ههولێر-KDP.info- لەگەڵ باشبوونی ڕەوشی داراییی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پلان ھەیە بۆ جێبەجێکردنی ھەموو ئەو پڕۆژانەی پێشتر لە بەرنامەی حکوومەتدا بوونە بۆ تەواوکردنیان و وەزارەتی شارەوانی ئامادەکاری بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژە ١٥٠ مەتریی شاری ھەولێر دەکات.
شەقامی ١٥٠ مەتریی ھەولێر بەر لە قەیرانی دارایی لە پلانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا بوو کە جێبەجێ بکرێت و بە ھۆی ھاتنی شەڕی داعش و قەیرانی داراییەوە دەستپێکردنی پرۆژەکە دوا کەوت، بەڵام وەک گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر ئاشکرای کرد، پلانی شارەوانی ئەوەیە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکرێت. لەوبارەیەوە ئەندازیار کرمانج دەشتەکی بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "ئێستا کار لەسەر تەواوکردنی ئەو بەشەی شەقامی ١٢٠ مەتری دەکرێت کە پێشتر کارکردن تێیدا ڕاگیرابوو، بە پێی پلانی حکوومەت لە کۆتاییی ئەمساڵ تەواوی شەقامی ١٢٠ی مەتری تەواو دەبێت و دەکرێتەوە."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "بە شێوەیەک کار دەکەین بەر لە ھاتنی ساڵی نوێ پڕۆژەی ١٢٠ مەتری کۆتایی بێت و دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری دەکرێت، کە یەکێکە لە پڕۆژە گەورە و ستراتیژییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە جێبەجێکردنی ھەولێر دەچێتە قۆناغێکی دیکەی پێشکەوتن و ڕێگا و بانەوە."
ئەندازیار کرمانج دەشتەکی ڕوونی کردەوە: "بە پێی پلانی حکوومەت سەرەتا لە قۆناغی یەکەمدا پڕۆژەی ١٥٠ مەتریی ھەولێر لە جوتسایدی بەحرکە بۆ ڕێگەی پیرمام دەست پێ دەکات، چونکە ئەو ناوچەیە ئێستا قەڵەباڵغییەکی زۆری لەسەرە و جگە لەوەی ھەردوو ڕێگەی سەرەکیی بەحرکە و پیرمام پێکەوە دەبەستێتەوە، ژمارەیەکی زۆر فەرمانگەی حکوومەت و شاری نیشتەجێبوونیش لەسەرە."
کرمانج دەشتەکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "پڕۆژەی شەقامی ١٥٠ مەتری ھاوشێوەی ١٢٠ مەتری شەقامێکی بازنەییە بە چوار لای ھەولێردا دەور دەدات و لە ڕووی کوالێتی و ئەندازەی ھاتوچۆوە بە شێوەیەکی سەردەمیانە دروست دەکرێت، کە زۆر فراوانتر و گەورەترە لە پڕۆژە ١٢٠ مەتری، بە شێوەیەک لە ھەندێ شوێنی پێویستە پێنج شەقام بە تەنیشت یەکەوە دروست دەکرێن و کاریگەریی زۆری لەسەر کەرتی ھاتوچۆ دەبێت."
قائید میرۆ