هەولێر-KDP.info- ڕۆژانە ھاووڵاتییانی کورد لە سنوورەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق تووشی چەندین نەھامەتی و دەرکردن و لێدان و داگیرکاری دەبنەوە. شارەزایەکی جینۆسایدیش پێی وایە، پڕۆسەکە لە سەردەمی سەددام خراپترە و عەرەبە ھاوردەکان تەنگیان بە کورد ھەڵچنیوە.
زەمان عەبدە، شارەزای جینۆساید، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "دەستێک ھەیە لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کورد لەو ناوچانە نەمێنێت، سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانیش ھەر پەیوەستە بەو پیلانەوە، ئەمەش دەچێتە چوارچێوەی تاوانی جینۆسایدەوە، چونکە برسیکردنی ھاووڵاتییان و دەرکردن و ڕاگواستنیان، واتە جینۆسایدکردن، بەتایبەتی ئەو عەرەبە شۆڤێنیانەی دەیانەوێ بەزۆری کورد دەربکرێت، سەرباری ئەوەی کە زەوی خۆیشیان نەبووە، کەچی قەرەبوو کراونەتەوە."
ئەو شارەزایەی جینۆساید گوتی: "لە سەردەمی ڕژێمی بەعس عەرەباندن و تەعریب بە شێوەیەکی پیلان بۆ داڕێژراو جێبەجێ کراوە، ئەوە لە ڕووی یاساییەوە ئاستەنگی بۆ خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دروست کردووە، لەبەر ئەوەی کاتی خۆی بەعس ئەو زەویانەی کوردی ھەمووی بە ناوی وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە کردووە، دواتر ڕژێمی بەعس بە شێوەی گرێبەست ھەموو ئەو زەوییانەی بەسەر عەرەبی ھاوردەدا دابەش کردووە."
زەمان عەبدە ڕوونی کردەوە: "پێویستە کار لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکانی سەردەمی ڕژێمی بەعسی لەناوچوو بکرێت، تا چیی تر عەرەبە ھاوردەکان نەتوانن بگەڕێنەوە بۆ سەر زەویی کورد، چونکە ئەوەی ئێستا لە کەرکووک بەڕێوە دەچێت لە سەردەمی سەددام حوسێندا دەرهەق بە ھاووڵاتییانی کورد نەکراوە."
قائید میرۆ