ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت: بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتی پەروەردەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان مەترسیدارە.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری زانیاری و پەیوەندییەکان لە ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیاری ھەڵوەشاندنەوەی نوێنەرایەتی پەروەردەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان مەترسیدارە و ئەرکی حکوومەتی عێراقە ئەو مافە بۆ ئاوارەکان دابین بکات، وەزارەتی پەروەردەی عێراق دێت ئەو بڕیارە دەدات ژمارەیەکی زۆری قوتابی زەرەرمەند دەکات، بۆیە کاریگەری ئەو بڕیارە ھاوشێوەی داخستنی کەمپەکان دەبێت.
گوتیشی: ھەوڵەکانی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی ئاوارەکان پێچەوانەی بنەماکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکانە، پێویستە بۆ ئەوەی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە دەستپێبکات دۆخی ناوچەکانیان ئاسایی بکرێتەوە و سەقامگیری بۆ ناوچەکانیان بگەڕێتەوە، بەشێکی زۆریان ناسنامەیان نییە و بەشێکیشیان کێشەی ئەمنیان ھەیە، بۆیە پێویستە ھەموو کێشەکانیان چارەسەر بکرێت ئەو کات بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، عێراق بەرپرسیارە لە ژیانی ئەوان و ئەوانە ھاووڵاتی عێراقین، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران لە کارەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و نەیانتوانیوە بێلایەنی خۆیان بپارێزن و کارتەکانیان تێکەڵی بەرژەوەندییەکان نەکەن.
عەلی سەعید گوتیشی: بەداخەوە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ مەبەستی شەخسی، حزبی و گرووپی بەکاردێنن و سەرچاوەکانی وەزارەتەکە لە بەرژەوەندی ئاوارەکان بەکار نایەت، بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جار وەزارەتمان ئاگادارکردۆتەوە لە پێدانی کەلوپەلی ماوە بەسەرچوو و نایاسایی و نەگونجاو بۆ بەکارھێنانی مرۆیی، لەلایەکی تریش ئاشکرا نەکردنی بڕ و گوژمە و قەبارەی ئەو تەرخانکردنە داراییانەی بۆ ئاوارەکان دانراوە، ئەمە سەرەڕای ھاوکاری ڕێکخراو و ئاژانسەکان بۆ وەزارەتی ناوبراو، بۆیە پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیتحادی لەو پێشێلکاریانە بێنە سەر خەت.
علی سەعید باسی لەوەش کرد: لە ھەولێر ئاوارەکان خۆپیشاندانیان لەبەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان ئەنجامدا دژی بڕیاری داخستنی نوێنەرایەتی پەروەردەی عێراق لە ھەرێمی کوردستان، بۆیە ئێمەیان ئاگادارکردووەتەوە و ئێمەش لەو چوارچێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دەکەین و ڕێکخراو و ئاژانسە نێودەوڵەتییەکانمان ئاگادار کردووەتەوە لەو پێشێلکاریەی لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران یان پەروەردە ئەنجام دەدرێت، چونکە ناکرێت بە ئارەزووی خۆیان کاربکەن بۆ مەبەستی شەخسی و تاقمی دیاریکراو.
ناوبراو دەشڵێت: ھەفتەی ڕابردوو شەو و ڕۆژ کارمان کرد بۆ ئەوەی ٥٠٠ خێزانی سەڵاحەددین کە لە سلێمانی نیشتەجێن بگەڕێنەوە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، وا بڕیاربوو لە قۆناغی یەکەم ١٠٠ خێزان بگەڕێتەوە، بەڵام بەداخەوە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەکە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بەبیانووی ئەوەی پارەی کاشیان لەبەردەست نییە پێیان بدەن ڕێگری کرد، کە بۆ ھەر خێزانێک ٤ ملیۆن دینارە و حکوومەتی عێراق بڕیاری لێداوە، ئەوانەی کێشەی ئەمنیان ھەیە ناتوانن بگەڕێنەوە، بۆیە وەزارەت خۆیان ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان و دۆسیەکە وەکو سیاسی سەیر دەکەن، و تاکە شت خەم نەبێت لای ئەوان ئاوارەکانە.
بەپێی زانیارییەکان لە ھەرێمی کوردستان لەنێو ئاوارەکان نزیکەی ١٨٠ ھەزار قوتابی ھەیە، ئەگەر بڕیارەکە جێبەجێ بکرێت بێبەش دەبن لە خوێندن کە بەپێی ئاماری ناوەندی ھاوبەشی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە ھەرێمی کوردستان ٧٤٨ ھەزار و ٩٦ ئاوارە لە چوارچێوەی ١٣٤ھەزار و ٦٥٩ خێزان هەیە.
بڵند ئیبراھیم