ههولێر-KDP.info- لیژنەیەکی باڵا بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەکانی موساتەحە و پڕۆژە تەواو نەکراوەکانی پارێزگای ھەولێر پێک ھاتووە و گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێریش دەڵێ، حەفتەیەک مۆڵەتمان بە خاوەنپڕۆژەکان داوە سەردانی شارەوانی بکەن.
ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر پڕۆژە و باڵەخانە بە ھۆکاری جیاواز تەواو نەکراون. ئەندازیار کرمانج دەشتەکی، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ئاشکرا کرد: "لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە لیژنەیەکی باڵا پێک ھاتووە و نوێنەری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش تێیدا بەشدارە بۆ پێداچوونەوە بە پڕۆژەکاندا."
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی شارەوانیی ھەولێر دەڵێت: "زۆرن ئەو پڕۆژانەی تەواو نەکراون، بەتایبەتی ئەوانەی بە شێوەی موساتەحە دراون بە بازرگانان و نەیانتوانیوە تەواوی بکەن، بێگومان شارەوانی گرێبەستی لەگەڵ خاوەنپڕۆژەکان کردووە و دەشبێت پابەند بن بەو گرێبەستەوە."
ئەندازیار کرمانج دەشتەکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لە قۆناغی یەکەمدا لیژنەکە ماوەی حەفتەیەک مۆڵەتی داوە بە ٢٨ پڕۆژە تا سەردانی شارەوانی بکەن و دەست بە تەواوکردنی پڕۆژەکانیان بکەن، بەپێچەوانەوە ھەرکەسێک پابەند نەبێت ئەوە حکوومەت ڕێکاری یاسایی لە بەرامبەریان دەگرێتە بەر."
ئەندازیار کرمانج دەشتەکی مەبەستی حکوومەتی لەو ھۆشدارییەی دراوەتە خاوەنپڕۆژەکان ئاشکرا کرد و گوتی: "دوو مەبەستی سەرەکیمان ھەیە، یەکێک ئەوەیە تا دەرفەتی کار بڕەخسێت بۆ گەنجان و ھاووڵاتییان، مەبەستی دووەم ئەوەیە ئەو دیمەنە ناشیرینانەی ھەندێ باڵەخانە سیمای پایتەختیان شێواندووە، لە قۆناغی دووەمدا جگە لەو ٢٨ پڕۆژەیە ٥٠ پڕۆژەی دیکە ھۆشدارییان دەدەینێ پابەند بن بە تەواوکردنی پڕۆژەکان."
قائید میرۆ