ڕۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا دەڵێت، ئەنەکەسە زۆر ھەوڵیداوە پەیوەندی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی تردا باش بێت و ئێمە ھەمیشەش دەستپێشخەر بووینە بۆ ڕێککەوتنەکان، بەڵام پەیەدە خۆی دەدزێتەوە.
سەعید عومەر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئێستا دۆخی سووریا لە خراپەوە بەرەو خراپتر دەڕوات و شەڕی بە وەکالەتی وڵاتان لە سووریادا ھەیە و ھەر پارچەیەکی سووریا لە دەست وڵاتێکدایە".
ناوبراو گوتیشی: "ناوچە کوردنشینەکانیش لە دەست ھێزەکانی ئەمەریکا دایە و ئێستا پەیەدە سیاسەتی تاکلایانانە بەکاردەھێنێت و ھیچ ھێزێک قبووڵی ناکات".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا گوتیشی: "ھەمیشە ئەنەکەسە ویستوویەتی لایەنە کوردییەکانی ڕۆژئاوا یەکگرتووبن، بەڵام ئەگەر ھەر دەرفەتێک بۆ ئاشتی دروستبووبێت، ئەوا ھێزەکانی سەر بە پەیەدە ھێرشی سەر بارەگاکانی ئەنەکەسە دەکەن کە ئەمەش دەبێتە ھۆی تێکدانی بارودۆخەکە و نزیک نەبوونەوەی لایەنەکانیش".
کاروان باعەدری