Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 08:58 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

خۆ ئامادەكردن بۆ قۆناخی دوای سایكس پیكۆ پرسی نەتەوە لە كێشەی لاوەكی نێوان حزبەكان گەورەترە
| KDP.info


جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی*

لە چەند رۆژی رابردوو سەد ساڵی تەواو بە سەر رێككەوتنی سایكس پیكۆ تێپەڕی. راستە ئەم رێككەوتنە لە بنەڕەتدا رێككەوتنی هێزەكانی ئیمپریالیزم بوو بۆ دابەشكردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی، بەڵام بە شێوەیەكی تایبەتی گەلی كوردی تێدا زەرەرمەند بوو، هەر بەهۆی ئەم رێككەوتنەشەوە كوردستان بە سەر چوار وڵاتدا داگیركرا و كورد لە دەوڵەتی سەربەخۆی بێبەش كرا. هەر بۆیە ئەگەر هەموو لایەك لە سەر ئەو سنوورە دەستكردانەی سایكس پیكۆ بێدەنگ بن، ئەوا نابێت كورد بێدەنگ بێت و دەبێت هەنگاوی پراكتیكی و واقیعییانە بۆ لابردنی ئەو زوڵمە هەڵبگرێت و ئەو غەدرەی لە كورد كراوە، كۆتایی بێت.
ئێستا بە شێوەیەكی پراكتیكی سنوورەكانی سایكس پیكۆ بوونیان نەماوە. ئەو دەوڵەتانەی بەرەنجامی ئەم رێككەوتنەن سەروەریی خۆیان لەدەستداوە و توانای ئەوەیان نییە خاكەكەی خۆیان بپارێزن، بەڵام وێڕای ئەم راستییانەش كە لە سەر ئەرزی واقیع بوونیان هەیە و هەموو جیهان گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی بە كردەیی ئەو سنوورانە كۆتاییان هاتووە، كەچی وا هەستدەكرێت هێشتا لە ناو ئەقڵییەتی بەشێكی هێزە سیاسییەكانی كوردستان ئەو سنوورانە هەمان سنوورەكانی سەردەمانی شەڕی ساردن و هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا نەهاتووە.

لێرەوە گرنگە ئەقڵی سیاسیی كورد بە لەبەرچاوگرتنی واقیعی سیاسیی تازەی كوردستان و ناوچەكە خوێندنەوەیەكی ریالیستییانەی بارودۆخە بكات، لە چوارچێوەی بیركردنەوەیەكی نەتەوەییانەدا ئاستی تێڕوانین و بیركردنەوەی ئەو سنوورە دەستكردانە ببەزێنێت، ئەمەش كاتێك دروست دەبێت كە بیركردنەوەی نەتەوەیی زاڵ بێت بە سەر هەموو بیركردنەوەیەكی تەسكی حزبایەتیدا و بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی لە سەرووی بەرژەوەندیی حزبایەتی بێت.
دیارە لە هەموو وڵاتێكی دیموكراتی كە دیاردەی فرەحزبی و فرەلایەنی، سروشتی ئەو كۆمەڵگەیە بێت، كارێكی ئاسایی و سروشتییە لەنێوان حزبە سیاسییەكاندا جیاوازی بیر و بۆچوون و تەنانەت كێشەی سیاسیش لە نێوان ئەو حزبانە لەسەر پرسە لۆكاڵەكانی كۆمەڵگە بوونی هەبێت، بەڵام ناكرێت ئەم كێشە و ناكۆكییانە بپەڕێتەوە بۆ ئاستی بەرژەوەندیی نەتەوەیی و چارەنووسی ئایندەی نەتەوە و حزبەكان لەسەر پرسی نەتەوە و چارەنووسی نەتەوە، كێشە، یان جیاوازی، یان ناكۆكیی بەردەوامیان هەبێت. لەمەش زیاتر ناكرێت پرسی نەتەوە بچووك بكرێتەوە بۆ سەر ئاستی ناوچەگەرایی و بە چاویلكەی سیاسیی ناوچەگەرایی پرسی چارەنووسی نەتەوە بخوێندرێتەوە، یان بگەڕێینەوە بۆ دواوە و پرسی چارەنووسی نەتەوە بكەینە قوربانی تێڕوانینی ناوچەگەری و تێڕوانینی تەسكبینانە.

بۆ ئێستای كوردستان كە بە بارودۆخێكی هەستیار و مەترسیدار و چارەنووسسازدا تێدەپەڕێت، ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە و گرینگە هەموو توانا و ئیمكانیەتی سەرجەم حزبە سیاسییەكان لە خزمەتی پرسی نەتەوەییدا لە سەر بنەمای دڵنیایی و متمانە دروستكردنەوە یەك بخرێنەوە و گومان و راڕایی لە قۆناخی دوای سایكس پیكۆ كۆتایی پێبهێنین.
ئاشكرایە لە ماوەی 100 ساڵی سایكس پیكۆ-دا، بۆ كورد و بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، قۆناخی شپرزەیی و ناڕوونی بووە، راشكاوانەتر لەوە دڵنیا نەبووین ئەگەر هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەڵبگرین، چارەنووسمان بەرەو كوێ دەچێت، بەڵام ئێستا ئایندە رۆشنە و پێشهاتەكان پێمان دەڵێن، روانگەی جیهان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تەنانەت تا رادەیەكی باشیش لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش، تەفەهومێكی زۆر باش بۆ زەروورەتی دەوڵەتی كوردستان دروست بووە و ئەو قۆناخە تێپەڕیوە كە باسی دەوڵەتی كوردستان بكەین، هەموو جیهان وا سەیر بكەن كە شتێكی سەیر و نامۆ باس دەكەین.
بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە نێودەوڵەتییە كە تا رادەیەكی زۆر بۆ بەرژەوەندیی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان لەبارە، پێویستی بەوەیە هەوڵەكانیش لە سەر ئاستی ناوخۆی كوردستان هاوشانی بارودۆخە نێودەوڵەتییەكە یەكبگرنەوە و كێشە و جیاوازییە سیاسییەكانمان نەكەینە لەمپەر و شپرزەیی و ئاستەنگ دروستكردن بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان.

دیارە پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان، وەك پرۆسە جیاوازە لە دەركردنی بڕیارێك بۆ راگەیاندنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە نەخشەڕێگە و میكانیزمی گونجاو و لەبەرچاوگرتنی تەواوی رەهەندەكان و زەمینەسازكردن بۆ دیالۆگ و وتووێژ لەگەڵ سەرجەم لایەنە پێوەندیدارەكان هەیە. سەرۆك بارزانی كە رێبەرایەتی سەرخستنی ئەم پرۆسەیەی خستۆتە سەرشانی خۆی، لە چەندین بۆنەدا ئەوەی دووبارە كردۆتەوە، كورد دەیەوێت پرۆسەی سەربەخۆیی بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لە چوارچێوەی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت.

كەواتە ئەم پرۆسەیە لەسەر هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی فەرزدەكات، بە یەكدەنگی و یەكهەڵوێستی و یەكڕیزی میكانیزمی ئەم پرۆسەیە دیاری بكەن و، هەر لایەكیش بە قەد قەوارەی خۆی بەرپرسیاریەتی ئەم پرۆسەیە بخاتە سەرشانی خۆی، بۆ ئەمەش گرینگە هەموو لایەكمان لەسەر ئەوە رێكبكەوێن، ئایا ئێمە پێشان ریفراندۆم دەكەین و پاشان لەبەر رۆشنایی ئاكامی ریفراندۆمەكە بڕیار دەدەین و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان رادەگەیەنین، یان ئێمە هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بڕیاری جیابوونەوە دەدەین و ئەم بڕیارە دەخەینە بەردەمی خەڵكی كوردستان بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی پرۆسەیەی ریفراندۆم دەنگی لەسەر بدەن و پاشان سەربەخۆیی رادەگەیەنین؟ لە هەردوو حاڵەتەكە چ هەموو حزبەكان بڕیار بدەن و پەسەندكردنی بگەڕێننەوە بۆ گەلی كوردستان، یان گەلی كوردستان بڕیار بدات و حزبەكان پێوەی پابەندبن، هەردوو رێگەكە گەڕانەوەیە بۆ ئیرادەی گەلی كوردستان و دەبێت حزبە سیاسییەكان لەسەر ئەو میكانیزمە رێكبكەون.

ئەو خاڵانەی لە نەخشەڕێگەی پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان هەموو لایەنە سیاسییەكان لەسەری رێكدەكەون، دەبێت هەنگاو بە هەنگاو بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیە بە سەركەوتوویی جێبەجێ بكرێت، ئەگەر خوانەخواستە نەتوانین ئەمە بكەین، ئەمە مانای ئەوەیە، هێشتا كەلتووری داگیركارانی كوردستان و ترسی سەد ساڵەی سایكس پیكۆ بە سەر ئەقڵی سیاسیی كورددا زاڵە، بۆیە دەبێت لە ژێر كاریگەری ئەو كەلتوور و ترسە خۆمان رزگار بكەین و بە ئیرادەیەكی پۆلایینەوە، یەقینێك لە بیركردنەوەی خۆماندا دروست بكەین، بەوەی سایكس پیكۆ لە واقیعدا بوونی نەماوە و ئەوەشی ماوە لەناو سیاسەتی نێودەوڵەتی نابێت وەك شەبەحێك سەیری بكەین و ئیرادەمان بۆ هەنگاوهەڵگرتن بۆ ئایندە سڕبكات.
خاڵی هەرە گەشاوە كە دەبێتە هۆكاری ئەوەی بە گەشبینی سەیری ئایندە بكەین، سەركەوتن و قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستانە لە بەرەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بە درێژایی زیاتر لە 1000 كیلۆمەتر، ئەم سەركەوتنانەی پێشمەرگە كە بۆتە مایەی شانازی بۆ هەر تاكێكی كوردستان و سەرسامی بۆ هەموو جیهانی ئازاد و دیموكراتخواز، بەشێكی گرینگی پێناسەی دەوڵەتی سەربەخۆیی كوردستانە، لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەلماندنی تەنیا هێز و سوپایە ئەو ئیرادە و توانایەی هەیە كە بتوانێت خاك و وڵاتی خۆی بپارێزێت، گەلێكیش خاوەنی سوپایەكی وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان بێت، ئەوا ئەو گەل و نەتەوەیە شایەنی دەوڵەتی سەربەخۆیە و جیهانیش رێز لەو ئیرادەیە دەگرێت.
لە دوماهیدا، گرینگە هەڵوەستە لەسەر ئەوە بكەین، پرسی سەربەخۆیی، یان بڕیاردانی چارەنووس، پرسێكە لە ئەجیندا و بەرنامەی ئەم حزب و ئەو حزب گەورەترە، راستە حزبەكان لە پرۆسەی دیموكراتیدا نوێنەرایەتی میللەتی خۆیان دەكەن، بەڵام ئەم نوێنەرایەتییە تەنیا بۆ پرسی بەڕێكردنی كاری رۆژانە و حوكمڕانییە، لە پرسە چارەنووسسازەكاندا، دەبێت هەموو لایەك بگەڕێنەوە بۆ بڕیاری میللەت، دەبێت میللەت بڕیاری خۆی بدات و هەر بڕیارێكیش بدات، دەبێت هەموو حزبەكان پێوەی پابەند بن و هەر ئەو بڕیارەش جێبەجێ دەكرێت.

 

*جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact