ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە 4/30، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ستیڤن هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.
تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە گرینگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردن دا.
سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە، کە پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەینەوە کە جێی متمانە بێت و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت و گەرەنتی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چەند بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.