شۆڕش ڕه‌حیمی
له ناوچه‌ی پڕکێشه و قه‌یرانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی نێوه‌ڕاستدا، که ململانێ و دژایه‌تیی ئایدۆلۆژی‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌کان ته‌واو ناوچه‌که‌ی له ئاگری شه‌ڕێکی ته‌واوعه‌یار به‌رداوه، ته‌نیا سیاسه‌ت و هه‌ڵوێستی واقعبینانه ده‌توانێ چاره‌سه‌ر بێ.
ئه‌وه‌نده‌ی بۆ عێڕاق‌و کێشه‌کانی ئێستای ده‌گه‌ڕێته‌وه، ڕێککه‌وتننامه‌ی سایکس - پیکۆ ئه‌گه‌رچی له دایکبوونی ئه‌و وڵاته نوێیه‌ی لێ‌که‌وته‌وه، به‌ڵام نه‌خشه‌ی سیاسیی ئه‌و وڵاته نوێیه، بێ پرس به دانیشتووانی کێشرا. ئه‌گه‌ر تا ئێره‌یش وای دابنێین که ئه‌و واقعه تاڵه‌ش به‌ده‌ر له ده‌سه‌ڵات‌و ویستی خه‌ڵکه‌که بووه، به‌ڵام خۆ دانیشتووانی ده‌یانتوانی به عه‌قڵیه‌تی پێکه‌وه‌ژیان وڵاته‌که‌یان ئیداره بکه‌ن.
کورد و عه‌ڕه‌ب دوو نه‌ته‌وه‌ی سه‌ره‌کیی پێکهێنه‌ری عێڕاقی نوێ بوون، له‌و نێوه‌دا کورد هه‌موو کاتێک چ به گوتاری سیاسی‌و چ به شۆڕش‌و ڕاپه‌ڕینه‌کانی، په‌یامی ئه‌وه‌ی به ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندی‌و نه‌ته‌وه‌ی عه‌ڕه‌ب داوه، که ئه‌وان جیا له مافی مه‌ده‌نی‌و سیاسیی خۆیان چی زێده‌یان نه‌ویستووه، نه ده‌یانه‌وێ ئه‌م وڵاته به‌ش بکه‌ن‌و نه ده‌یانه‌وێ به شه‌ڕ وێران‌و کاول ببێ. به‌ڵام به درێژایی مێژووی دروستبوونی عێڕاق په‌یامی نه‌ته‌وه‌ی کورد نه‌ک به نیازپاکی وه‌رنه‌گیراوه، بگره هه‌وڵه‌کان له‌پێناو به‌چۆکداهێنان، ژێرده‌سته‌کردن‌و سڕینه‌ی فیزیکیی کورد له هاوکێشه‌کان بووه.
پیلانی ئیقلیمی بۆ تێکشکاندنی شۆڕشی ڕزگاریخوازانه‌ی کورد به سه‌رۆکایه‌تیی مه‌لا مسته‌فا بارزانیی نه‌مر، ئه‌نفاڵل و کیمیاباران ته‌نیا چه‌ند به‌ش له‌و تڕاژیدیانه‌ن به‌سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کوردیان هێناوه، به‌ڵام ئیمان به دروستیی سیاسه‌تی کورده‌کان وایکردووه، نه‌ک ئه‌وان له مه‌یداندا بمێنن، به‌ڵکوو ئه‌مڕۆکه عێڕاقی نوێ له سه‌ر ئیراده‌ی ئه‌وان دروست بێته‌وه.
له قۆناغی نوێی عێڕاقدا ئه‌گه‌رچی وه‌ک ده‌یه‌کانی رابردوو توانای حاشاکردن له سه‌نگی کورد نه‌ماوه، به‌ڵام زۆر لایه‌ن هێشتا عه‌قڵییه‌تی سیاسه‌ت‌کردنیان نه‌گۆڕاوه و قه‌وانه کۆنه‌که لێده‌ده‌نه‌وه. بێ بیرکردنه‌وه له‌وه‌ی که مێژووی ئه‌و سیاسه‌ته له‌مێژه به‌سه‌ر چووه، بێ ئاوڕدانه‌وه له هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تییانه‌ی ئه‌و سیاسه‌ته شوومه لێی که‌وتۆته‌وه.
کورد له 2003دا به ویستی خۆی گه‌ڕاوه به‌غدا، تا شانبه‌شانی نه‌ته‌وه ژێرده‌سته‌کانی دیکه‌ی عێڕاق وه‌ک عه‌ره‌بی شیعه و، به عه‌قڵییه‌تێکی نوێ له‌گه‌ڵ هه‌موو پێکهاته‌کانی ئه‌م وڵاته عێڕاقی نوێ بنیات بنێنه‌وه، به‌ڵام کورد بینی که سه‌ره‌ڕای گۆڕینی هه‌م دۆخ و هه‌م رێژیمه‌کان، به‌ڵام بیرکردنه‌وه‌ی سیاسیی هه‌ندێ لایه‌ن، هێشتا نه‌گۆڕاوه. ئه‌وه‌ش ماوه‌ی چه‌ند ساڵێکه وڵاتی تووشی قه‌یرانی سیاسی کردوه و سه‌رهه‌ڵدانی داعش دۆخه‌که‌ی به بارێکی دیکه‌دا خست.
به کورتی، گرفتی کورد لە عێراق، لەگەڵ عەرەب، چ عه‌ره‌بی شیعه و چ سوننه، چ عیلمانی و چ ئیسلامی، بە درێژاییی نۆ دەیەی رابردوو و بە درێژاییی مێژووی دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، ئەوە بووه کە نەک کورد بە ھاوبەش و نەتەوەی دووەم لە عێراق سەیر نەکراوە، بەڵکو تەنیاو تەنیا زمانی چەک‌و ڕەتکردنەوەی کورد، سیاسەت‌و ستراتیژیان بووە.
له ئێستایشدا ته‌نیا دداننان به واقعه‌که، واته مافی سرووشتی‌و بێ ئه‌ملاو ئه‌ولای کورد له عێڕاق‌و، گرتنه‌به‌ری سیاسه‌تی ژیرانه و واقعبینانه ده‌توانێ ئه‌م وڵاته له‌و قه‌یرانه تێپه‌ڕێنێ، له‌م ڕووه‌وه په‌یامه‌که‌ی موقته‌دا سه‌در گرینگ و ته‌واو لۆژیکییه و، حه‌ق وایه هه‌موو پێکهاته و لایه‌نه‌کانی دیکه ئیقتدای پێ‌بکه‌ن‌و له پشتی بن.
موقتەدا سەدر لە پەیامێکدا بۆ کورد دەڵێ: "ئێمە و گەلی کوردی خەباتگێڕ، بە دەست رێژێمی دیکتاتۆری به‌عسه‌وه زۆرمان ناڵاند، ئێمە لەگەڵ ئێوە باوەڕمان بە مافی چارەی خۆنووسین ھەیە، ئێوە بڕیارتان دا دژ بە سەددام خەبات بکەن، لەکاتی خۆیدا ھەرێمتان ھەڵبژارد، ئەگەر "خوانەخواستە" جیایش بوونەوە، دەبێ لە چوارچێوەی ئاڵای یەک نیشتمانی خۆشەویستدا بژین، یان وەکوو دوو دەوڵەتی دراوسێی باش، بە خۆشەویستی‌و ئاشتی بە یەکەوە کۆ ببینەوە، دوور لە ھەر شەڕێکی تایفی یا نەتەوەیی."
موقته‌دا سه‌در ده‌ڵێ: "ئێمه ده‌بێ لەسەر بنەمای مرۆڤایەتی کە پێغەمبەرەکان ھێناویانە، بە یەکەوە بژین."
بێگومان خوێندنه‌وه‌ی موقته‌دا سه‌در کە سەرکردەی ڕەوتی سەدرە و لە حکوومەت و ئەنجوومەنی نوێنەران و لە نێو شیعەکاندا خاوەن سەنگ و قورسایی خۆیانن، نیشانەی واقعبینیی سیاسیی ئه‌و و، خوێندنه‌وه‌ی ژیرانه‌ی ناوبراو بۆ بنه‌بڕکردنی قه‌یرانی ئێستای عێڕاقه. خۆ ئه‌گه‌ر بێتوو ئه‌و عه‌قڵییه‌ت و بیرکردنه‌وه دروسته ببێته هه‌وێنی سازان، تێپه‌ڕین له قه‌یرانی ئێستا و سه‌رکه‌وتن به سه‌ر داعش و کێشه‌کانی دیکه‌ی ئه‌م وڵاته، زۆر ئاسان ده‌بێ.