ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی ھەینی ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٤، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردوومان کراو جیا لە کوشتنی چوار کارمەندی بیانی، زیانێکی زۆریش بە کێلگەکە کەوت، دوای ھێرشەکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەرخەت و پێیان وایە ئەوەی کراوە پێشھاتێکی مەترسیدارە.
ماوەی چەند ساڵە بە موشەک و شێوازی جیاواز ھێرش دەکرێتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادر کەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەھۆی ھێرشەکانەوە، زیانێکی زۆر بەر کێڵگەکە کەوت، دوایین ھێرشی ئەم ھەینییە بووە ھۆی ڕاگرتنی ھەناردەکردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، ئەم کێڵگەیە ڕۆژانە چوار ھەزار و ٢٠٠ مێگاوات کارەبا بەرھەم دەھێنێت کە لەو بڕە ٢٨٠٠ مێگاواتی بۆ ھەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە ڕەوانەی ھەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت، ھەروەھا یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە ھەشت ترلیۆن و ٢٠٠ ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت، غازی کۆرمۆر، لە ڕێگەی بۆڕییەوە ڕەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و ھەولێر دەکرێت، بەمەش لە ٦٧%ـی کارەبای ھەرێمی کوردستان دابین دەکات، کێڵگەکە لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵ لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرھێنانی تێدا دەکات.
دوابەدوای ھێرشەکە ڕاستەوخۆ کاردانەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەدواداھات و بەپێشھاتێکی مەترسیداری دەزانن، لە یەکەم کاردانەوەدا ڕۆژی ھەینی ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٤، ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند: بە توندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە دەکەین ئەمشەو کرایە سەر ژێرخانی وزە لە ھەرێمی کوردستان کە بووە ھۆی کوژران و برینداربوونی کارمەندانی شوێنەکە.
ئەلینا رۆمانۆوسکی وێڕای دەربڕینی ھاوخەمی بۆ قوربانییانی ھێرشەکە، داوای لە دەسەڵاتدارانی عێراق کردووە لێکۆڵینەوەی تەواو لە ڕووداوەکە بکەن و بکەرانی ڕووبەڕووی دادگا بکەنەوە.
لە ھەمان ڕۆژدا، نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ عێراق کە بە یونامی ناسراوە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ھەڵوێستی خۆی لە سەر ھێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆ ڕاگەیاندووە و ئاماژەی داوە، بەتوندی سەرکۆنەی ھێرشکردنە سەر ئەو کێڵگەیە دەکەین، ھیوای زوو چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین و سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەوانەش دەکەین کە لەو ھێرشەدا کوژراون.
یونامی جەخت دەکاتەوە کە پێشوازی لە لێکۆڵینەوە بۆ دەست نیشانکردن و دەستگیرکردنی بکەرانی ھێرشەکە و دادگاییکردنیان دەکات.
لە ئاستی باڵای ئەمەریکاش، (ماتیو میلەر) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا سەرکۆنەی ھێرشە درۆنییەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر دەکات و جەختیش لە ھەڵوێستی پشتیوانی و ئەمەریکا بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە بۆ پاراستنی سەقامگیریی و سەروەری.
میلەر لە ڕاگەیەندراوەکە دەڵێت: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە توندی ئیدانەی ھێرشی سەر ژێرخانی وزەی ھەرێمی کوردستان دەکات، ھێرشی لەم جۆرە پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراقە، ھەر بۆیە ھانی دەسەڵاتداران دەدەین لێکۆڵینەوە بکەن و ھێرشەکەرەکان ڕووبەڕووی یاسا و دادگا بکەنەوە.
ھاوکات لەکاردانەوەیەکدا ئەمڕۆ شەممە، ٢٧-٠٤-٢٠٢٤، ستیفن ھیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) پەیامێکی لەبارەی ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ بڵاوکردەوە، ستیفن ھیچن لە پەیامەکەیدا باسی لەوە کردووە: "بە توندی سەرکۆنەی ھێرشکردنە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکەین، ھێرشەکە ھەوڵێک بۆ بەدەستھێنانی دەستکەوتی سیاسی و ئابووری لە ڕێگەی بەکارھێنانی توندوتیژییەوە".
باڵیۆزی بەریتانیا لە بەغدا بە پێویستی دەزانێت بکەرانی ھێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر "لێپێچینەوەیان لەگەڵ بکرێت" و بە سزای یاسایی خۆیان بگەن.
لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانی بۆ کوردستان ھەر ئەمڕۆ شەممە، تۆماس سەیلەر، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق، لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) نووسیویەتی: "ئەم ھێرشانە ھەموو پەلاماری ھاووڵاتیانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دەدەن، بێجگە لەمە ھیچ دەرئەنجامێکی دیکەی نییە زیاتر ھاوکار دەبێت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ئاسایش، سەقامگیری و چاکسازی".
ئەم شەویش لەکاردانەوەیەکدا کونسوڵخانەی فەرەنسا لە ھەولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لە بەشێکیدا ھاتووە، فەرەنسا بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکەی دوێنێ ئێوارەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەکات، کە بووە ھۆی کەوتنەوەی قوربانی مەدەنی و زیانی گەورەی ماددی، ھەروەھا لە ڕاگەیەندراوەکەدا ھاتووە، ھاوسۆزی بۆ ھەرێمی کوردستان دەردەبڕین و بە رێزگرتن لە سەرجەم ژێرخانی وزە، کە لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستاندایە، ھەروەھا فەرەنسا پاڵپشتی خۆی بۆ ھەردوو حکوومەتەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق دووپاتکردەوە.
لە ئاستی وڵاتانی عەرەبیش، لەکاردانەوەی ھێرشەکە، وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت، "بەتوندی سەرکۆنەی ئەو ھێرشە تیرۆریستییە دەکەین کە لە ڕێگەی درۆنی بۆمبڕێژکراوەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆری کردە ئامانج و بووە ھۆی کوژرانی ژمارەیەک ھاوڵاتیی بێتاوانی یەمەنی".
ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئامانج لە ھێرشەکە تێکدانی سەقامگیری و ئاسایشی عێراقە، دەشڵێت: "ھێرشەکە پێشێلکاریی ئاشکرای بنەماکانی یاسا نێودەوڵەتییەکانە".
ئیمارات جەخت لە پشتیوانیی عێراق دەکاتەوە لە "ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر"، پەرۆشیشە بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق.
دوابەدوای ئەوەش وڵاتی یەمەن لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەی ھێرشەکەی سەر کیڵگەی کۆرمۆر دەکات و داوا دەکات ھەرچی زووە بکەرانی ئەو تاوانە بەسزای خۆیان بگەیەنن و وڵاتەکەی پشتیوانی لە ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە دەکات.