د.عەبدولسەلام بەرواری: پارتی ھەمیشە ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دەوێت
ئەورووپا-KDP.info- ڕۆژی ٢٨ی نیسان، سمینارێک لەڕێگەی وێبناری لقی شەشی پارتی لە ئەورووپا بۆ عەبدولسەلام بەرواری ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی بۆردی ڕاوێژکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان سازکرا، لە سیمینارەکەدا چەندان بابەتی پێوەندار بە ھەڵبژاردنی شیکردەوە و دواتر رایگەیاند، کە پارتی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردی دەوێت.
د.عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، ئەندامی بۆردی ڕاوێژکاری لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لە سەرەتای سیمینارەکەدا گوتی: لە کۆبوونەوەکانی مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوو ئەو داواکارییانەی پێشکەش کران ئێمە قبووڵمان کرد، داواکارییەکانیش بریتی بوون لەوەی کوردستان بکرێتە چوار بازنە، ھەروەھا کار بە داتا و ئاماری کۆمسیۆنی بەغدا بۆ دەنگدەران بکرێت و ئامێرە ئەلیکترۆنییەکانی بەغدا بەکاربهێندرێت لەگەڵ پاککردنەوەی لیستی دەنگدەران کە ھەمیشە باسیان دەکرد .. ئەوەشمان قبووڵ کرد.
ئەندامەکەی پێشووی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەشڵێت: ئێمە ئەمانەمان ھەمووی قبووڵکرد پاشان زانیان ھەموو مەرجەکانی ئەوانمان قبووڵە پرسی پێکھاتەکانیان وروژاند، ئێمە چاوەڕێمان دەکرد بگەینە ئەنجام، بەڵام لە پڕێکا ئەم کێشانەیان دروست کرد، ئێمە دەمانویست ئەم پرسە نەچیێتە دادگا و لەنێو خۆمان بگەینە ڕێککەوتن، بەداخەوە نەکرا و چووە دادگا و سکاڵایان تۆمارکرد، لە ئەنجامی پەککەوتنی دەسەڵاتەکانی ھەرێمی کوردستان گەیشتینە ئەو دۆخەی بەغدا ھەڵبژاردنی ھەرێمی کوردستان بەڕێوە ببات، ھەموو ھەڵبژاردنێک لەسەر بنەمای یاسایەک پێکدێت، چونکە ھەڵبژاردن ھەمیشە یاسای ھەیە.
د.عەبدولسەلام بەرواری جەختی کردەوە: دادگای فیدڕاڵی بەبێ داوای یەکێتی ماددەیەکی دیکەی زیاد کرد و ئەوەی لای ئێمە یاسایە بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان دادگا بە نادەستووری زانی، چونکە لای ئێمە لە کوردستان لە دادگای تەمیز لیژنەیەکی دادوەری ھەبوو بۆ یەکلاکردنەوەی سکاڵاکان ئەوەشیان بە نادەستووری دانا، سکاڵاکان لەلایەن کوردستانەوە یەکلا کراونەتەوە کەچی ئێستا بە نادەستووری دەزانن، دادگا بە بڕیاری خۆی بازنەکانی ھەڵبژاردنی دیاری کرد و ژمارەی کورسییەکانیشی دیاری کردن، کەچی هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە ئەو بڕیارە بدات، ئێمە دەڵێین ئەم ھەموارکردنە نایاساییە و نادەستووریە بۆیە پارتی دەڵێ: ئێمە ئامادەنین بەم بارودۆخەوە بەشداربین لە ھەڵبژاردن.
ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: گلەییەکانی پارتی لە بەیاننامەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە ڕوونی دیارە، ئێمە دەڵێین گلەییمان زۆرە، وەرن گوێ لە گلەیی بگرن و چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی بەھەموومان ھەڵبژاردنێکی بێگەرد بەڕێوەببەین، پارتی ناڵێت ئێمە بایکۆتی ھەڵبژاردن دەکەین، پارتی دەڵێ، ئێمە ناچینە ھەڵبژاردن بەم کێشانەی ھەن لەبەردەم پرۆسەکەدا، ئەگەر لایەنە سیاسییەکانی عێراق بیانەوێ دەتوانن فشار لەسەر کۆمسیۆن دروست بکەن و چارەسەری کێشەکان بکەن.
د.عەبدولسەلام بەرواری دەڵێت: سەرۆک بارزانی لە کۆیە بۆیەکەمجار لە راپەڕینەوە داوای ھەڵبژاردنی کرد و فەرمووی پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت بۆ ئەوەی کوردستان لە شەرعیەتی شۆڕشگێری بگوازینەوە بۆ شەرعیەتی یاسایی، یەکێک لە سیماکانی کوردستان کە شانازی پێوە دەکەین و جیاوازە لە گشت ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەو فرە ئاینی و نەتەوەییەیە لە کوردستان هەیە و بۆتە جێگەی دەستخۆشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کەچی دادگای فیدڕاڵی بڕیاری لادانی کورسی کۆتاکانی دەرکرد، یەکێک لە کێشەکانی دیکەی ھەڵبژاردن نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری ٣٥٠ ھەزار دەنگدەرە لەوانەش ١٤٦ ھەزار دەنگدەر لە پارێزگای سلێمانی و ١٣٦ ھەزار دەنگدەری ھەولێر و نزکەی ٨٠ ھەزار دەنگدەری دھۆک کە دەکاتە نزیکەی ١٠%ی دەنگدەران، ئێمە وەک پارتی داوای چارەسەری سەرجەم کێشەکان دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد ئەنجام بدرێت.
قائید میرۆ