Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 11:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

حکوومەتی هەرێم پێشوازی لە ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەربارەی پێکهاتەکان دەکات
| KDP.info


 

هەولێر-KDP.info-  دیندار زێباری دەڵێ، پێشوازی لە دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکەن دەربارەی ڕەوشی پێکهاتەکان کە هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی لەو ڕووە بەرز نرخاندووە.

 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵانە ڕاپۆرتی تایبەتی خۆی لەسەر ڕەوشی پێکهاتە ئایینییە جیاوازەکانی جیهان، لەوانەش عێراق بڵاو دەکاتەوە. لە مانگی تەمووزی ئەم ساڵیش ڕاپۆرتێکی خۆی لەو بوارەدا بڵاو کردەوە کە هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەگەڕێتەوە. لەم ڕاپۆرتەدا بە شێوەیەکی زۆر ئەرێنی باس لە ڕۆڵ و چالاکییەکانی حکوومەتی هەرێم کراوە لە هاوکاریکردنی کەمایەتییە ئایینییەکان، پارێزگاریکردن لە ئاسایشیان لە کاتی بۆنە ئایینییەکانیاندا، دروستکردنی قوتابخانەی تایبەت بە کەمایەتییەکان، دروستکردنی کڵێسا و مەزارگەی تایبەت پێیان و .... هتد. لە تەواوی ڕاپۆرتەکەدا زۆر بە وردی هەموو ئەو کارانەی حکوومەتی هەرێم بۆ کریستیانەکان، ئێزدییەکان و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکەی کردووە خراوەتە ڕوو کە ئەمە ڕۆڵێکی ئەرێنی دەبێت لەسەر پێگەی حکوومەتی هەرێم لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتیدا.

د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددی داوە بۆ پاراستنی مافی پێکهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییەکانی کوردستان و ئەم هەوڵەشی لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، وەک لە مادده‌ى (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٧ بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.

د. دیندار زێباری لە بەیاننامەکەیدا ئەوەیشی خستووەتە ڕوو کە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی 2015 یاسای ژمارە (٥)ی دەرکرد کە بە یاسای (پاراستنی پێکهاتەکان) ناسراوە بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە کوردستان، هەروەها لە ڕێکەوتی 9/7/2017 لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان دامەزراوە، سەرەڕای بوونی بەڕێوەبەرایەتیی پێکهاتەکان کە هەشت ئایین لە خۆ دەگرێت.

زێباری باسی لەوەش کرد، کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان مامەڵەیەکی یەکسان لەگەڵ پێکهاتەکان دەکات لە گشت بوارەکاندا و وەکو پێویست هاوکاریی کردوون، وەک بوارەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا و تەندروستی. ئەم لێدوانەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە وەڵامی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ساڵی 2017 لەسەر ڕەوشی  ئازادیی ئایینی لە عێراقدا کە باس لە پێشێلکارییەکان دەکات بەتایبەتی لە لایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، لە هەمان کاتیشدا ستایشی ڕۆڵی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات لە حەواندنەوە، پاراستن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە لە نێوان پێکهاتە ئایینییەکان بە گشتی لە هەرێمدا. ئەمەی خوارەوەش دەقی لێدوانەکەیە:

ماوەیەکە چەند دەزگایەکی ڕاگەیاندن و کەسایەتییەک بە ناوی کریستیانەکان لێدوان و بەیاننامەی جیاجیا دەردەکەن گوایە کریستیانەکان لە کوردستان ڕووبەڕووی جیاوازی دەبنەوە و مافەکانیان پێشێل دەکرێت، لەم بارەوە د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان  ڕایگەیاند: کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێبوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە و حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی جددیی داوە بۆ پاراستنی گشت پێکهاتەکانی کوردستان بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای ئایین، یان نەتەوە، یان ڕەگەز، سەبارەت بە دەنگۆی پێشێلکردنی مافی پێکهاتەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە شانازییەوە پێشوازی لە نزیکەی دوو ملیۆن ئاوارەی دەشتی مووسڵ کە بەشی هەرەزۆریان لە پێکهاتەی ئێزدی و کریستیان بوون و سەرەڕای نالەباریی دۆخی ئابووری و دارایی بە پێی توانا گشت پێداویستییەکانی بۆ دابین کردن، چونکە پاراستنی پێکهاتەکان لە کارە بنەڕەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

 

زێباری ئاماژەی بە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی کوردستان کرد کە بە ڕوونی مافی پێکهاتەکانی تێدا پارێزراوە و لەم بارەیەوە گوتی: لە ڕەشنووسی دەستووری هەرێمدا مافی پێکهاتەکان بە ڕوونی ڕەنگی داوەتەوە، وەک لە ماددەی (٦)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستوورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه‌، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێك هاتووه‌ له‌ كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشوورى، ئه‌رمه‌ن و هاووڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون، هەروەها لە ماددەی (٧)ی ڕەشنووسەکەدا هاتووە: ئەم دەستوورە دووپات دەکاتەوە کە ئیسلام ناسنامەی ڕاستەقینەی  زۆرینەی گەلی کوردستانە و پرەنسیپەکانی شەریعەتی ئیسلام یەکێکن لە سەرچاوە سەرەکییەکانی بڕیاردان، هەروەها بە گشتی مافی ئایینیی کریستیان و ئێزدییەکان و ئەوانی تر زامن دەکات لە ئازادی بیروباوەڕ و ئەنجامدانی چالاکییە ئایینییەکان .

سەبارەت بە بەشداریی سیاسیی پێکهاتەکان زێباری گوتی: لە ساڵی 1992 و دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان –پەرلەمان- دامەزرا کە لە (١٠٠) کورسیی سەرەکی و پێنج کورسیی (کۆتا) بۆ کریستیانەکان پێک هاتبوو، بەڵام دواتر لە سالێ 2005 ژمارەی کورسییەکانی کۆتا زیاد کرا بۆ (١١) کورسی کە پێنجیان بۆ تورکمان و پێنجیان بۆ کلدان و ئاشووری و یەک کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن تەرخان کراون، ئێستا ئەم پێکهاتانە بە پێی ئەم دابەشبوونە کورسییان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە.

د. دیندار زێباری  ئاماژەی بە ھەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ھەرێم بۆ نەھێشتنی ھیچ جۆرە ڕەگەزپەرستییەک لە نێوان پێکھاتەکانی کوردستان کرد و گوتی: بۆ ڕێزگرتن لە پەیڕەوانی ئایینەکانی تر لە ساڵی ٢٠٠٧  بە بڕیاری ژمارە (١١)ی پەرلەمانی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامیی گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەقاف و کاروباری ئایینی، ئەمەش بە ھۆی بوونی پێڕەوانی ئایینەکانی دیکە لە کوردستان  جگە لە موسڵمانان و ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی وەزارەتی ئەوقاف تەنیا تایبەت نییە بە ئایینی زۆرینەی خەڵکی کوردستان، بەڵکو پێکھاتە ئایینی و مەزھەبی و نەتەوەییەکانی دیکەشی لەبەرچاو گرتووە. پێشتر لە وەزارەت تەنیا لە سێ بەش پێک ھاتبوو کە موسڵمان، کریستیان و ئێزدی کە بەڕێوەبەرایەتی گشتییان ھەبوو، بەڵام ئێستا (٨) ئایین و ئایینزا نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و بە پاڵپشتی و هاوکاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بەبێ جیاوازی ئەرکەکانیان جێبەجێ دەکەن و پێڕەوانی ئەم ئایینانە بە ئازادی سرووتە ئایینییەکان لە پەرستگاکانی تایبەت بە خۆیان ئەنجام دەدەن و لایەنە پەیوەندیدارەکان پارێزگارییان دەکەن.

 

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر یاسای پاراستنی پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: بۆ پاراستنی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان و زامنکردنی مافەکانیان لە گشت ڕوویەکەوە پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی  ٢٠١٥ یاسای پاراستنی پێکھاتەکانی پەسەند کرد کە بە یاسای ژماری  (٥) ناسراوە و تێیدا مافی پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی (تورکمان، کلدوئاشووری، سریانی و ئەرمەن) و پێکھاتە ئایینییەکانی وەک (کریستیان، ئێزدی، سابیئەی مەندائی، کاکەیی و زەردەشتی)ییەکانی تێدا پارێزراوە، ئەم یاسایە کە گشت ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگیان بۆ دا، داوای نەھێشتنی ھەموو جۆرە بانگەوازێکی ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ دەکات کە لە لایەن کەسێک، یان کۆمەڵە کەسێکەوە دەدرێت و هانی ڕق و توندوتیژی و پەراوێزخستن دەدات لەسەر بنەمای نەتەوە، ئیتن، ئایین و زمان، هەروها بە یەکێک لە دەستکەوتە گرنگەکانی هەرێم دادەنرێت بۆ پاراستنی پێکهاتەکان لە هەرێم. لە لایەکی دیکەوە لە ڕێکەوتی 9/7/2017 وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بە بڕیاری وەزاری ژمارە (1910) بڕیاری دا بە دامەزراندنی (بەڕێوەبەرایەتیی پێکەوەژیانی ئایینەکان) کە ئەرکی سەرەکیی پاراستن و پتەوکردنی گیانی پێکەوەژیانی نێوانه پێکهاتە ئایینییەکانی هەرێمی کوردستانە.

 

د. دیندار زێباری لەبارەی گرنگیدانی حکوومەتی هەرێم بە لایەنی کەلتووری و پەروەردەییی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەکان گوتی:  پێکهاتە ئاینییەکانی کوردستان بە ئازادی یادی جەژن و بۆنەکانیان دەکەن  و یادەکانیان بە جەژنی ڕەسمی و پشوو دادەنرێت لە هەرێم، وەک جەژنی لەدایکبوونی حەزرەتی مەسیح و جەژنی چوارشەممەی سووری ئێزدییەکان و چەندین جەژن و بۆنەی دیکە، هەروها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیی ڕۆشنبیرى بۆ توركمان و سریانى لە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەیە باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌ له‌ هه‌ولێره‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى سریانی له‌ دهۆك هه‌یە، هەروەها بە دەیان قوتابخانە هەیە خوێندن تێیدا به‌ زمانى سریانییە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ کریستیانی زۆرە‌ وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه‌، شه‌قڵاوه‌، كۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌ كۆیه‌، هه‌روه‌ها له‌ ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ك حه‌مدانییه‌، به‌رتلە‌، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش، لە لایەکی دیکەوە ده‌ستەیە‌كى تایبه‌ت له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى په‌روه‌رده‌ى دهۆك سه‌رپه‌رشتیى خوێندنى ئایینى ئێزدى ده‌كات كه‌ زۆربه‌یان له‌ سنوورى شارى دهۆك و زیاتریش له‌ شارى مووسڵه.

 

زێباری هەروەها گوتی: سەبارەت بە لایەنی کەلتووریش حکوومەتی ھەرێم پاڵپشتیی دارایی ژمارەیەک ناوەندی ڕۆشنبیری، تیپی ھونەریی تورکمانی، کلدانی، ئاشووری، ئێزدی، لە لایەن وەزارەتەوە کراوە، لە ڕێگای ھاریکاریکردنیان و گرنگیدان بە دابونەریت و کەلەپووری دێرینیان، وەک دامەزراندنی بەڕێوەبەرایەتیی مۆزەخانەی سریانی و چاپکردنی سەدان کتێب بە زمانەکانی کوردی، عەرەبی، سریانی، تورکمانی.

سەبارەت بە کێشەی زەویی برا کریستیانەکان زێباری گوتی:  لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە جووتیاری بەرهەمهێن دەکات بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی چینایەتی و ئایینی و نەتەوەیی، ئەمەش لە ڕوانگەی پێشخستنی بەرهەمی کشتوکاڵ و لەم بارەیەوە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ئەرکی خۆیان هەڵساون لە وەڵامدانەوەی داخوازییەکانی برا کریستیانییەکان و چارەسەرکردنی هەرکێشەیەک ڕووبەڕوویان ببێتەوە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوانگەی ڕێزگرتن لە ئایین و نەتەوەکانی دیکەوە، بەتایبەتی برا کریستیانەکان کە لە دێرزەمانەوە لەم خاکەدا ژیاون وەک هەر هاووڵاتییەکی تر، بۆیە لیژنەیەک بۆ داواکاریی ئەم برا کریستیانانە پێک هێنرا و ئێستا لیژنەکە گەیشتووەتە دوایین قۆناغی کارەکانی و پێشنیاریان پێشکەش کردووە کە وەک حاڵەتێکی (استثناء) زەویی ئەم برا کریستیانانەی لە ناوچەکە بۆیان بگەڕێتەوە و داوا لە ئیدارەی پارێزگای دهۆک کراوە کە جێبەجێی بکات، بەڵام بە پێی ئەم پێشنیارە ژماریەک جووتیاری دیکە لە کریستیان و موسڵمانەکان زەرەرمەند دەبن لەبەر ئەوەی لە ساڵی ١٩٩٦ زەوییەکانیان وەرگرتووە و ماوەی (٢٠) ساڵە لەبەردەستیاندایە و بەکاری دەهێنن، دیارە هەر مافێک بە یاسا بدرێت و دوای ئەو ماوە زۆرە ئینجا دووبارە لێی وەربگیرێتەوە پێویستی بە کات و ڕێوشوێنی ئیداریی تایبەت هەیە، بەڵام حکوومەتی هەرێم لە هەوڵی بەردەوامدایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئەم زەوییانە.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی ڕاگەیاند، کە  حكوومه‌تی هه‌رێم لێژنه‌یه‌كی دامه‌زراندووه‌ كه ‌پێك هاتووه‌ له‌ نوێنه‌رانی وه‌زاره‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوه‌كان، كار و كاروباری كۆمه‌ڵایه‌تی، فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و نوێنه‌ری یاساناسی ئێزدییه‌كان، پێكه‌وه‌ له‌گه‌ڵ چه‌ند لایه‌نێكی تر. ئه‌ركی سه‌ره‌كیی ئه‌م لێژنه‌یه‌ كۆكردنه‌وه‌ی زۆرترین به‌ڵگه‌ و دوكیۆمنته‌ له‌سه‌ر تاوانه‌كانی داعش و تا ئێستا به‌ هه‌زاران به‌ڵگه‌ له‌سه‌ر ئه‌م تاوانه‌ كۆ كراونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین لێژنه‌ی لاوه‌كی دامه‌زراوه‌ له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی كاریگه‌ریی زۆریان هه‌بێت له‌ ناساندنی ئه‌م كه‌یسه‌ وه‌ك جینۆساید. هه‌روه‌ها چه‌ند لێژنه‌یه‌كی تری لاوه‌كی دامه‌زراون له‌ ئه‌مەریكا، فه‌ره‌نسا، ئه‌ڵمانیا، ئیتاڵیا، هۆڵه‌ندا، یه‌كێتیی ئه‌وروپا و ده‌ستیان به‌ كاره‌كانیان كردووه‌. به‌م میكانیزمه‌وه‌ حكوومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه‌ ڕێكاره‌ یاساییه‌كان بگرێته‌ به‌ر بۆ تۆماركردنی ئه‌م داواكارییه‌ و پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ دادگای باڵای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی له‌ لاهای.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا د. دیندار زێباری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی: دوای کۆنتڕۆڵکردنی شاری مووسڵ و چەند ناوچەیەکی کوردستان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە بە سەدان هەزار ئێزدی، کریستیان، کاکەیی و پێکهاتەکانی دیکە ئاوارە بوون و ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها ژمارەیەکی زۆری کوردانی ئێزدی لە لایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران، حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 25/11/2014 لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزدییە ڕفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ ڕزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكوومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا. لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکوومەتی هەرێم توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە ڕفێندراوەکان ئازاد بکرێن.

 

شایەنی باسە بە پێی دوایین ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری ئێزدییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ژمارەی ئافرەتە ڕفێنردراوەکان تا ڕێکەوتی 10/10/2018  ئاماری ڕزگارکراوەکان بەم شێوەیە بووە: بەر لە هاتنی داعش ژمارەی ئێزدییەکان لە عێراق نزیکەی (550000) پێنجسەد و پەنجا هەزار کەس بووە، لە ئەنجامی داگیرکردنی ناوچەکانیان لە لایەن داعشەوە نزیکەی ( 360000) سێسەد و شەست هەزاریان ئاوارە بوون و (1293)یان شەهید بوون، (6417) هاووڵاتیی کوردی ئێزدی ڕفێندراون، لەوانە ( 3547)یان ئافرەت و (2870)یان پیاو بوون. بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەت ژمارەی ئێزدییە ڕزگارکراوەکان (3331) بووە، لەوانە (1159) ئافرەت و (337) پیاو و (960) کچ و (875) کوڕ ڕزگار کراون، ئەوانەی تا ئێستا ڕزگار نەکراون ژمارەیان (3325) کەسە، لەوانە (1597) ئافرەت و (1728) پیاون کە لە دەست داعشدا ماون.

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact