بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، دەڵێت: بە فەرمیی داوای دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستانمان کردووە ئەمەش ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە کە دایانمەزرێنێت.
د. نەھلە ئەفەندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی خوێندنی باڵا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لیژنەی خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی عێراق میوانداری مەحموود تەمیمی سەرۆکی ئەنجوومەنی راژەی لە حکوومەتی فیدڕاڵ کردبوو، لە کۆبوونەوەکە ئێمە داواکاریەکمان پێشکەش بە سەرۆکی ئەنجوومەنی راژە کرد بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان کە ژمارەیان شەش ھەزار دەرچووە و لە ساڵی ٢٠١٨ بەدواوە دانەمەزراون."
گوتیشی: "چەند مانگێکی دیکە دەرچوانی ئەمساڵ مافی دامەزراندنیان ھەیە، ئەمە لەکاتێکدایە ھەموو ساڵ یەکەمەکانی عێراق و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم دادەمەزرێن."
د. نەھلە ئەفەندی جەختی کردەوە، پشتگیری راسپاردەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کورستان دەکەین بۆ دامەزراندنی یەکەمەکانی ھەرێمی کوردستان و ئەرکی حکوومەتی فیدڕاڵە یەکەمەکانی ھەرێم ھاوشێوەی یەکەمەکانی پارێزگاکانی دیکەی عێراق دابمەزرێنێت، چونکە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجە و مووچە لای حکوومەتی فیدڕاڵە.
قائید میرۆ