Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 17:18 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

مەحموود محەمەد: دەبێ كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك بەربژێری پارتی و یەكێتی بێت
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەکی لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، هەوڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە لەم چەند ڕۆژەی ئەم مانگەدا، پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان لە (1/7)، كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێك بێت و لە پەرلەمان متمانەی پێ بدرێت. مەحموود محەمەد ڕوونیشی کردەوە، کە وای بۆ دەچێت نەگاتە ئەو ئاستە و، سەبارەت بە داواكاری و مەرجی یەكێتی لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركووكیش، وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك دەبێ كاندیدی هەردوولامان بێت، واتە ئەمە وای لێ نەیەت كە یەكێتی بڵێت ئەم كاندیدە دەبێ هی من بێت و من داینێم، ئەگەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك هی یەكێتی بووایە و بۆی دابنرایە، من دڵنیام (ئەو قسەیە ڕەنگە برادەرانی یەكێتی پێیان ناخۆش بێت) بەس دڵنیاین ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوەستان بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان بكەن بە پارێزگاری كەركووك، ئێمە بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی و ئەو ڕێككەوتننامانەی كە هەمانە لەگەڵیان دەكەین". هەروەها گوتی: "لەگەڵ یەكێتی ڕێك كەوتووین هەرسێ پاكێجی بەغدا و كوردستان و كەركووك جیاواز بێت."


"ڕەنگە سەرۆكی ڕاسپێردراو تێبینیی هەبێت لەسەر ئەو كاندیدەی دیاری كراوە تا گونجاندن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئەو كارەی بۆی دەستنیشان كراوە"


لە سەرەتای وتووێژەكەدا، وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئێمە پێشتر ڕێككەوتنمان كردووە لەگەڵ لایەنەكان لەسەر بنەمای ئەو ڕێككەوتنانە كاندیدی ڕاسپێراو بۆ سەرۆكی حكوومەت، بەڕێز، كاك مەسرور بارزانی، سەردانی ئەو لایەنانە دەكات بۆ ئەوەی ناوی ئەو وەزیرانەی كە ئەوان پێیان باشە لە كابینەی نوێ ببنە وەزیر و بەشداری دەكەن، بیاندرێتێ و سیڤییەكانیش وەك دەزانرێت بۆ ئەوەیە كە دەبێت پێشكەشی پەرلەمان بكرێت، هەروەها بۆ پێداچوونەوەیە لەسەر جێبەجێكردنی ئەو ڕێككەوتنانەی كە كراوە و لە كابینەكانی پێشووشدا ئەم سەردانانە كراون."


لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ ئەو لایەنانە مافی ئەوەی هەیە كە تێبینی لەسەر كاندیدی پۆستەكانی لایەنەكانی تر هەبێت؟

مەحموود محەمەد گوتی: "هەر كەسێك كە سەرۆكایەتیی كابینەیەك وەردەگرێت، دەیەوێت سەركەوتوو بێت لە جێبەجێكردنی بەرنامەكەی وەك كارنامەی حكوومەت، كە لەگەڵ لایەنەكان ڕێك دەكەون و دەیەوێت سەركەوتن بەدەست بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستە پێویستی بەو كەسانە هەیە كە شارەزایی و توانای كارەكانیان هەبێت و دەكرێت هەر بۆ نموونە كەسێك بۆ كارێكی ئەندازیاری دانرابێت، بەڵام هیچ شارەزایی لە ئەندازیاری نەبێت، بۆیە ڕەنگە ئەو گفتوگۆیە بكرێت، بەڵام ئەو حزبانە خۆیان بەرپرسیارن لە دیاریكردنی كاندیدەكانیان، وەلێ دەبێ ئەو مافەش بە سەرۆكی كابینەی داهاتوو بدرێت كە دەیەوێت كابینەكەی كار بكات و ئەو بەرنامەیەی كە هەیەتی جێبەجێی بكات و خزمەتی خەڵكی پێ بكات، بۆیە ڕەنگە سەرۆكی ڕاسپێردراو تێبینی هەبێت لەسەر ئەو كاندیدەی دیاری كراوە تا گونجاندن و هەماهەنگی هەبێت لەگەڵ ئەو كارەی بۆی دەستنیشان كراوە."


ئایا تێبینیی كاندیدی ڕاسپێردراو لەسەر كاندیدی لایەنەكان ئیستشارییە، یا ئیلزامی؟


وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە وەڵامدا دەڵێت: "من وای بۆ دەچم بەشێك لەوانە، لەوانەیە هەندێك یاسا و ڕێنمایی هەبن لەسەر ئەوەی كە كێ دەبێتە وەزیر ئەوی تریش ڕێك وەبیرهێنانەوەیە بۆ ئەوەی كە دەبێت ئەو كابینەیە سەركەوتوو بێت و دەبێت بە هەموومان پێكەوە ئەم كارە بكەین لەم قۆناغە سەختەدا، بۆیە پێویستمان بە مرۆڤی وا هەیە كە لە ئاست ئەو بەرپرسیارێتییەدا بن."


"هەوڵی پارتی ئەوەیە پێش 1/7 كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم پێك بهێنرێت"

مەحموود محەمەد ئەوەیشی گوت: "خودی بەڕێز كاك مەسرور بارزانی 30 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی، بەڵام "ئیشكالێكی قانوونی" ئێستا هەیە ئەویش ئەوەیە، كە لە 1/7ـەوە پەرلەمان دەچێتە پشووی هاوینەیەوە، یا دەبێت لە دوای ئەو بەروارەوە پەرلەمان تەمەنی وەرزی یاسادانانی درێژ بكاتەوە، یا دەبێت كۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجام بدات، كە ئەمە هەردووكی باش نییە، بكرێت، هیچ شتێك نەماوە بكرێت ئێمە ڕێككەوتنەكانمان لەسەر پۆستی وەزارەتەكان كردووە و ماوەیەكی درێژیان لە بەردەم بووە، ئێستاش پێویستە تا كۆتاییی ئەم مانگە، واتە لە ماوەی ئەم 12 ڕۆژەدا ناوی كاندیدەكانیان یەكلایی بكەنەوە، تا پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان حكوومەت پێك بهێنرێت، لەبەر ئەوەی ئەم قۆناغە وادەخوازێت كە بە زووترین كات حكوومەت پێك بهێنرێت، چونكە زۆریش دووا كەوتووین."


ئەگەر لایەنەكان كاندیدەكانیان ئامادە نەبوو پارتی وەك لایەنی پێكهێنەری حكوومەت، حكوومەت پێك دێنێت و هاوشێوەی عێراق پۆستی وەزارەتەكان بە بەتاڵی بەجێ دەهێڵێت، یان چاوەڕوان دەكات؟


مەحموود محەمەد لە وەڵامدا گوتی: "ئەوەش ڕێگایەكە، سێ لایەنی سەرەكی كە بەشداری حكوومەتن، پارتی كێشەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی نییە، گۆڕان-یش دوێنێ كۆبوونەوەیان هەبووە لەسەر یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانیان و یەكێتیش بەم نزیكانە كۆبوونەوەی چڕوپڕیان هەبووە، هەروەها دوای سەردانەكانیش كە ڕەنگە چەند ڕۆژێكی تر بەدەستەوە بمێنێ، بۆیە لەوانەیە ئەگەر لایەنێك وەزیرێك، یا دووانی پێ ساغ نەبووبێتەوە، یا هێشتا بڕیاری نەدابێت، باشترین ڕێگا ئەوەیە كە كابینە پێك بێت و دوواتریش كە پۆستە بەتاڵەكان مانەوە، پڕ بكرێنەوە، من وای بۆ دەچم نەگاتە ئەو ئاستەش."


وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان باسی لەوەش كرد: "هەوڵی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیە لەم چەند ڕۆژەی ئەم مانگەی ماوە پێش دەستپێكردنی پشووی پەرلەمان حكوومەت پێك بێت، تا "قسە و قسەڵۆكی" لێ پەیدا نەبێت، چونكە ئەمە كارێكی سەرەكییە و دەبێت لە وەرزی یاساداناندا دەنگ بە كابینەی نوێی حكوومەت بدرێت."


"ناوی كاندیدەكانی پارتی ئامادەیە"


دەربارەی یەكلاكردنەوەی كاندیدەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند: "لای ئێمەوە هیچ كێشەیەك نییە و هەركات دەست كرا بەوەی كە ناوی كاندیدەكانمان ڕادەستی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت بكەین، ئەوا ناوی كاندیدەكانمان ئامادەیە."


گوتیشی: "دیاریكردنی كاندیدەكانمان لەسەر بنەمای توانا و شارەزایی لە پێش هەر شتێكەوەیە، ئێمە كەسی بەتوانامان زۆرە، بەڵام كاتێك كەسێك دیاری دەكەین مانای ئەوە نییە كەسی ترمان نییە، بەڵكو كەسی بەتوانامان زۆرە، بەڵام بۆ پۆستی هەر وەزارەتێك پێویستمان بە یەك كاندیدە، كە ڕەنگە لەسەر بنەمای جوگرافیاش وەك ئەوەی حزبێكی سەرتاسەری كوردستانین، ئەوەش لە بەرچاو بگرین كە كاندید لەسەر ئاستی هەموو ناوچەكانی كوردستان دیاری بكەین."


وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ڕەتی كردەوە پارتی مەرجی ئەوەی هەبووبێت كە وەزیرەكانی پێشوو كاندید بكرێنەوە و لەو ڕووەوە دەڵێت: "ئێمە هیچ كات مەرجی ئەوەمان نەبووە كە نابێت وەزیرەكانی ئەم كابینەیە كاندید بكرێنەوە، ئەگەر كەسێكیش وای گوتبێت ئەوە بۆچوونی خۆی بووە، قسەی ئێمە ئەوەیە كە دەبێت كەسی شارەزا و بەتوانا كاندید بكرێت، شارەزابوونیش بە ئەزموونكردنی ئیشەكان دەبێت، واتە كاتێك باسی تەكنۆكرات دەكەین ئەوەیە كە لە ئەنجامی چەند ساڵ كاركردن و ئەنجامی ئەوەی كە چەندین ساڵ یاسا و ڕێنماییەكانی جێبەجێ كردووە، كە لەمەدووا دەتوانێت بە "موسەیتەری" كارەكانی خۆی بكات، بۆیە خەڵكی تەكنۆكرات ڕەنگە زیاتر لەپێشەوە بن، وەك لە كەسێكی تازە كە دەیهێنی بۆ وەزارەتێك كە شەش مانگ بۆ ساڵێكی دەوێت تا یاسا و ڕێنماییەكان فێر دەبێت، بۆیە مەسەلە گۆڕینی دەموچاو نییە "چونكە خۆ ئێمە ڕقمان لە دەموچاو نییە" بەڵكو گۆڕینەكە لەسەر بنەمای لێهاتوویی و شارەزایی و دڵسۆزی و چۆنیەتیی جێبەجێكردنی كارەكانە."


"بەشێكی زۆری سیڤیی كاندیدەكانی پارتی، خانمی بەتوانان"


دەربارەی ڕەچاوكردنی ڕێژەی خانمان لە كاندیدەكانی خۆی لە پارتی دیموكراتی كوردستان، مەحموود محەمەد ڕایگەیاند: "من ئەوەندەی ئاگادارم لەو سیڤیانەی كۆ كراونەتەوە لەناو پارتی، كە داوا كرا بۆ ئەوانەی توانایان هەیە و مەرجەكانیان تێدایە، بەشێكی زۆریان لە خانمان و ئافرەتانی پارتی دیموكراتی كوردستانن، هەتا بەشێكی زۆرییش لە دەرەوەی ڕێكخستنەكانی پارتی سیڤییان هێناوە بۆ ئەوەی وەك پیاوان هەڵسەنگاندییان بۆ بكرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە بابەتی توانا و لێهاتوویی لەبەرچاو دەگیرێت و لەناو ئێمەدا وەك پارتی دیموكراتی كوردستان خانمی زۆر بەتوانا هەن، كە دەتوانن پۆستە وەزاری و ئیدارییەكان لێهاتووانە لە ئەستۆ بگرن."


وتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەیشی خستەڕوو: "بەشێك لە خەڵكی دەرەوەی ڕێكخستنەكانی پارتی، سیڤییان بۆ پۆستە وەزارییەكان پێشكەش كردووە و ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان بڕوامان وایە لە دەرەوەی پارتی و حزبەكان خەڵكی دڵسۆز و پێشكەوتنخواز هەیە، كە دەتوانێت خزمەت بكات، بەڵام وەك لایەنی حزبایەتی (تەحەزوبی نەبێت)، بۆیە بڕوامان وایە دەتوانین سوود لەوانە ببینین."


"یەكێتی ڕێككەوتنی لەگەڵ كردین كە بابەتی بەغدا و كەركووك و كوردستان سێ پاكێجی جیاوازن و ڕێگاچارەسەرییان جیاوازە"


دەربارەی مەرج و داواكاریی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەسەر یەكلاكردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركووك بۆ ئەوەی بەشداری لە حكوومەتدا بكەن، مەحموود محەمەد گوتی: "ئێمە سێ ڕێككەوتنمان لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەیە، پاشكۆی ڕێككەوتنێكیش لەبارەی كەركووكەوە دەقەكەیمان بڵاو كردەوە، هەریەكە لە بەڕێزان، كاك نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان و كاك كۆسرەت، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، واژۆیان لەسەر كردووە كە بابەتی یەكلاكردنەوە و ڕێككەوتن لەسەر پارێزگارێك دراوەتە دەست سەرۆك بارزانی و كاك كۆسرەت ڕەسووڵ، ڕێككەوتنەكەش وا كراوە لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی كابینەی نوێ ئەم پڕۆسەیەش دەست پێ دەكات، كەواتە دەسەڵاتی مەكتەبی سیاسیی پارتی و مەكتەبی سیاسیی یەكێتی دراوەتە ئەم دوو كەسە (سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ)، كە ئەوان ڕێككەوتنی لەسەر بكەن، ئێمە پەشیمان نین لەو ڕێككەوتنەی كردوومانە و ئومێد دەكەین برادەرانی یەكێتیش بە هەمان شێوە بن، هەروەها لە سەرەتای گفتوگۆكان كە ئێمە كردوومانە یەكێتی پێیان گوتین پاكێجی بەغدا، كەركووك و كوردستان هەرسێكی یەكێكە، بەڵام ئێمە پێمان گوتن هەرسێكیان لە یەكتر جیاوازن، ئەم جیاوازییەش واتای هەریەكە چارەسەری خۆی هەیە، بۆیە با وەك خۆیان مامەڵەیان لەگەڵ بكەین نەك تێكەڵاویان بكەین و بیانكەینە بەدیل و قوربانیی یەكتریش، بۆیە ئەوانیش ڕێككەوتنیان لەگەڵ ئێمە كرد هەم لەسەر ئەوەی بەغدا كە "تەقریبی" بە بابەتی سوێندخواردنی سەرۆكی هەرێم چارەسەرێكی بۆ دانراوە، دەمێنێتەوە سەر ئەوەی كەركووك كە پەیوەندی هەیە و پێشنیازیش هەیە، پێشتریش لەسەر كەسێك ڕێككەوتن كرابوو، بەڵام دیارە برادەرانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی پێی ڕازی نەبوون، ئێستاش ئەو بابەتە هەر لە ئارادایە و ئەوان دەسەڵاتیان پێ دراوە كە ئەم ئەركە لە ئەستۆ بگرن، باشتریشە هەر لە نێوان ئەم دوو كەسە (سەرۆك بارزانی و كۆسرەت ڕەسووڵ) چارەسەر بكرێت، نەك بۆچوونی ئەو هەموو ئەندامانی مەكتەب سیاسییەی پارتی و یەكێتی بێتە ئاراوە."


"ئێمە بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی و ئەو ڕێككەوتننامانەی كە هەمانە لەگەڵیان، دەكەین"

ئایا پارتی ڕەزامەندی دەنوێنێت لەگەڵ هەنگاوەكانی پێكهێنانی حكوومەت ناوی كاندیدەكەی یەكێتی بۆ پۆستی پارێزگاری كەركووك پەسەند بكات؟

مەحموود محەمەد گوتی: "با شتەكە وا لێ بكەین، كاندیدەكە (كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك)، دەبێت كاندیدی هەردوولامان بێت، واتە ئەمە وای لێ نەیەت كە یەكێتی بڵێت ئەم كاندیدە دەبێت هی من بێت و من داینێم، ئەگەر كاندیدی پۆستی پارێزگاری كەركووك هی یەكێتی بووایە و بۆی دابنرایە، من دڵنیام (ئەو قسەیە ڕەنگە برادەرانی یەكێتی پێیان ناخۆش بێت) بەس دڵنیاین ئەوەندە لەسەر ئێـمە ڕانەدەوستان بۆ ئەوەی كاندیدی خۆیان بكەن بە پارێزگاری كەركووك، بەڵام ئێستا كە دەڵێن دەبێت لەگەڵ پارتی پێكەوە داینێین، بەوە چارەسەر دەبێت و كێشەكەش تازە دەبێت بە ڕێككەوتنی هەردوولا پێكەوە بێت، ئێمە بە دڵنیاییەوە ڕەچاوی دۆخی ناوخۆی یەكێتی و هاوپەیمانێتی لەگەڵ یەكێتی و ئەو ڕێككەوتننامانەی كە هەمانە لەگەڵیان، دەكەین، بەڵام با بەو زمانە قسە بكەین كە كاندیدی پارێزگاری كەركووك، كاندیدی "تەوافوقی"ی ئێمە و یەكێتی و هەتا لایەنەكانی تر و پێكهاتەكانیش بێت، تا بتوانێت ڕۆڵی خۆی بگێڕێت و كاریگەریی هەبێت و پشتگیری بكرێت، جگە لەوەی لەم بابەتەدا ئێمە بەتەنیا نین، بەڵكو پەیوەندی بە بەغداشەوە هەیە، چونكە دەبێت فەرمانی بوون بە پارێزگاریشی لە بەغداوە بۆ دەربچێت، ئەمەش كێشەیەكە كە دەبێت زەمینەسازیی بۆ بكەین، تا بتوانین چارەسەری بكەین."


مەبەستت لەوە چییە كە دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركووك كاندیدی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بێت؟

مەحموود محەمەد لە وەڵامدا گوتی: "بۆ نموونە كاك فەرەیدوون عەبدولقادر كاندیدی هەردوولامان بوو، لەگەڵ ئەوەی ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی بوو، بەڵام كاتێك بە كاك مەسعوودیان گوت، گوتی، مرۆڤێكی نیشتمانی و تێكۆشەرە و دەتوانێت لەگەڵ بەغدا و پێكهاتەكان هەڵبكات، هەم شارەزایە و لەوێ لەدایك بووە و لەوێ گەورە بووە، هەروەها بەرپرسی هەرە زۆری ئەو ئەندام مەكتەب سیاسیانەی ئێستای ناو یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش بووە، بەڵام یەكێتی پەشیمان بووەوە لەسەر ئەوەی ڕێككەوتنمان لەسەر كرد، بۆیە مەبەستمان لە ڕێككەوتن ئەوەیە نەك "تمووحی" كادیرێك لە شوێنێكەوە كە پێی خۆش بێت ببێتە پارێزگار، كە هەموو ئەو خاڵانەی تێدا نەبێت كە پێویستە لە پارێزگارێكدا هەبێت."

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact