Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 03:42 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

فوئاد حوسێن: داعش 10 تا 12 ملیۆن كەسی لەژێر دەستە.. كورد پێویستی بە هێلیكۆپتەری ئەپاچی هەیە
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- (فوئاد حوسێن)، لە دیمانەیەكی رۆژنامەی ئەندیپێندنتدا دەڵێت، ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرەیەكدا كە درێژاییەكەی 650 مایڵە، رووبەڕووی هێزەكانی داعش دەبێتەوە و لە پێناو بەرەنگاربوونەوەیاندا، كورد پێویستی بە هێلیكۆپتەری  ئەپاچی و چەكی قورسی وەك تانك و تۆپ هەیە. هەروەها جەخت دەکاتەوە کە، هیچ بەڵگەیەكی بڕواهێنەر نییە عەرەبە سوننەکان بەرخودان بکەن و دژ بە داعش ڕاپەڕن.

داعش 10 تا 12 ملیۆن كەسی لەژێر دەستدایە
رۆژنامەی ئەندیپێندنت لە دەستپێكی دیمانەكەدا نووسیویەتی، لە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی، ژمارەی جیهادییەكان (تیرۆریستەكانی داعش)ـی هەڵە مەزەندە كرد كە، ئێستا رووبەرێكی بەقەد بەریتانیایان لەژێر ركێفدایە. دەوڵەتی ئیسلامی سوپایەكی پێك هێناوە ژمارەكەی خۆی لە سەدانهەزار شەڕكەر دەدات، كە زۆر لە مەزەندەكانی بەر لە ئێستای ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی زیاترە، ئەمە لەلایەن لێپرسراوێكی گەورەی كوردەوە راگەیەنرا كە گوتی، توانستەكانی داعش بۆ هێرشبردن لە چەندین بەرەی شەڕەوە و بە شێوەیەكی هاوكات كە دووراییی زۆریان لە نێواندا هەیە لە عێراق و سووریا، ئەوە دەخاتە ڕوو كە ژمارەی شەڕكەرە چەكدارەكانی داعش كەمتر نییە لە 200000 كەس، ئەمەش حەوت یان هەشت جار بەقەد ئەو ژمارەیە كە هەواڵگرییە بیانییەكان مەزەندەیان دەكرد و پێیان وابوو ژمارەی چەكدارەكانی داعش دەگاتە 31500 سیویەكهەزار و پێنجسەد كەس.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (فوئاد حوسێن)، رۆژی یەكشەممەی رابردوو لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ ئەندیپێندنت دەڵێت "من باس لە سەدانهەزار شەڕكەر دەكەم، لەبەر ئەوەی ئەوان توانای هێنانەڕیزی گەنجانی عەرەبیان لەو ناوچانەی لەلایەن ئەوانەوە كۆنترۆڵ كراوە، هەیە".

(فوئاد حوسێن) دەشڵێت، داعش ئێستا سێیەكی خاكی عێراق و سووریا دەكات كە، ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناوچانەی لەژێر دەستیاندایە لە نێوان 10 تا 12 ملیۆن كەس دەبێ و، رووبەری 250000 كیلۆمەتر چوارگۆشە پێك دێنێ‌ كە، رێك دەكاتە رووبەری بەریتانیای مەزن، ئەمەیش توانستێكی فراوان بە جیهادییەكان دەبەخشێ، لە رووی هێنانەڕیزی زیاتری شەڕكەران.
رۆژنامەكە هەروەها نووسیویەتی، باشترین بەڵگە بۆ ئەوە كە داعش بە خێراییەكی زۆر سوپایەكی ئامادەی مەزنی پێك هێنا خۆی لەوەدا دەبینێتەوە كە، داعش هێرش دەكاتە سەر كوردەكان لە هەرێمی کوردستان و سوپای عێراق لە نزیك بەغدا، كە هاوكات لە نێو خاكی سووریایش لە شەڕدایە، لەمبارەیەوە (فوئاد حوسێن) دەڵێ "ئەوان لە كۆبانی شەڕ دەكەن. لە مانگی رابردوویشدا لە حەوت ناوچەی جیاجیای كوردستانی عێراق و رومادی (ناوەندی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای بەغدا) و جەلەولا(شارێكە عەرەب و كورد لێی دەژین لە نزیك سنووری ئێران) هێرشیان هێناوە. مەحاڵە بگوترێ‌ ژمارەیان 20000 كەس یان لەو دەوروبەرەدا بێ".
گرینگە ژمارەی زۆری شەڕكەرانی داعش بزانرێ‌ لەبەر ئەوەی پرسی ئەوەمان بۆ یەكلایی دەكاتەوە كە چەند ئەستەم دەبێ داعش لەناو ببرێ،‌ ئەگەر بە ڕێگای گورزە ئاسمانییەكانی ئەمەریكایشەوە بێ. لە مانگی ئەیلوولیشدا ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی مەزەندەیەكی خستەڕوو كە، ژمارەی چەكدارانی داعش لە نێوان 20000 و 31500 شەڕكەردایە. لەوانەیە بەهەند وەرنەگرتنی قەبارەی داعش بۆ ئەو هێزەی لە توانایدایە لە بەرەكاندا بڵاوی بكاتەوە ئەوەبێ، چۆن داعش بە درێژاییی پێنج مانگی رابردوو و بۆ چەندین جار ئەمەریكا و حكوومەتە بیانییەكانی تووشی شۆك كرد، كاتێ‌ توانی یەك لە دوای یەك سوپای عێراق و سوپای سووریا و یاخیبووە سووریاییەكان و پێشمەرگەی كوردیش شكست پێ بێنێ.

بۆیە ئەمەریكا و هاوپەیمانەكانی هەوڵ دەدەن لەو ئاستەنگانە تێ بگەن كە دێنە رێگای بەجێگەیاندنی ئەو بەڵێنەی (ئۆباما) دابووی بۆ لەبەریەكهەڵوەشاندنەوە و لەناوبردنی داعش. پێوەست بەوەش رۆژی هەینی، سەرۆكئەركانی هاوبەشی ئەمەریكا ژەنەراڵ (مارتن دێمپسی)، بە سەردانێكی لەناكاو گەییشتە بەغدا و گوتی "دەمەوێ‌ ئاگادار بم كە بەشداریكردنمان لەم شەڕەدا بە چ شێوەیەك بەڕێوە دەچێ‌".
لە سەرەتای هەفتەیشەوە، كۆنگرێس ئەوەی راگەیاند كە زۆر گرینگە سوپایەكی كاریگەریلە 80000 هەشتاهەزار سەرباز پێك بهێنرێ،‌ بە ئامانجی شكستپێهێنانی داعش. تەنانەت لە عێراقیش ژمارەیەكی كەمی خەڵك لەو بڕوایەدان كە سوپای نیزامی ئامادەیە بۆ ئەركێكی لەم جۆرە؛ سەرەڕای سەركەوتنەكانی هەفتەی رابردوو بە رزگاركردنی شاری بێجی و گرتنەوەی پاڵاوتەكەی كە گەورەترین پاڵاوتەی عێراقە.

پێویستمان بە هێلیكۆپتەری  ئەپاچی و چەكی قورسی وەك تانك و تۆپ هەیە
لە دیمانەیەكی درێژدا (فوئاد حوسێن)، بە راشكاوی هاوسەنگیی نوێی هێزی لە عێراق خستەڕوو لە دوای هێرشی شەڕكەرانی داعش لە هاوینی رابردوو و سەرلەنوێ‌ دەستوەردانی ئەمەریكا.
ئێستا حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەرەیەكدا كە درێژاییەكەی 650 مایڵە رووبەڕووی هێزەكانی داعش دەبێتەوە. (فوئاد حوسێن) ئاماژەی دا كە، دەستوەردانی ئەمەریكا لە رێگای ئاسمانییەوە بووە هۆی ئەوەی كورد خۆڕاگر بن لەدوای ئەوەی كە هێرشی لەناكاوی داعش لە مانگی ئابدا پاشەكشەی بە هێزەكانی پێشمەرگە كرد و خەریك بوو چەكدارانی داعش هەولێری پایتەخت داگیر بكەن، "ئەوان بە ستراتیژییەتی ترس شەڕیان دەكرد، كە كاریگەریی لە ورەی هەمووان كرد بە پێشمەرگەیشەوە".

لە پاڵ تۆقاندنی ركابەرانی خۆی لە رێگای پەخشكردنی تاوانەكانی لە ئامرازەكانی میدیادا، داعش تێكەڵەیەكی كاریگەری تاكتیكی پەرە پێدا، وەك خۆكوژەكان، مین، نیشانشكێنەكان و بەكارهێنانی ئەو كەرەستە ئەمەریكاییانەی لە سوپای عێراقی گرتبوون، لە نموونەی ئۆتۆمبێڵی هامفی و تانك و تۆپ. (فوئاد حوسێن) دەڵێ "لە پێناو بەرەنگاربوونەوەیان، كورد پێویستی بە هێلیكۆپتەری  ئەپاچی و چەكی قورسی وەك تانك و تۆپ هەیە".
سەركردە كوردەكان ئێستا هەست بە ئارامییەكی گەورەتر دەكەن سەبارەت بە داعش، لەبەر ئەوەی گەرەنتی ئەمنییان لە ئەمەریكاوە بە دەست هێناوە. هەروەها ئەو ئەزموونە تاڵەی ئەمەریكا بە بینینی داڕووخانی حكوومەتی بەغدا و سوپای عێراق كە پارەیەكی یەكجار زۆری لێ‌ خەرج كردبوو، هەر هەمووی لە بەرژەوەندیی كورددا شكایەوە.

لە ئێستادا (فوئاد حوسێن) نایەوێ‌ بچێتە سەر ئەو بابەتە، بەڵام حكوومەتی هەرێمی كوردستان رووبەڕووی هەڵوێستێكی چاوەڕوان نەكراو بوو لە ئانكارا، ئەو كاتەی داوای هاوكاریی لە حكوومەتی توركیا كرد بۆ راگرتنی هێرشی داعش و وەڵامەكەی توركیا ئەوەبوو كە، ئانكارا لە توانایدا نییە دەستبەجێ یارمەتی پێشكەش بكات. ئەوسا كورد روویان لە ئێران و ئەمەریكا كرد كە، دەستبەجێ‌ هاتنە دەنگ و رێگایان بە شەڕكەرە ئیسلامییەكان نەدا سەركەوتنی تەواو بە دەست بێنن. ئەوەبوو ئێران چەند ئەفسەرێك و یەكەی سەربازیی و تۆپی نارد و ئەمەریكایش لە رۆژی 8ـی ئابدا گورزە سەربازییەكانی وەشاندن.

(فوئاد حوسێن)، پێیوایە كە، ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی و دامەزراوە هەواڵگرییەكانی دیكەی ئەمەریكا، بە تەنیا باسیان لە شەڕكەرە بنەڕەتییەكان دەكرد و بە گوتەی خۆیان جیهادییەكان بە لایەنی زۆرەوە 31500 شەڕكەری هەیە. بەڵام شەڕەكانی پێنج مانگی رابردوو ئەوەیان دەرخست كە داعش بووەتە هێزێكی سەربازیی زەبەلاح. (فوئاد حوسێن) دەڵێ "ئێمە باس لە دەوڵەتێكی دامەزراو لەسەر بنچینەی سەربازی و بڕوامەندیی عەقائیدی دەكەین. ئەمەش بەو واتایە دێ، كە ئەوان داوا لە هەمووان دەكەن فێری بەكارهێنانی چەك بن. هاوكات لە هەمووانیان داوایە لە سەر بنەمای ئایدیۆلۆژیای ئەوان پەروەردە ببن، بە واتایەكی دی شۆردنەوەی مێشكیان بۆ بكرێ‌".

یەكێك لە ئاماژە پیشەییە سەربازییەكانی لای داعش ئەوەیە، كە پشت بە خێرایی دەبەستێ‌ لە میانی فێربوونی بەكارهێنانی تانك و تۆپ و ئەو كەرەستە ئەمەریكاییانەی لە دوای داگیركردنی مووسڵ لە رۆژی 10ـی حوزەیراندا دەستیان كەوت. هەمان شت لە سووریایش روویدا كە، داعش چەكی رووسیایی دەستكەوت و زوو بە كاری هێنا. لێكدانەوەی لە هەمووی بەرعەقڵتر ئەوەیە كە، ژمارەیەكی زۆری سەربازەكانی پێشووی عێراقی و سووریایی لە نێو ریزەكانی داعشدا بن و ئەو رێكخراوە توانا و كارامەیی ئەوان بقۆزێتەوە. (حوسێن) هەروەها دەڵێ، كە پێشمەرگە سەریان سوڕمابوو بەوەی لە كاتی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكاندا، جۆری مەشق و دیسپلینی شەڕكەرانی داعشیان بە دی كرد.

لە درێژەی قسەكانیدا (فوئاد حوسێن) روونی كردەوە: "ئەوان هەتا مردن دەجەنگن و زۆر مەترسیدارن، لەبەر ئەوەی زۆر بە باشی مەشق و راهێنانیان بینیوە، بۆ نموونە، باشترین نیشانشكێنیان هەیە، بۆ ئەوەی ببیتە باشترین نیشانشكێنیش، ئەوە بە تەنیا بەس نییە لەسەر نیشانەگرتن مەشق بكەی، بەڵكو پێویستە دیسپلینت هەبێ‌ و كەسێك بیت بتوانی ماوەی نزیكەی پێنج سەعات دان بەخۆتدا بگری، تاوەكو بتوانی ئامانجەكەت بپێكی.

لێرەدا (فوئاد حوسێن) بەڵگەی بۆ ئەو مەزەندەیە هەیە سەبارەت بە ژمارەی زۆری داعشەكان. ئەویش بەدواداچوونێكە لەلایەن نووسینگەی راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی لە بەغدا بەر لە هێرشەكەی داعش ئەنجام دراوە، باس لەوە دەكات كاتێ‌ 100 جیهادی دێنە یەكێك لە ناوچەكان، زۆر بە خێرایی توانیویانە نزیكەی پێنج ئەوەندە تا دە ئەوەندەی ژمارەی خۆیان بێننە ریزی خۆیانەوە. راپۆرت هەیە لە بارەی پەیوەندیكردنی گەنجانەوە بۆ ریزەكانی ئەوان بە مەبەستی شەڕكردن، لەو كاتانەی لە هاویندا توانیویانە سەركەوتن بە دەست بێنن. لەوانەیە ئەو جۆشە سارد بووبێتەوە لەگەڵ وەشاندنی گورزە سەربازییەكانی ئەمەریكا و نشوستهێنانی داعش و شكستهێنانی لە داگیركردنی كۆبانی‌ لە باكووری سووریا، سەرەڕای ئەوەی بۆ ماوەیەكی درێژ گەمارۆی ئەو شارەیان داوە.

كورد ناتوانن ناوچە عەرەبییە سوننییەكان رزگار بكەنەوە
هەروەها هەڵسانی داعش بە پێدانی بڕی 400 دۆلار (250 یۆرۆ) مانگانە لە ناوچە هەژارنشینەكان كە كاروكاسبی لێ نییە، هۆكارێك بووە بۆ راكێشانی خەڵك. لەگەڵ ئەوەشدا (فوئاد حوسێن) دەڵێ، داعش كار بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوەی كۆمەڵگا دەكات لەو ناوچانەی كۆنتڕۆڵی كردوون، بە گوێرەی ئەو نموونەیەی خۆی بڕوای پێیەتی بە ئاراستەی گۆشكردنی خەڵك، بۆ ئەوەی رێچكە و بڕوامەندیی ئەوان قبووڵ بكەن.

كوردەكان متمانەیان بە خۆیان هاتەوە لە رووی سەربازییەوە ئەو كاتەی زانییان كە لەلایەن ئەمەریكا و ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن. ئەوەبوو هێزەكانی پێشمەرگە چەند شارێكیان خستەوە ژێر كۆنترۆڵی خۆیان كە لە مانگی ئابدا لە دەستیان دابوو، وەك زومماری نزیك سنوورەكانی سووریا، بەڵام تەلـلەعفەر و شنگالیان نەگرتەوە و، هێشتا 8500 كوردی ئێزدی لە چیای شەنگال ماونەتەوە. سنوور بۆ ئارەزووی كورد هەیە بۆ پێشڕەویكردن، ئەگەر بشتوانن سەركەوتوو بن. (فوئاد حوسێن) دەڵێت، كورد دەتوانن هاوكاریی سوپای عێراق بكەن و پشتگیریی سوپایەك بكەن لەسەر تایەفەگەریی دانەمەزرا بێ‌، بەڵام كورد ناتوانن ناوچە عەرەبییە سوننییەكان رزگار بكەنەوە".

ئەمەش ئەو كێشە گەورەیەیە كە بووەتە لەمپەر لەبەردەم بەغدا و كورد، كە نەتوانن هێرشێكی لەوجۆرە بكەنە سەر داعش، لەبەر ئەوەی ئەوسا پێنج یان شەش ملیۆن عەرەبی سوننە وای دەبینن كە ئەو هێرشە، وەك زەبرێك وایە دژ بە تایەفەكەی ئەوان. ئەمەریكا هەتا ئێستا هیواخوازە هەمان ئەو سەركەوتنە بە دەست بێنێتەوە كە لە 2006 و 2008 كردی و توانی زۆربەی سوننەكان دژ بە قاعیدە لە عێراق هەڵبگێڕێتەوە.
(حوسێن)، ئەو هۆكارانە باس دەكات كە هەمان ئەو ئەزموونەی جاران بۆ ئەمەریكا ئەستەم دەكات و دەڵێ: "ئەمەریكاییەكان ئەو كاتە 150000 سەدوپەنجاهەزار سەربازی لە عێراق هەبوو، پشتگیرییان لەو هۆزانە دەكرد كە، مەیلێكی دژ بە قاعیدەیان هەبوو. داعش دڕندانە سزای هەر یەكێك دەدات بەرەنگاری ببێتەوە." هەروەها دەڵێت "بینیمان چی بە سەر هۆزی بونەمردا هات لە ئەنبار (كە دژ بە داعش راپەڕی بوون)، ئەوان زۆر ئازایانە لە بەرامبەر تیرۆریستاندا هاتنە دەست، بەڵام 500 پێنجسەد كەسیان لێ‌ كوژران. ئەوە كارەسات بوو".

بە گشتی، (فوئاد حوسێن) دەڵێ، هیچ بەڵگەیەكی بڕواهێنەر نییە بەرخودان لەلایەن عەرەبە سوننەكانەوە روو بدات. لەوانەیە زۆربەیان و بەتایبەتی لە مووسڵ، بەو دۆخەی ئێستایان خۆشحاڵ نەبن، بەڵام بەو مانایە نایەت كە ئەو هەستەیان دەبێتە ئۆپۆزسیۆنێكی كاریگەر.

هەروەها هەڵسانی هێزێكی دەرەكی بە پێكهێنانی ئۆپۆزسیۆنێك دژ بە داعش، ئەویش روون نییە. لەوانەیە خەڵك لە ناوچە سوننەكان سوپای عێراقیان پێ قبووڵ بێ‌، بەڵام ئەوە تەنیا بۆ كاتی سەرلەنوێ‌ دامەزراندنەوەی سوپایەكە كە، عەرەبی شیعە هەژموونی بەسەردا نەبێ.

لەم كاتەشدا، كورد ئاماژەیەكی لاواز بە دی دەكەن لەبارەی بوونی سوپایەك. ئەوان داوایان لە هێزە نیزامییەكان كرد بەرگریی لە بەنداوی مووسڵ بكات لەسەر رووباری دیجلە و، بێتە پاڵ ئەو 3000 سێهەزار پێشمەرگەیەی لەو شوێنەیە، بەڵام هیچ هێزێكی عێراقی نەهاتن. "ئەوانەی ئێستا بەرگریی لە بەغدا دەكەن، سوپای لایەنە شیعەكانن. سەرلەنوێ‌ دامەزراندنەوەی سوپایەكی پیشەیی كاتی دەوێ‌".

(فوئاد حوسێن) ئەوەی نەگوت، بەڵام وا پێدەچێ، زۆر درەنگە بۆ دامەزرانی سوپایەكی نیزامیی كارای دوور لە تایەفەگەری. ئەو دژەهێرشانەی بەغدا دەیانكات بە فەرماندەیی میلیشیای هەرسێ حیزبە سەرەكییەكەی شیعەیە كە هەمان ئەو جۆش و پەرۆشییە عەقائیدیە و رقە تایەفەگەرییەی هەیە، داعش هەیەتی. بۆیە وەدەستهێنانی هەر پێشڕەوییەك لە گۆڕەپانی شەڕدا، دەبێتە هۆی ئەوەی ئەو دانیشتوانانەی پێدەچێ مەیلی لایەنی دۆڕاویان هەبێ، هەڵبێن و ناوچەكانیان چۆڵ بكەن، بەو هۆیەشەوە باكووری عێراق بە تەواوی بووەتە پەناگەی ئاوارەكان.

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact