Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SUN, 28 APR 2024 07:36 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ 26ـی ئاداری 2024 راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، له‌ به‌شێكیدا هاتووه‌:  "مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە، بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیریی دارایی پێشکەوتووە".

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، ماوەیەکە هەندێک زانیاریی نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەند زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

ماوەیەکە هەندێک زانیاری نادروست و چەواشەکارانە دژی پرۆژەی هەژماری من لێرەو لەوێ بڵاودەکرێتەوە، بەپێویستمان زانی چەن زانیارییەک لە سەر پرۆژەکە و هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بۆ ڕای گشتی بخەینەڕوو.

کورتەیەک لە پرۆژەی هەژماری من:

پرۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە لەلایەن نوسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بەهەماهەنگی وەزارەتی دارایی و ئابووری، بەئاگاداری بەڕێز سەرۆک وەزیرانی عێراق و بەڕەزامەندی بانکی ناوەندی عێراق  لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.

مەبەستی پرۆژەی "هەژماری من" دروستکردنی بانک نییە بەڵکو پرۆژەیەکی گشتگیری دارایی پێشکەوتووە کە ئامانج لێی دابین کردنی ڕێگەیەکی پارێزراو و گونجاوە بۆ دەست ڕاگەیشتن بەچەندین خزمەتگوزاری دارایی و بانکی سەردەم و دابین کردنی مووچە و پێدانی چەندین جۆری قەرز و سلفە و پێشینە لەلایەن بانکەکانەوە بۆ فەرمانبەران و سوودمەندانی هەرێمی کوردستان. هەروەها سەرچاوەیەکە بۆ ڕێگری کردن لە سپیکردنەوەی پارە و کۆتایهێنان بە گەندەڵی.

پرۆژەی هەژماری من دەبێتە هۆی بەدەستهێنانی داتای ورد و دروست و شەفاف لەسەر خەرجی و داهاتەکان، هەروەها پێشکەش کردنی چەندین جۆر سلفە و پێشینە بە فەرمانبەران و سوودمەندانی کەرتی گشتی و کەرتی تایبەت کە دەبێتە هۆی گەشەپێدانی ئابووری و بوژانەوەی سێکتەرە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. 

بانکە بەشداربووەکان:

پێنج بانک بەشدارن لە پرۆژەکەدا کە ئەوانیش بریتین لە:

● BBAC Bank

● RT Bank

● NBI

● Cihan Bank

● IIB

کەسەرجەمیان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە مۆڵەتیان پێدراوە و باوەرپێکراون.

هەروەها بۆ دڵنیابوون لە هەڵبژاردنی ئەو بانکانەی کە تەندروستن و هیچ سزایەکیان لەسەر نیە لە پەیوەندیەکی بەهێزداین لەگەڵ گەنجینەی ئەمریکا و سەرجەم ئەو بانکانە ناسراون و خاوەن ئەزموون و ژێرخانی دیجیتاڵی بەهێزن.

لە ئێستادا سێ بانکی دیکەی باوەڕپێکراو لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە لەسەر هێڵن بۆ بەشداریکردنییان لە پرۆژەکە. شایەنی باسە، بەشداریکردنی هەندێک بانک لە پرۆژەی هەژماری من رەتکراوەتەوە بە هۆکاری ئەوەی ئەو بانکانە شکستیانهێناوە لە بەدیهێنانی داواکارییەکانی پرۆژەکە و یاخود لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە خراونەتە لیستی سزاوە.

شایەنی باسە کە بەپێی دواین بڕیارەکان لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، پێویستە سەرمایەی (رأس المال) هەریەک لەو بانکە تایبەتانەی کە بەشدارن لە پرۆژەی هەژماری من زیاد بکرێت لە (٢٥٠) بۆ (٤٠٠) ملیار دیناری عێراقی تاوەکو کۆتای ساڵ، ئەم بریارە لە پێناو بەرژەوەندی مووچە خۆرانی هەرێمی کوردستانە و دڵنیای دەدات لە پاراستنی مووچە و پاشەکەوتی مووچەخۆران.

بەرهەم و خزمەتگوزاریە بانکیەکان:   

پرۆژەی هەژماری من زیاتر لە ١٩ خزمەتگوزاری  بانکی پێشکەش مووچەخۆران دەکات و تێچووی مانگانەی سەرجەم خزمەتگوزاریەکان تەنها بڕی (٢٥٠٠) دیناری عێراقیە کە بە بەراورد بە پرۆژەی تەوتین لە عێراق کە تەنها پێشکەشکردنی یەک خزمەتگوزارییە بۆ زۆرینەی مووچەخۆران ئەویش پێدانی پارەی مووچەیە بە شێوازی کاش.

لە کاتێکدا کە مووچەخۆران لە پرۆژەی تەوتین لە عێراق مانگانە بڕی ٦ لە هەزاردا بۆ ڕاکێشانی مووچە دەدەن بە دەروازەکانی دابەش کردنی مووچە (PoC/منافذ) واتا وەرگرتنی ٦٠٠٠ دیناری عێڕاقی بۆ ڕاکێشانی هەر ملیۆن دینارێک.                               

ئامانجێکی دیکەی پرۆژەکە دەستڕاگەیشتنی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و خانەنشینان و هێزە ئەمنیەکانەوە بە مووچەکانیان لە ڕێگەی ئامێری ڕاکێشانی پارە (ATM) بەشێوەیەکی پارێزراو و شەفاف. بۆ ئەم مەبەستە بڕیارە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی (١٠٠٠) ئامێری ڕاکێشانی پارە دابنرێت و لە ئێستادا نزیکەی ١٠٠ ئامێری ڕاکێشانی پارە لە  شاری هەولێر دانراون و ٢٤ کاتژمێر کاران. لەهەمان کاتدا، دانانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە کوردستاندا هاوتەریبە لەگەڵ ستراتیژی بانکی ناوەندی عێراق کە بۆ سەرجەم بانکەکانی عێراق دانراون.

فراوانبوونی پرۆژەی هەژماری من:

لەئێستادا پرۆژەی هەژماری من لە پارێزگاکانی سلێمانی و دهۆک لە قۆناغی جێبەجێکردندایە و لەماوەی چەند هەفتەی ڕابردودا نزیکەی ٤٠ هەزار مووچەخۆر هەژماریان بۆ کراوەتەوە و قۆناغی یەکەمی گەڕانەوەی کارتی بانکیش بۆ فەرمانبەران دەستی پێکردووە لە هەردوو پارێزگاکە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراقی، تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ یەک ملیۆن هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی کەرتی گشتی دروست بکرێت و مووچەکانیان لەڕێگای هەژماری بانکی وەربگرن.    

١- ژمارەی بانکە بەشداربووەکانی پرۆژەکە بەردەوام لە زیادبوندایە.     

٢- بەشداربووی پرۆژەی هەژماری من ئازادە لە هەڵبژاردنی بانکی دڵخوازی خۆی لەناو پرۆژەکە و گۆڕینی بانکێک بۆ بانکێکی تری ناو پرۆژەکە.                                      ٣- هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت دەستکاری حسابی هیچ خاوەن هەژمارێک بکات جگە لە خاوەنی هەژمارەکە خۆی نەبێت. 

٤-هەموو فەرمانبەر و مووچەخۆرێک بەپێی قەبارەی مووچەکەی و ئەو ڕەسیدەی لەڕێی هەژمارەکەیەوە بەدەستی دەهێنیت سودمەند دەبێت لەقەرز و پێشینەکان لەلایەن بانکە ئەهلیەکانەوە.

 

ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووریی.           

 ٢٠٢٤/٣/٢٦




دوایین هەواڵەکان

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 23:04:01

بەغدا-KDP.info- ئەمشەو لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەددومی عێراقی کۆبووەوە.

 

ئەمەریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، یەکێتی ئەوروپا، ئیمارات و یەمەن سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکەن

SATURDAY, 27 APRIL 2024 22:04:28

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی ھەینی ٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٤، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردوومان کراو جیا لە کوشتنی چوار کارمەندی بیانی، زیانێکی زۆریش بە کێلگەکە کەوت، دوای ھێرشەکە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ھاتووەتە سەرخەت و پێیان وایە ئەوەی کراوە پێشھاتێکی مەترسیدارە.

 

نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە

SATURDAY, 27 APRIL 2024 21:04:08

بەغدا-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکەدا هەردوولا جه‌ختیان له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى گفتوگۆى بنیاتنه‌رى تایبه‌ت به‌ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كانى نێوان هه‌ردوو حكوومه‌تى عێراقى فیدڕاڵ و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌.

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گەیشتە بەغدا

SATURDAY, 27 APRIL 2024 17:04:04

بەغدا-KDP.info-  کەمێک پێش ئێستا نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمیی گەیشتە بەغدا.

"320 ھەزار ھاوڵاتی لە داشکانی قەرزی ئاو سوودمەند بوونە"

SATURDAY, 27 APRIL 2024 16:04:08

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی ھەرێم زانیاری دا، پێشتر بەھۆی بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، 320 ھەزار ھاوبەشی ئاو لە داشکاندنی قەرزی کرێی ئاو سوودمەندبوونە..دەشڵێت، لە بڕیاری نوێدا رێژەی داشکانی قەرزی ئاو زیاد کراوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact