كه‌ریم قادر
به به‌رژه‌وه‌ندیی ئێستا و ئاینده‌ی كوردستان، هه‌ڵوێستی خه‌ڵكی خۆڕاگر و پشوودرێژی كوردستان جێی په‌سند و شانازییه، به‌رنامه‌ی ئاشكرا و راگه‌یه‌ندراوی حزبه كوردستانییه‌كان به هه‌موو سنفه‌كانیه‌وه، بێ خه‌وشن. وه‌لێ له كۆی پرۆسه‌كه‌دا كه‌موكوڕی، ناشاره‌زایی، خه‌مساردی و خۆدزینه‌وه له كاری نیشتمانی دروست هه‌یه. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ناكرێ ئه‌م بارودۆخه گرژ و قه‌یراناوییه‌ی هه‌یه، كه به‌لای زۆرینه‌وه بۆ ئاسته‌نگ نانه‌وه دروست كراون، وه‌ك خۆی بمێنێته‌وه، چونكه هه‌مووان به گه‌وره و بچووك، فه‌رمانبه‌ر، كاسبكار و بێكاره‌وه تێیدا زه‌ره‌رمه‌نده، كه له ئه‌نجامیدا به به‌رنامه ئیفلیجبوونێكی بێ جیاوازی هه‌موو سێكته‌ره‌كانی گرتووەته‌وه، بێ چه‌ندوچوون هه‌ر یه‌كێكیان به راده‌ی جیاواز كاریگه‌ری له‌سه‌ر ئێستا و ئاینده داده‌نێ. ئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی په‌روه‌رده و فێركردن و خوێندنی باڵادا هه‌یه له هه‌موویان كاریگه‌رتره، له‌به‌رئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به پێگه‌یاندنی نه‌وه‌یه‌ك، كه سبه‌ینێ به‌ڕێوه‌بردنی كۆمه‌ڵگه و وڵاتیان ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆ.
هه‌موو كه‌سێك، چۆن ئه‌ركی له‌سه‌ر شانه، هه‌قی ئه‌وه‌شی هه‌یه به‌دواداچوون بۆ مافه‌كانی بكات و رێگاكانی به‌ده‌ستهێنانیان بخاته‌ڕوو. واته دایك و باوانیش مافی ئه‌وه‌یان هه‌یه له‌سه‌ر ئاسته‌نگ دروستكردن له پێگه‌یاندنی منداڵه‌كانیاندا قسه‌یان هه‌بێت.
هه‌ست به‌وه ده‌كه‌ین، كه قه‌یرانی دارایی ته‌نگی به به‌شێكی كۆمه‌ڵگه هه‌ڵچنیووه، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر شه‌قامن و بایكۆتی ده‌وامیان كردووه، له‌و به‌شه نین، چونكه له هه‌ڵاوی مه‌نجه‌ڵی چێشته‌كه‌یاندا بۆنی سیاسه‌ت به‌سه‌ر داواكارییه به‌جێیه‌كان زاڵه و گلله‌یی و هه‌ڕه‌شه‌كانیان له بازنه‌یه‌كی ته‌سك ده‌خولێته‌وه. به دیوه‌كه‌ی دی تاوانه ئه‌م شێوازه‌ی خستنه‌ڕووی داواكارییه‌كان به‌ناوی "گێرانه‌وه و پێدانی شایسته داریییه‌كان، ئاسایكردنه‌وه‌ی سیستمی مووچه و گێڕانه‌وه‌ی شكۆی زانستی" له‌لایه‌ن هێزگه‌لێكه‌وه به سیاسی بكرێت و، بۆ شكاندنی شكۆ و نه‌فسیه‌تی كۆمه‌ڵگه به‌كارببرێت. هه‌ڵه‌یه بگوترێ "هه‌تا داواكارییه‌كانمان جێبه‌جێ نه‌كرێ ناچینه‌وه هۆڵه‌كانی خوێندن و ده‌وامی فه‌رمانگه‌كان و، گوشار ده‌كه‌ین ده‌وام له قوتابخانه و په‌یمانگا ئه‌هلیه‌كانیش رابگرین."
ئه‌گه‌ر مه‌به‌ست گه‌یاندنی په‌یامه‌كانیانه، ده‌كرێ بێ بایكۆتكردنیش له‌به‌رامبه‌ر به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی خۆیان داوای مافه ره‌واكانی خۆیان بكه‌ن. چونكه ئه‌ركی حكوومه‌ته كه‌شێكی له‌بار بۆ هاووڵاتیان و مووچه‌خۆرانی بڕه‌خسێنێ، هاوكات كاری حكوومه‌ته له‌كاتی قه‌یرانه‌كاندا به‌دوای رێگه‌چاره‌ی چاره‌سه‌ركردنیاندا بچێت و رێوشوێنی گونجاو بگرێته‌به‌ر، وه‌ك ئه‌وه‌ی له قه‌یرانی داراییدا به كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و زیادكردن و جۆراوجۆركردنی داهاته‌كانیدا كردی، كه له قۆناغ و بارودۆخی وادا وڵاتان و حكوومه‌ته‌كان په‌نای بۆ ده‌به‌ن. به‌ڵام ناكرێ بایكۆتكردنی ده‌وام به بیانووی جێبه‌جێنه‌كردنی داواكارییه‌كان بێ‌سنوور و به‌رده‌وام بێت، چونكه له‌لایه‌ك هاوكێشه‌ی داواكارییه‌كان(ئه‌رك و ماف) ناهاوسه‌نگ ده‌بێت، له‌لایه‌كی دیكه‌وە زیان له نه‌وه‌ی داهاتوویش ده‌دات، كه به‌شێك نییه له هه‌لومه‌رج و ململانێكانی ئێستادا. بۆیه نابێ حكوومه‌ت له یه‌ك كاتدا هێنده خه‌مسارد و شه‌رمن بێت هه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی قه‌یرانی دارایی دروستی كردووه، هه‌م به‌رامبه‌ر بێباكیی بایكۆتچیان.
بۆئه‌وه‌ی ئه‌م هاوكێشه‌یه بۆ هه‌موو لایه‌ك(حكوومه‌ت، فه‌رمانبه‌ران، حزبه‌كان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگا‌ی مه‌ده‌نی) جوانتر روون بێته‌وه، با به‌شێوه‌یه‌كی دیكه باس له بایكۆت بكه‌ین: چ ده‌قه‌ومێ، ئه‌گه‌ر به هه‌مان شێوه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی ناڕازی، به‌رگریكار و دابینكارانی ئاسایشی وڵات بڕیاری بایكۆتیاندا؟ به كورتیتر، چما چاره‌نووس و به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌مووان له‌سه‌ر ئه‌م خاكه، ناوه‌كان هه‌رچییه‌كه، به‌یه‌كه‌وه نییه؟