Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 20:22 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سەرۆک بارزانی: کەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەکپارچەیی عێراق گلەیی لە ئێمە بکات
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ نوێنەر و كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە و رایگەیاند کە کەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەکپارچەیی عێراق گلەیی لە ئێمە بکات، چونکە هەم لەپێش 2003 و لە دوای ئەوەیش، هەموو شتێکمان کرد بۆ چەسپاندنی شەراکەتی ڕاستەقینە و فرەیی و دیموکراسی و فیدڕاڵی. پێوەست بە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵیش، (سەرۆک بارزانی) رایگەیاند کە، ئەوانەی موسڵیان ڕادەستی داعش کرد حەزیان نەدەکرد ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێ بکات و سەربگرێت، چونکە خۆیان شکابوون و نەیاندەویست سەرکەوتنی خەڵکی دی ببینن.


ڕۆژی پێنجشەممە 12ـی 1ـی 2017 لە سەلاحەدین (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان وەك نەریتێكی ساڵانە، بە مەبەستی گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم بە نوێنەری وڵاتان و گەیاندنی بیروبۆچوون و سیاسەتی گشتیی هەرێم و شیكردنەوەی دوایین پێشهاتە سیاسیی و ئەمنییەکان و  پرسە ناوخۆیی و هەرێمایەتییەکان، لەگەڵ سەرجەم كونسوڵ و سەرۆكی نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەولێر كۆبۆوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەکەدا (فەلاح مستەفا)، بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ (سەرۆک بارزانی) لەمەڕ پشتیوانیکردنی فەرمانگەکەیان و ڕێکخستنی دیدارەکە، کورتەیەکی لەسەر بەرەوپێشچوونی ئاستی پەیوەندییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و زیادبوونی ژمارەی نوێنەرایەتییەکانی وڵاتان لە هەرێم پێشکەش کرد.
دواتر (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی بۆ ئامادەبووان پێشكەش كرد و تێیدا وێڕای بەخێرهێنانیان پیرۆزبایی ساڵی تازەی زایینی لە نوێنەری وڵاتان كرد و هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن.
(سەرۆك بارزانی) باسی سەرەتای سەرهەڵدانی داعش و هۆکارەکانی بەهێزبوونیان و پەلاماردانی کوردستان لەلایەن ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییەی كرد و مەترسییەكانی تیرۆریستانی بۆ سەر ئاساییشی جیهانی و كۆی مرۆڤایەتی بۆ ئامادەبووان شی كردەوە و باسی لە قۆناغەكانی شەڕی پێشمەرگە و داعشی كرد كە تێیدا پێشمەرگە بە ئیمکانییەتێکی کەم و قوربانیدانێكی زۆر سەرەتا هەوڵی دا خەڵك و پێكهاتەكان ڕزگار بكات و بیانپارێزێت و دواتر ڕێگە لە پێشڕەویی تیرۆریستان بگرێت و دواجاریش بكەوێتە قۆناغی هێرشبردن و تێکشکاندنی تیرۆریستان. هەروەها ڕوونی کردەوە کە بە گیانفیدایی ڕۆڵەکانمان و خۆڕاگریی پێشمەرگە، ئەو تیرۆریستانەی ببوونە هەڕەشە لەسەر گەلەکەمان، ئێستا شەڕەکە چووەتە ناو جەرگەی مووسڵ کە تیرۆریستان کردبوویانە پایتەختی خیلافەتەکەیان.
سەرۆك بارزانی پێزانینی هەبوو بۆ قوربانیدان و گیانفیدایی پێشمەرگە و خۆڕاگریی گەلی كوردستان و سوپاسی هاوكاری و پشتیوانیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانیشی كرد كە بوونە هۆی ئەوەی سەركەوتنەكانی پێشمەرگە خێراتر ببن و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزی هاوپەیمانان بە زۆر سەركەوتوو لەقەڵەم دا.

لەدرێژەی قسەكانیدا (سەرۆک بارزانی) بە وردی باسی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵی کرد و ڕایگەیاند ئەوانەی موسڵیان ڕادەستی داعش کرد حەزیان نەدەکرد ئۆپەراسیۆنەکە دەست پێ بکات و سەربگرێت، چونکە خۆیان شکابوون و نەیاندەویست سەرکەوتنی خەڵکی دی ببینن، بۆیە لە 29ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو سەردانی بەغدام کردووە و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و لایەنە پەیوەندارەکان بناغەی ئەو هاوکارییەمان دانا کە لەنێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق هاتە ئارا و ڕۆڵێ هەرلایەک دەستنیشان کرا و لەگەڵ دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکەیش پێشمەرگە توانی لەماوەیەکی کەمدا هێڵەکانی بەرگریی داعش تێکبشکێنێت و ڕێگە بۆ هێزە عێراقییەکان خۆش بوو کە بتوانن بەرەو ناو موسڵ پێشڕەوی بکەن. ڕوونیشی کردەوە کە بەبێ هاوکاریی پێشمەرگە و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق، ئۆپەراسیۆنەکە سەری نەدەگرت.

(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بەوەیش کرد کە ڕاستە ئێستا داعش تووشی شکستی زۆر بووە و بەرەو داڕووخان دەچن، بەڵام نەمانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە موسڵ و شکستی سەربازیی تیرۆریستان، بەمانای کۆتاییهاتنی داعش و تیرۆر نایەت و ڕەنگە ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لەجیاتی شەڕی بەرەیی، بەناوی جیا یان شێوازی دیکە ببێتەوە هەڕەشە بۆسەر ئاسایشی جیهان و مرۆڤایەتی و دوور نییە دیاردەی مەترسیدارتر لە داعش سەر هەڵبدات، بۆیە دەبێ جگە لە شەڕی مەیدانی لەگەڵ داعش، ڕەگی توندوتیژی و تیرۆر لەڕووی فکری و ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی وشک بکرێن و ئەوەیش پێویستی بە هەوڵێکی نێودەوڵەتی و هەماهەنگیی هەمەلایەنە هەیە.

(سەرۆک بارزانی) ئاماژەی بە ڕەوشی ئابووریی هەرێم کرد کە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و شەڕی تیرۆریستان و هاتنی یەک ملیۆن و هەشتسەد هەزار ئاوارە بارگرانییەکی زۆر کەوتە سەرشانی هەرێم و لە دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی موسڵیشەوە نزیکەی سەدهەزار کەسی تر لەو ناوچانەوە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە. سەرۆک بارزانی ئەوەشی ڕاگەیاند کە ئومێدمان وایە ئەمساڵ دوای تێکشکاندنی تیرۆرستان و فەراهەمبوونی کەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی بەشێک لە ئاوارەکان و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت هاوشان لەگەڵ پڕۆسەی چاکسازی، ڕەوشی دارایی هەرێم باشتر بێت.
لەبارەی بارودۆخی ناوخۆی هەرێم سەرۆك بارزانی هێمای بەوەدا كە ئێستا لایەنەکان لە گفتوگۆدان و ئومێد هەیە گفتوگۆکان بگەنە ئەنجام.

باسكردنی پەیوەندیی نێوان هەرێم و بەغدا تەوەرێكی تری قسەكانی (سەرۆك بارزانی) بوو و تێیدا ئەوەی خستەڕوو کەس مافی ئەوەی نییە لەبارەی یەکپارچەیی عێراق گلەیی لە ئێمە بکات، چونکە هەم لەپێش 2003 و لە دوای ئەوەیش، هەموو شتێکمان کرد بۆ چەسپاندنی شەراکەتی ڕاستەقینە و فرەیی و دیموکراسی و فیدڕاڵی. ڕوونیشی کردەوە کە لە 29ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو کاتێک سەردانی بەغدای کردووە بەوردی و ڕاشکاویی تەواو لەگەڵ سەرۆکوەزیران و لایەنەکان گفتوگۆیان کردووە و بەخۆشحاڵییەوە ئەوانیش گوێیان لە سەرنجەکان گرت و لەسەر ئەوە ڕێککەوتین کە بکەوینە گفتوگۆ تا بگەینە چارەسەرێک کە کۆتایی بە تراژیدیا و کێشەکانی ڕابردوو بێت و دووبارە نەبنەوە. سەرۆک بارزانی جەختیشی کردەوە کە ئێستا هەرێمی كوردستان لەبواری سەربازییدا هەماهەنگییەکی زۆر باشی لەگەڵ حكوومەتی عێراقی هەیە، بەتایبەتی لە ئۆپەراسیۆنی ئازادکردنی مووسڵدا.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا نوێنەر و كونسووڵی وڵاتان لە هەولێر سوپاسی (سەرۆك بارزانیان) كرد بۆ ڕەخساندنی ئەو دیدارە و هیوای سەركەوتنیان بۆ گەلی كوردستان خواست و ستاییشی پێشمەرگە و سەركردایەتی هێزی پێشمەرگە كرد لە ڕووبەڕووبوونەوەی داعش و هەروەها پێزانینیان هەبوو بۆ خۆڕاگری گەلی كوردستان و فەرهەنگی پێكەوەژیان و لێبوردەی گەلی كوردستان. هەروەها سوپاسی فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم و وەزارەتەکانی حکوومەتی هەرێمیان کرد بۆ ئاسانکاری و پشتیوانیکردنی چالاکییەکانیان. دواتریش لەبارەی شەڕی تیرۆر و بارودۆخی ئابووریی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كۆمەڵێك پرسیاریان ئاراستەی (سەرۆك بارزانی) كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی كۆبوونەوەی دایەوە.
 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact