ئەڵمانیا-KDP.info- مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، لە دووەم رۆژی كۆنفڕانسی ئاسایشی میونشندا، دوێنێ شەممە 16/02/2019، لەگەڵ خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا كۆ بووەوە.
لە دیدارەكەدا، رەوشی ناوچەكە بە گشتی و پەیوەندیی دووقۆڵیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا تاوتوێ كرا و جەخت لە پەرەپێدان و پابەندبوون بە پەیوەندیی هاوبەشی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەڵمانیا كرایەوە.
مەسروور بارزانی، ئاماژەی بە رۆڵی ئەڵمانیا لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەڵمانیای كرد بۆ دروستكردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە و رایگەیاند، دروستكردنی ئەم نەخۆشخانەیە، رێزگرتن و پێزانینی ئەڵمانیا بەرامبەر قوربانییەكانی هێزی پێشمەرگە دەردەخات.
هەر لەو دیدارەدا گفتوگۆ لەبارەی گرینگیی توانا و شارەزایی ئەڵمانیا لە بواری بونیاتنان و راهێنان لە هەرێمی كوردستان و عێراق كرا.
لەلای خۆیەوە خاتوو ئۆرسۆلا ڤۆندێرلاین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا ئاماژەی بە گرینگیی ئاسایش و سەقامگیریی كوردستانێكی بەهێز كرد و دووپاتی كردەوە، كە لە هاوكاری و پشتیوانییەكانیان، بە تایبەتی لە مەشق و راهێنان و رێكخستنەوەی لیواكانی هێزی پێشمەرگە، بەردەوام دەبن.
تاوتوێكردنی رەوشی سووریا و پێشهات و پەرەسەندنەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.