ههولێر -KDP.info- ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەنجامی ھەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری پەرلەمانی عێراقی پەسەند کرد و ھەر ئەمڕۆ دوای ڕاگەیاندنی پەسەندکردنی ئەنجامەکان، لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق کەوتوونەتە خۆئامادەکردن بۆ ڕێککەوتن و پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق.
بە پێی سەرچاوەکانی ھەواڵ، ئەمڕۆ چەند کۆبوونەوەیەک لە نێوان کوتلە براوەکاندا بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی لە بەغدا بەڕێوە دەچن و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، ھیچ کوتلەیەکی گەورەی پەرلەمانی بەبێ بەشداریی کورد و بەتایبەتی پارتی و یەکێتی سەرکەوتوو نابێت.
دکتۆر مەحموود عوسمان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ھێشتا زووە بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و تازە ئەمڕۆ دادگا ئەنجامەکانی پەسەند کردووە، چونکە ئەوانەی گەورەترین کوتلە پێک دێنن لە بەغدا پێویستیان بە کۆمەکی کورد ھەیە، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی مەرجن بۆ بەغدا تا کورد بەشداری بکات لە پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیدا."
لەبارەی ئەو دەنگویانەی باس لە ڕێککەوتنی ھەندێ لایەنی کورد و عێراقی دەکرێت بۆ پێکھێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی ئەو سیاسەتمەدارەی کورد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھیچ لایەنێک ناتوانێ پارتی و یەکێتی پەراوێز بخات و لەگەڵ لایەنەکانی دیکە بەراورد ناکرێن، بۆیە هیچ لایەنێکی کوردی بریتی پارتی و یەکێتیی نین لە بەغدا، لەبەر ئەوەش ھەر لایەنێکی بییەوێ کورد بەشدار بێت و ڕێککەوتنی لەگەڵ بکات، سەرەتا پێویستی بەوە ھەیە پارتی و یەکێتی ڕازی بن، لەبەر ئەوەی زۆرینەی کۆرسییەکانی ھەرێمی کوردستانیان بردووە و سەرکەتووی ھەڵبژاردنن."
چاودێران پێیان وایە بە ھۆی چەقبەستوویی کێشەکانی ئێستای عێراق و لێکترازانی لایەنە سیاسییەکانەوە پڕۆسەی پێکھێنانی حکوومەتی نوێی عێراق دوا دەکەوێت و چەند مانگێکی پێویستە. دکتۆر مەحموود عوسمان ڕوونی کردەوە: "پێم وایە بە ھۆی ساختەکاری لە پڕۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا پێکھێنانی حکوومەتی نوێ دوا دەکەوێت، باوەڕ ناکەم لە ئایندەیەکی نزیکدا بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی و ماوەیەکی دیکەی پێویستە."
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ لە ھەولێر پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنە سوننەکانی عێراق لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی عێراق و پێکھێنانی حکوومەتی نوێوە کۆ ببنەوە. لەو بارەیەوە دکتۆر مەحموود عوسمان دەڵێت: "بێگومان پارتی و یەکێتی پێویستیان بە ھاوکاریی شیعە و سوننەش ھەیە، چونکە بەبێ تەوافقی پێکھاتە سەرەکییەکان کێشەکان چارە ناکرێن، ھەبوونی ھاوکاری، ھەنگاوێکی ئەرێنییە بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلی کوردستان."
قائید میرۆ