بەردەڕەش-KDP.info- سەرۆکی شارەوانی قەزای بەردەڕەش دەڵێت: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرینگییەکی زۆری بە قەزای بەردەڕەش داوە، ئێستا بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار پڕۆژە جێبەجێ دەکرێن، بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە بەردەڕەش لەڕووی ئاوەدانییەوە ٢٠ ساڵ پێشدەکەوێت."
ئەندازیار سیروان حەسەن قادر، سەرۆکی شارەوانی بەردەڕەش، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە قەزای بەردەڕەش شەش پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری قەزا لە سێکتەری شارەوانی لە بواری جێبەجێکردن دان کە بریتین لە ئاوەڕۆ، ڕێگای ناوخۆیی، دووسایدی و یەک ساید، لە زۆرینەی بەردەڕەش کار دەکرێت و ڕێگا دروست دەکرێت، پڕۆژەکان ھەر یەکەی ڕێژەیەکی لێ تەواوکراوە، ماوەیەک کارکردن بەھۆی کەش وھەوا وەستابوو، بەڵام ئێستا جارێکی دیکە دەستیپێکردووەتەوە و بڕیارە بەردەوام کاری تێدا بکرێت تا تەواو دەبێت.
ئەندازیار سیروان حەسەن قادر گوتیشی: بە تەواوبوونی ئەو پڕۆژانە ٩٠%ی بەردەڕەش گۆڕنکاری بەسەردادێت و دەچێتە قۆناغێکی دیکە و ١٥ بۆ ٢٠ ساڵی دیکە دەچێتە پێشەوە، چونکە ئێستا تەنیا لە بواری شارەوانی بە گوژمەی ھەشت ملیار دینار پڕۆژە لە بواری جێبەجێکردن دان.
ئاماژەیشی دا، لەم کابینەیە گرینگییەکی یەکجار زۆر بە قەزای بەردەڕەش دراوە، ئێستا لە ھەموو شوێنێکی بەردەڕەش کار دەکرێت و خزمەتگوزاری بۆ خەڵک دابین دەکرێت، بۆیە پلانی باشمان ھەیە بۆ ئەوەی خزمەتگوزاری بگاتە ھەموو شوێنکی قەزاکەمان.
بڵند ئیبراھیم