مووسڵ-KDP.INFO- دوای ئەوەی دەنگۆی ئەوە بڵاو بووەوە کە 11خێزانی کوردی شەبەک لە مووسڵ لەلایەن داعش ڕفێندراون، سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی شەبەکیش ئەو دەنگۆیەی رەت کردەوە و رایگەیاند، "ئەمڕۆھیچ کوردێکی شەبەک نەرفێندراوە."
نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی دەستەی راوێژکارانی شەبەک(مەلا سالم شەبەک) بۆ kdp.infoگوتی، "دوای بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیە، بەدواداچوونمان کردووە کە ھیچ کوردێکی شەبەک، ئەمڕۆ لە مووسڵ نەڕفێندراوە و ئەو ھەواڵە دوورە لە ڕاستییەوە و ھیچ بنەمایەکی نییە."
نوێنەری کۆتای شەبەک لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە، "ماوەیەک پێش ئێستا 112کوردی شەبەک ڕفێندران و هێشتایش چارەنووسیان دیار نییە، بەڵام ئەمڕۆ ھیچ کوردێکی شەبەک نەڕفێندراوە."
(شەبەک) ئاماژەیشی دا، لە ئێستادا 45گوندی شەبەک لەژێر کۆنترۆڵی ھێزی پێشمەرگەدان و ئەمنییەتیان پارێزراوە، بەڵام 11گوند لەژێر دەستەڵاتی داعشدانە، لەوێ بارودۆخیان زۆر خراپە و گوندەکانیان تاڵان کراون.
ئەمەش لەکاتێکدایە، ئەمڕۆ چەند سەرچاوەیەکی ھەواڵ بڵاویان کردەوە، کە لە پارێزگای مووسڵ 11خێزانی شەبەک کە لە 35کەس پێکھاتوون لەلایەن داعشەوە ڕفێندراون و چارەنووسیان دیار نییە.
بڵند ئیبراھیم