Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 05:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سه‌رۆك بارزانی: چاره‌سه‌ر ڕێككه‌وتنی حزبه‌كانه‌؛ له‌باره‌ی سه‌رۆكایه‌تیی نوێی په‌رله‌مان، دامه‌زراندنه‌وه‌ی حكوومه‌ت، سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم
| KDP.info


 
هه‌ولێر-KDP.info-  (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایده‌گه‌یێنێ كه‌ چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم وا دەكرێت حزبەكان گفتوگۆ بكه‌ن و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. له‌ په‌یامیدا كه‌ بۆ كۆی كوردستانیانه‌، وه‌ك ڕێگه‌چاره‌ به‌ پێویستی ده‌زانێ حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێك بكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ.
 
(مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی لەبارەی بارودۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان بڵاو كردەوە، ئه‌مه‌ دەقه‌كه‌یه‌تی:
 
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
 
لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا ژمارەیەك بەڕێزی سیاسی و فەرهەنگی و ئاكادیمی پەیوەندییان پێوە كردووم و دەڵێن ڕای ئێمە و بەشێكی هاووڵاتییانیش ئەوەیە كە چارەسەری قەیرانەكانی هەرێمی كوردستان لای منە و دەگوترێ (بارزانی) دەتوانێ گرفتەكان چارەسەر بكات.
 
وەك هەر هاووڵاتییەكی كوردستان حەز دەكەم قەیران و كێشەكان نەمێنن و كۆتاییان پێ بێت، بەڵام هۆكاری گرفت و كێشەكان زۆرن. بەشێكیان دەرەكین و پەیوەستن بە بارودۆخی سیاسی و ئابووری و ئەمنی عێراق و ناوچەكە بە گشتی، وەكو پەلاماردانی تیرۆریستان و شەڕی داعش، دابەزینی نرخی نەوت، بڕینی بودجەی هەرێم و ئەو دۆخە نائاساییەی لە ئەنجامی میوانداریی سەدانهەزار ئاوارە هاتووەتە كایەوە. بەشێكی تری گرفتەكانیش ناوخۆیین و دەگەڕێتەوە بۆ ململانێی لایەنە سیاسییەكانی هەرێم.
 
ئەگەر چارەسەری گرفتە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان لای منە، ئەوە چەندین جارە حزبەكانم بانگهێشت كردووە بۆ كۆبوونەوە، بەڵام بە بیانووی جۆراوجۆر نەهاتوون. هەروەها داوام كردووە حزبەكان لەگەڵ یەكتر دابنیشن و چارەسەری دۆخەكە بكەن، دیسان دانەنیشتوون و شانیان نەداوەتە بەرپرسیارێتیی بارودۆخەكە.
 
لەبارەی چارەسەری قەیرانی هەرێم، ڕای خۆم لەمبارەیەوە ڕاگەیاندووە. ئێستایش دووپاتی دەكەمەوە، چارەسەری قەیرانی سیاسیی هەرێم بەمشێوەیە دەكرێت كە حزبەكان بكەونە گفتوگۆ و پارلەمان كارا بكرێتەوە و سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت. چونكە بۆ هەموو لایەك ڕوونە، ناكرێ ئەوانەی بوونەتە سەرچاوەی قەیران دووبارە سەرۆكایەتیی پارلەمان بگرنە دەست. هەروەها حزبەكان لەسەر ئەوە ڕێكبكەون حكوومەتێكی نوێ دابمەزرێت و بەڕێزێكیش بۆ سەرۆكایەتیی هەرێم هەتا كاتی هەڵبژاردن دەستنیشان بكرێت بۆ ئەوەی ئەركی سەرۆكایەتیی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و، منیش بە هەموو توانایەك یارمەتیی ئەو پڕۆسەیە دەدەم.
 
لەبارەی ناڕەزایەتیی مامۆستایان و فەرمانبەران، ڕێزم بۆ داوا و مافە ڕەواكانیان هەیە و حەقی خۆیانە داوای مافەكانیان لە حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن و پاڵپشتیان دەكەم و پێویستە وڵاتەكەمان لە خوشی و ئاسوودەییدا بێ، بەڵام بەهۆی ئەو قەیران و كێشە ئەمنی و ئابووری و سیاسییانەی هاتوونەتە پێش، ئیمكانیات و توانای حكوومەت سنووردار بووە. بەڵام كە پێیان وایە چارەسەر هەیە، با لایەنەكان و حكوومەت بفەرموون پێكەوە دابنیشن بە شەفافییەتێكی تەواو دۆخەكە چارەسەر بكەن و هەموو شتێكیش بخەنەڕوو و كۆتایی بە موزایەدات و شێواندنی ڕای گشتی بهێنرێت.
 
چاك دەزانم شاری سلێمانی لەژێر ئیرهابی فكری دایە و دەبێ ئەو ئیرهابە فكرییەی سەر شاری سلێمانی بشكێت. ئەو شارەی هەردەم تەحەددای زاڵم و داگیركارانی كردووە و ڕۆڵەكانی ئامادە بوون زیندەبەچاڵ بكرێن، بەڵام لەبەرانبەر (زەعیم سدیق) سەربەرزانە وەستان و ئامادە نەبوون قسە بە هێماكانی گەلی كوردستان بڵێن. ئەوە ڕای منە لەبارەی سلێمانی و خەڵكە سەرەبەرزەكەی، با كەس هەوڵ نەدات خوێندنەوەیەكی تر بەسەر خەڵكی ئەم شارەدا بسەپێنێت.
 
مه‌سعوود بارزانی
20ـی 11ـی 2016



دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact