به‌كر ئه‌حمه‌د ئاكۆ
ئێستایشی له‌گه‌ڵدا بێ زۆرێك له به‌رپرسانی پارتی و دڵسۆز و خه‌مخۆرانی یه‌كێتییش، له‌سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه هاوپه‌یمانی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ پارتیی دیموكراتی كوردستان پێویسته و، ئه‌و دوو حیزبه پێكه‌وه زۆر ده‌ستكه‌وتیان بۆ كوردستانیان هێناونه‌ته دی.
نووسینه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌میشه‌یی عێراق، دامه‌زراندنی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به كابینه‌ی هه‌شته‌میشه‌وه كه به ناوی كابینه‌ی كۆده‌نگیی نیشتمانی، سازانی له‌سه‌ر كرا و دواجار كۆی حیزبه براوه‌كانی دواهه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان تێیدا به‌شدار بوون، ده‌رهێنان و به‌خۆماڵیكردنی نه‌وت، سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی، به‌شداریكردن له حكوومه‌تی عێراقی فیدراڵ، ئه‌مانه هه‌مووی ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بوون بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان كه له‌سه‌ر بنه‌مای هاوپه‌یمانه‌تیی نێوان پارتی و یه‌كێتی به تایبه‌ت و، هێزه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی كوردستان هاتوونه‌ته ئاراوه.
له ئێستایشدا و له سۆنگه‌ی گۆڕانكارییه‌كانی كه له ناوچه‌كه‌دا به شێوه‌یه‌كی گشتی ڕوو ده‌ده‌ن، پێویست به‌وه بوو و به‌وه‌یه هه‌موو هێزه كوردستانییه‌كان یه‌كگرتوو بن؛ پارتی‌یش هه‌میشه جه‌ختی كردەووه‌ته‌وه كه ئێمه ده‌بێت یه‌كڕیزی و یه‌كگرتووییی خۆمان بپارێزین بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و ده‌ستكه‌وتانه‌ی ئێستا به ده‌ستمان هێناون بیانپارێزین و هه‌وڵ بده‌ین ده‌ستكه‌وتی زیاتر و باشتر بۆ گه‌له‌كه‌مان به ده‌ست بهێنین.
به‌ڵام به ره‌چاوگرتنی وه‌ها تێبینی و سه‌رنج و ڕه‌خنه‌یێكی ڕووخێنه‌رانه، له‌و چه‌ند ساڵه‌دا زۆر جار له ڕۆشنبیران و براده‌رانی گۆڕان و هەندێ كەسی ناو یەكێتییش بیستوومانه كه، گوایه یه‌كێتی بووه‌ته پاشكۆی پارتی، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه زوڵمێكه له هاوپه‌یمانیی و یه‌كگوتاری كراوه و ده‌كرێت. له‌به‌ر گه‌لێك هۆكار كه ده‌شێ به كورتی ئاماژه به هه‌ندێكیان بده‌ین و بیری كوردستانیانی بۆ ببه‌ینه‌وه كه، ئه‌گه‌ر بڕوانینه یه‌كگوتاری و هاوپه‌یمانی، ده‌بینین كه خزمه‌تی زۆری به یه‌كێتیی نیشتیمانی كردووه، هه‌ر له به‌شداریكردن له پڕۆسه‌ی سیاسی له به‌غدا كه جیا له پۆستی سه‌رۆككۆماری له عێراق، جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی پێشووتر و چه‌ند وه‌زیرێكیشیان پێ بڕا، بگره تا له هاوبه‌شییان له هه‌رێمی كوردستان چ له‌سه‌ر ئاستی حكوومه‌ت، چ له‌سه‌ر ئاستی په‌رله‌مانیش. بۆیه ده‌بێ یه‌كێتی ئه‌وه بزانێ كه له هاوپه‌یمانه‌تی له‌گه‌ل پارتیدا قازانجی زۆری كردووه و ناشێ نادیته بگیرێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه دواجار له به‌رژه‌وه‌ندیی هاوولاتیانیشدا بووه و دۆزی كوردی باش بردووه‌ته پێش و، له راستیشدا ئه‌مه پرسێكه و له پڕۆسەی دیموكراتیدا ته‌وافوقی سیاسی و ڕێككه‌وتنی نێوان دوو لایه‌ن یان زیاتریش ئاساییه و بۆ ده‌بێ به چاوێكی كه‌م لێی بروانرێ؟.
له راستیدا ڕێك پێچه‌وانه‌وەی ڕەخنە و توانجەكانی كە لە یەكێتی دەدرێت، پارتی له‌سه‌ر بنه‌مای شه‌راكه‌ت یه‌كێتی كردووه به هاوپه‌یمانی خۆی، نه‌ك بۆ لێستاندنه‌وه‌ی جه‌ماور و بۆ لێستاندنه‌وه‌ی بڕیاری سیاسییه‌كه‌ی و، ڕێزی زۆریشی له بڕیاری سه‌ربه‌خۆیی سیاسیی یه‌كێتی ناوه. پارتی ئه‌مه‌یشی له‌پێناو به‌ئامانجگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بووه. پێویسته بشپرسین كامانه‌ن ئه‌و زیانانه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتیمانی له‌و هاوپه‌یمانه‌تییه كردوونی؟! خۆ ئاشكرایه كه ئه‌وه بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه ده‌یه‌وێ یه‌كێتی بكاته پاشكۆی خۆی، كه مه‌به‌ست لێی دژایه‌تیكردنی لایه‌نێكی سیاسییه؛ بێگومان به‌پاشكۆگرتنی یه‌كێتییش له لایه‌ن گۆرانه‌وه، بۆ لێستاندنه‌وه‌ی یه‌كسه‌نگه‌ری و یه‌كگوتاریی پارتی و یه‌كێتی بووه.
ئه‌مانه‌یش له كاتێكدان كه نیشتمانپه‌روان و دڵسۆزانی ناو یه‌كێتی كه په‌رۆشی نێو ماڵی كورد و یه‌كگرتوویی كوردن نایانه‌وێ دژایه‌تیی هیچ كه‌س بكرێ، چونكه ئه‌وان ده‌زانن بایه‌خی هاوپه‌یمانه‌تی چییه و چه‌نده و قبووڵیش ناكه‌ن یه‌كێتی پاشكۆی كه‌س بێ. خۆ ئه‌گه‌ر سه‌رۆك تاڵه‌بانییش له دۆخێكی باشتردا بوایه، ئه‌وا هه‌رگیز ڕێی نه‌ده‌دا خه‌ڵێك هه‌بێ له ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌ست به‌سه‌ر بڕیاری سیاسیی حیزبه‌كه‌یدا بگرێ، یان جه‌ماوه‌ره‌كه‌ی لێ بستێنێ وه‌ك ئه‌وه‌ی له دواهه‌ڵبژاردندا بینیمان؛ یان نه‌یده‌هێشت یه‌كێتی بۆ دژایه‌تیی هێزێكی سه‌ره‌كیی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی كورد كه پارتییه به كار بهێنرێ.
بۆیه ده‌بێ خه‌ڵكی دڵسۆز و نیشتیمانپه‌روه‌ری یه‌كێتیی نیشتیمانی بڕیار بده‌ن و له خۆیان بپرسنه‌وه كه، ئایا كام ڕێگه‌یه‌یان له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان و دواتر بۆ حیزبه‌كه‌یشیان به‌كه‌ڵكه، شه‌راكه‌ت له‌گه‌ڵ پارتی یان پاشكۆیه‌تی گۆڕان. بە دڵنیاییەوە ئەگەر جەنابی مام جەلال لە ڕووی تەندروستییەوە لە دۆخێكی باشتردا بوایه، ڕێگەی نەدەدا خەڵكی دەرەوەی یەكێتیی هەوڵ بدەن دەست بەسەر ئیرادە و جەماوەریدا بگرن و ئەوەی دەكرد كە لە بەرژەوەندیی یەكێتی و گەلی كوردستان دەبوو.