د.محه‌ممه‌د خدر مه‌ولوود
ڤلادمێر پووتین، سه‌رۆكى رووسیا چ بۆ خودى رووسه‌كان چ بۆ ته‌واوى دونیا، له‌ناوبانگده‌ركردنى به‌رده‌وامدایه؛ به‌تایبه‌تیش له دواى رووداوه‌كانى ئۆكڕایناى مانگى ئازارى 2014 ئه‌ستێره‌ى له‌نێو میدیاكاندا له جریوه‌دایه و ئێستا هیچى له سه‌رۆكه‌كانى پێشووى یه‌كێتیى سۆڤیێتى جاران (لینین، ستالین، خرۆشۆف، گۆرباتشۆڤ) كه‌متر نییه. پووتین، له‌نێو غه‌فڵه‌تگیریى سیاسیى سه‌ركرده‌كانى ئۆكڕاینا له‌سه‌رووبه‌ندى هه‌ڵاتن و خۆشاردنه‌وه‌ى ڤكتۆر یانیكۆفیچ سه‌رۆكى راكردووى ده‌ست خۆپێشانده‌ران و ڕاپه‌ڕیوانى گۆڕه‌پانى مه‌یدان و جاده‌ى خرێتشیاتى كیێف، سوودى له‌و بۆشاییه سیاسییه دوو حه‌فته‌ییه‌ى كه له كیێفى پایه‌ته‌خت درووست بوو وه‌رگرت و به ده‌رفه‌تی مێژوویى زێڕ‌ینى زانى، به‌هه‌ر بیانوویێك بێت، ده‌ستى به‌سه‌ر ته‌واوى دوورگه‌ى ناودارى كریم، له‌نێو ده‌ریاى ڕه‌شدا گرت و له ئۆكڕایناى دابڕاند. پاشان ورچه‌كه هێرشى بۆ به‌رى رۆژهه‌ڵات به داگیركردنى هه‌ردوو شارى (لۆگانسك و دانێسك) ده‌ست پێكرد و نه‌وه‌ستا تا ماریۆپل و ده‌وروبه‌رى ئه‌دێسا، له په‌لهاویشتنیش بۆ ته‌واوى ناوچه‌ى ده‌مباس به‌رده‌وامه.
ئێستا ده‌بێ حاڵى ئۆكڕاینه‌كان به‌چى بگات؟ دواى دووساڵ تێپه‌ڕین به‌سه‌ر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ى رووسیاى دایك له ڕكى ئه‌مریكا و ئه‌ورووپاى بازاڕى ئه‌ورووپایى هاوبه‌ش و هاوپه‌یمانیه‌تى ناتۆ، به‌سه‌ر كیژۆڵه قژزه‌رده چاوشینه‌كه‌ى جارانى خۆى هێنا و، هه‌ر وا به رووخسار ژاكاواى و كوڵمى سوورى زامدارى و قژئاڵۆزكاوى ده‌مێنێته‌وه؟ یا زریان و تۆف و كڕێوه‌ى مۆسكۆ ڕێگر ده‌بێت له گه‌رده‌لوولى ئه‌مریكایی ناهێڵێ بكه‌وێته نێو باوه‌شى ناتۆ و بازاڕى ئه‌ورووپاوه؟ ئه‌م هاوكێشه‌یه یا ئه‌و ململانێیه له ته‌مه‌نى دووساڵه‌یدا له‌به‌رى رۆژهه‌ڵاتییه‌وه توندوتیژتره و ئۆكرایناییه‌كانیش له‌به‌رانبه‌ر وته‌كانى رۆژى 26ى مانگى كانوونى دووه‌مى ئه‌م ساڵدا، دۆش داماون و له چاوه‌ڕوانیى وه‌ڵامى ئه‌و پرسیاره چه‌ند رسته‌ییه‌ى خواره‌وه‌دا ده‌بن كه بۆته رۆژه‌ڤى میدیاكان؟
یا پووتین به ڕه‌خنه‌گرتنى تووندى له سیاسه‌تى لینین، رابه‌رى شۆڕشى ئۆكتۆبه‌ر و باوكى شیوعییه‌ت و ئه‌ندازیارى یه‌كێتیى سۆڤیێت، ده‌یه‌وێت ته‌واوى هه‌رێمى ده‌مباس داگیر بكات و خه‌ونى قه‌یسه‌ر بێنێته‌وه دى؟.. یا هه‌ر هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ لاسه‌نگكردنى بارى لارى خۆى و به‌شار ئه‌سه‌د و هاوپه‌یمانه‌كانى له شه‌ڕى داعشدا؟
ئه‌وه‌یان نه‌ك هه‌ر بۆچوون و تێگه‌یشتنى شرۆڤه‌كارانه كه له 26ى مانگى رابردووه سه‌رقاڵى كردوون، به‌ڵكو مه‌ترسیێكى هه‌ره ترسناكیشه له‌وێ رۆژێوه نێوه‌ندى سیاسى و سه‌ربازیى ئۆكراینه‌كانى گرتۆته‌وه، به ڕاده‌ى ئه‌وه‌ى نوێنه‌رى ئۆكرایناییه‌كان له نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، ئه‌وجاره له ترسى نه‌گوتراوه‌كانى وته‌كه‌ى پووتین هانا بۆ ئه‌نجوومه‌نى ئاسایش ببات.
بۆ نا؟ ئه‌وان، ئۆكرایناییه‌كانى مارانگه‌سته‌ى ده‌ستى پووتینن، ئه‌وان ئه‌و دیداره‌ى مانگى نیسانى ساڵى 2014 یان له‌بیره كه له كۆڕبه‌ندى بزاڤى هه‌رێمایه‌تى بۆ به‌ره‌ى میللیی رووسیا به راشكاوانه گوتبووى: (یارمه‌تیم بده‌ن با بیرتان خه‌مه‌وه، ده‌سته‌واژه‌ى به‌كارهاتووى سه‌رده‌مانى ئیمپراتۆر، ئیمپراتۆریه‌تى قه‌یسه‌رى، ئایا ده‌زانن مه‌به‌ست له ـرووسیاى نوێ- بریتى بوو له شاره‌كانى خاركه‌ف، دۆنیتسك، خیرسۆن، میكۆلاییف، ئه‌دێسا؟ ئه‌و شارانه ئه‌وسا به‌شێك نه‌بوون له ئۆكراینا، دواى قه‌یسه‌ر چۆن به ئۆكراینا لكێندراون؟ ئه‌وه‌یان خوا ده‌یزانێ !!).
كاتێ پووتین ئه‌م وتاره‌ى دا، هێشتا داگیركردنى دوورگه‌ى كریم یا به واتایه‌كى دیكه گێڕانه‌وه‌ى به ریفڕاندۆم، ئه‌و كریمه‌ى خرۆشۆف له ساڵى 1946 پێشكه‌شى ئۆكرایناییه‌كانى كردبوو، دوو مانگى به‌سه‌ردا تێنه‌په‌ڕی بوو، ئۆكراینایش، به په‌ره‌شێكه‌ى سه‌رۆكى ئێستایشیه‌وه به ناوى ئاینوئۆینى دیموكراتیه‌تى رۆژئاوا‌و سیسته‌مى تازه‌ى نه‌رمونیان و ئاوریشمى ئه‌ورووپای دواى لاچوونى ده‌سه‌ڵاتى یانیكۆڤیچى لایه‌نگرى مۆسكۆ و، درووستبوونى بۆشایى سیاسی، سه‌رقاڵى هه‌ڵبژاردندا بوون تا وێناى سیسته‌مى دیمو‌كراتى به پێوه‌رى ئه‌مریكایى پێشانى مۆسكۆ بده‌ن، غافڵه‌تگیریش بوون له په‌لاتیقه‌كانى پووتین و له‌ناكاو جوداخوازه‌كان به هاریكاریى ئۆكرایناییه رووسه‌كان هه‌رله‌دواى وتاره به‌ناووبانگه‌ككه‌ى پووتین له مانگى نیسانى 2014، هێرشێكى كتوپڕى چاوه‌ڕوانه‌كراویان بۆ به‌رى رۆژهه‌ڵاتى ئۆكراینا هێنا و هه‌ردوو شارى ستراتیژى (لۆگانسك و دۆنیتسك)یان له هه‌رێمى ده‌مباسدا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتداریه‌تى ده‌وڵه‌تى ئۆكراینا هێنا ده‌رێ و داگیریان كرد.
ئه‌وه‌یان بارودۆخى دووساڵ به‌رله‌ئێستاى ئۆكرایناییه‌كانه، كاتێ شرۆڤه‌كارانى سیاسى و حكوومه‌تى په‌ره‌شێنكه له‌م تێڕامانه‌ى پووتین ورد ده‌بنه‌وه و ده‌یانه‌وێ له باگراوندى ئه‌و ده‌سته‌واژه مێژووییانه تێبگه‌ن كه پووتین له وتاره‌كه‌ىدا به كاری هێناوه، ترسناكترین رووداوی چاوه‌نڕاوكراو دایانده‌گرێت، بۆ ئێستا وه‌ڵامه‌كه‌ى له‌سه‌ر زارى په‌ڕه‌شێنكه‌ى سه‌رۆكیان هه‌رئه‌وه‌نده‌یه كه ده‌ڵێت له‌گه‌ڵ رووسیا له شه‌ڕێكى كراوه‌داین و كۆتاییه‌كى نادیار چاوه‌ڕێمانه.
جا ده‌بێ وتاره‌كه‌ى ئه‌مساڵى پووتین كه له 26ى مانگى پێشوو كه هه‌رله كۆڕبه‌ندى هه‌رێمایه‌تیی به‌ره‌ى میللیى رووسیادا داویه‌تى چ تێڕامانێك بێت بۆ مێژووى دوێنى و بۆ ئاینده‌ش، ئه‌م چه‌ند ده‌سته‌واژانه چ خوردكردنه‌وه‌یان له هه‌گبه‌دا بێت؟: (ئه‌وه‌یان هیچ پاساوێك هه‌ڵناگرێ!!،، كه‌شمه‌ر (سه‌یره)!! گاڵته‌جاڕییه پێدانى هه‌رێمى ده‌مباس به ئۆكراینا له به‌رانبه‌ر پرۆلیتاریاى ئۆكراینا و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیى كۆمه‌ڵایه‌تیى خه‌ڵكى ئه‌وێ؟ سه‌یره!! ئه‌ى بۆچى مافی ئۆتۆنۆمییان پێ به‌خشرا؟ ئایا پێداچوونه‌وه به بیرۆكه‌ى فلادمێر لینین سه‌رۆكى مه‌زن و رابه‌رى یه‌كێتیى سۆڤیێت پێداچوونه‌وه‌ى وردى ناوێ؟ له‌م بابه‌ته ورد ببنه‌وه، ئایا ئه‌وانه مینى چێندراو نه‌بوون، تا له لێكترازى سۆڤیێت سوودیان لێ وه‌رگیرێت؟ ئایا ئه‌وانه هۆكار نین بۆ لێكهه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ى سه‌یوز؟).
ئێستا دواى ئه‌م دیدار و وتاره تازه‌یه‌ى پووتین، جیهان به گشتى و ئۆكرایناییه‌كان به‌تایبه‌تی دۆش داماون له مه‌به‌سته شاراوه‌كه‌ى پووتین و له‌و گوته نه‌گوتراوانه‌ى كه مه‌ترسیى ئه‌وه‌یان هه‌بێ له ئاینده‌دا له وارى واقیعدا بۆ هه‌رێمى ده‌مباس ببن به پڕاكتیك. بۆ جیهان به گشتى و له رۆژهه‌ڵاتى گڕگڕتووى ده‌ستى داعش و شه‌ڕى دژواریدا و، به دره‌نگه‌وه‌هاتنى پووتین بۆ نێو هاوكێشه‌ى نێوده‌وڵه‌تى و بێ‌باك هه‌ڕه‌شه‌كردنى له توركیا و پشتگیریكردنى له رژێمى ئه‌سه‌د و دۆسته‌كانى، له ناوچه‌كه و له هه‌رێمى كوردستانى ئێمه‌شدا، به هانانه‌هاتنى وه‌ك پێویستى له پرسى باشوور كوردستان و ته‌نیا به گفت‌ولفت بوونیان به‌رانبه‌ر پارتێكى دیاریكراوى كوردى رۆژئاوا و ئه‌ویشیان بۆ مه‌رامی تایبه‌تى خۆیان، تۆ بڵێى رووسه‌كان به‌تایبه‌تى له‌وێ له ئۆكراینا به‌تاكه‌ى خۆیان، به واتایه‌كى دیكه به مایه‌ى خۆیان له یارییه‌كه بێنه ده‌ر؟ یا لێره له ناوچه‌ى گڕگرتووى ده‌ستى داعش سه‌ركێییه‌كانى پووتین نه‌بێته ئه‌و هاوكێشه پێچه‌وانییه‌ى كه ده‌ره‌نجام قازانج سه‌رى مایه بخوات؟
كه‌شمه‌ر: وشه‌یه‌كى رووسییه به مانای سه‌یر دێت.
سه‌یوز: رووسییه كورتكراوه‌ى(اس اس اس ار) به ماناى یه‌كێتیى سۆڤیێت دێت.