هەولێر -KDP.info-پەرلەمانتارێکی پارتیی دیموکراتی کوردستان ئاشکرای کرد، ھەرێمی کوردستان بە کردەوە لە عێراق جیاوە بووە؛ ئەوەتا هیچ پەیوەندییەکمان لە بەیندا نەماوە؛ نە مالیکی و نە ھیچ کەسێکی حزبی دەعوە مافی ئەوەی نییە بڕیار لە چارەنووسی گەلی کورد بدات؛ گەلی کورد خۆی بڕیار دەدات چی بکات.
)نەجیبە نەجیب) ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چوونی شاندەکەی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەغدا، سەردانێکی حزبییە و، هەر بۆ ڕاگەیاندنەکانە؛ ئەگەرنا ھیچ کێشەیەکی نێوان ھەرێم و بەغدایان پێ چارەسەر ناکرێ. دەربارەی ھەرێمی کوردستانیش هیچ بڕیارێکیان پێ نادرێت."
(نەجیبە نەجیب) گوتیشی، گەلی کورد خۆی بڕیار لە چارەنووسی خۆی دەدات؛ نە (مالیکی) و، نە حزبی دەعوە ئەو مافەیان نییە باس لە چارەنووسی گەلی کورد بکەن.
(نەجیب) ڕوونیشی کردەوە، ''لەئێستادا ھەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی کرداری لە بەغدا جیا بووهتەوە و ھیچی لەگەڵ نەماوە، لە ڕووی سەربازی و ئابووری و ھەموو بوارهكانی دیکەشەوە، تەنھا بەشێوەیەکی زارەکی ماوین، بۆیە ناکرێت لەئێستادا جارێکی دیکە خۆمان بە عێراقهوه بلکێنینەوە و ببینەوە بەشێک لە عێراق کە ئەمە ھەرگیز قهبووڵ ناکرێت.''
بڵند ئیبراھیم