راگەیاندووە، گوتیشی "پێویستە پشوودرێژیمان بۆ ئەوە بێت یەکتر قبووڵ بکەین، نەک کاتێکی زۆر بدەینە کۆبوونەوەکان، چونکە گۆڕانکارییەکان زۆر خێران و لەسەر ئێمە ناوەستن، ئەگەر ئامادەکاری پێویستمان نەبێت، زیان دەکەین و گۆڕانکارییەکان کۆمەڵێک گرفتی دیکەی ئابووری، سیاسی و کۆمەڵایەتیمان بۆ دێننە ئاراوە، کە ئەمە لەبەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و نیشتمانیماندا نییە".

(مەحموود محەممەد) بەپێویستی زانی "بەپەلە بین و لە چەند کۆبوونەوەیەکدا ئەو بابەتانە تاوتوو بکەین، بگەینە ئاکامێک و رێککەوتنێک و هەوڵ بدەین زۆربەی زۆری لایەنەکانی دیکەی بەشدار لە پرۆسەی سیاسیی کوردستانی تێدا بەشدار بن، بۆ ئەوەی زاڵ بین بەسەر تەنگژە و قەیرانەكاندا".

هەر سەبارەت بە رێککەوتنیان لەگەڵ یەکێتی، (مەحموود محەممەد) گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی "مەبەست ئەوەیە ئێمە و یەکێتی بناخەیەک دابڕێژین، لەسەر ئەو بناخەیە کە رێککەوتنێکمان ئەنجام دا، پێکەوە وەکو پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش گفتوگۆ بکەین، بۆ ئەوەی ئەوانیش بەشداربن لەو پرۆسیەدا".




دوایین هەواڵەکان

پەیامێک لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 23:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سیڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەست دا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستییم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (خالید ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:35

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (خالید حاجی ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات.

 
پەیامێک لە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:54

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ پێویسته‌ ئه‌ركى خۆیان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌هه‌ر لایه‌نێك بن، بگێڕن و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن". 

 
بەیاننامەیەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:16

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە دەکات.

 
نەوزاد ھادی بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا: خزمەتی خەڵکی بکەن

FRIDAY, 26 APRIL 2024 21:04:32

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی نەینەوا و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی پارتی کۆبووەوە 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact